گرفتە شاراوەکەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەم

گرفتە شاراوەکەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەم
گرفـتێکی شاراوە لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەم هەیە و جگە لە یەکێتی هیچ کەرس و لایەنێک تا ئێستا دەرکیان بەو گرفتە نەکردووە، جا بۆ ئەوەی ئەو گرفتە بە شاراوەیی بمێنێتەوە یەکێتی لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەم هەر رۆژە و بیانوویەک دەدۆزێتەوە، وەک ئەوەی لە کابینەکانی رابردووی حکومەتی هەرێم یەکێتی پاشکۆ و پەراوێز خراو بووبێ، رۆژێک شەراکەتی راستەقینە دەکات بە بیانوو، جار جارەش بە (٢١) کورسی بەرامبەر بە (٤٥) کورسی باس لە نیوە بە نیوەکەی رابردوو دەکات، رۆژێکیش وەرگرتنەوەى پۆستی پارێزگاری کەرکوک تێکەڵ بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەکات، وەک هەرەشەکیش بۆ دوو ئیدارەیی ناوە ناوە باس لە بوونی هێز و ناوچەی جوگرافی ژێر دەسەڵاتی خۆی و مێژووی کۆنی یەکێتی دەکات، ئیتر هەر رۆژە و بیانوویەک دەگرێ و بیانووگریش پەکی لە بیانوو ناکەوێ.
لە راستیدا ئەوانە هیچیان گرفتە قورس و گەورەکەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نین، گرفتی گەورەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەم کێشە و ململانێی ناو باڵەکانی یەکێتییە و بۆ شاردنەوەی ئەو کێشەیەش ناچار دەبن بیانوو بە پارتی بگرن.
گرفتە گەورەکەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی یەکێتی دایە و ئەو گرفتەش کاتێک سەر هەڵدەدات کە لەناو خۆیاندا باس لە دابەشکاری ئەو پۆستانە دەکرێ کە دەبنە پشکی خۆیان، ئیتر ئەوکاتە باڵەکانی ناو یەکێتی بە رووی یەکدا دەتەقنەوە و کورد گوتەنی هەر باڵە و دەبێتە دزی گای خۆی و دەیەوێ کاندیدی خۆی بسەپێنێ، ئەو خواستی سەپاندنەی ناو باڵەکانی یەکێتییە دەبێتە گرفتی بەردەم پێکهێنانی کابینەی حکومەت.
گرفتێکی تری بەردەم پێکهێنای کابینەی نوێی حکومەت ئەوەیە کە یەکێتی دەیەوێ ئەوەی لە کەرکوک بە حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیان دۆڕاندووە، ئەگەر کەمێکیشی بێ لە پەنای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و بە پشتیوانی پارتی لە بەغدای وەربگرنەوە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسیەکان ئەو راستییە بزانن کە گرفتی گەورەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێم، شەڕی پۆست و پۆستکارییە لە ناو باڵەکانی یەکێتی و راست کردنەوەی باری لاریەتی لە کەرکوک، نەک وەک ئەوەی ئەوان دەیڵێن شەڕی شەراکەتی راستەقینە و وەرگرتنی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێ، چونکە لە هەموو کابینەکانی رابردوودا ئیستحقاقی هەڵبژادنیان بە زیادەوە وەرگرتووە، جا تا لەناو خۆیاندا رێکدەکەون و کێکی پۆستەکانی ناو خۆیان دابەش دەکەن، ئەو بیانوو گرتن و شەڕ فرۆشتنەیان بە پرۆسەی دیموکراتی بەردەوام دەبێ و ئەگەر پێویست بکات وەک ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کردیان، شەڕی ناو باڵەکانی خۆیان دەگوازنەوە ناو پرۆسەی سیاسی و ئەو شەڕە بە ئامانجە نەتەوەییەکان و ئیرادە و داهاتووی کورد دەفرۆشن.
Top