سایتی PUK میدیا و جلی کوردی ئەرێ جلی کوردی لە کەرکوک قەدەغەیە؟!

سایتی PUK میدیا و جلی کوردی ئەرێ جلی کوردی لە کەرکوک قەدەغەیە؟!
سایتی PUK میدیا وەک ئەوەی کەرکوکی گێڕابێتەوە سەر کوردستان و ئاڵای کوردستانی لەژێر پێی حەشدی شەعبی دەرهێنابێ و لەسەر قەڵای هەڵکردبێتەوە، بە شانازییەوە دەڵێ: شێخ لاهور بە جلی کوردی لە کەرکوک دەسووڕێتەوە و با جەماعەتی ئەولاش بە دووربین سەیری کەرکوک بکەن.
لێرەوە بە سایتی pukدەڵێم: ئەگەر سووڕانەوە بە جلی کوردی لە کەرکوک دەستکەوت بێ، ئەوا بەر لەوەی شێخ لاهور بچێتە کەرکوکی داگیرکراو، گەنجانی کەرکوک بە جلی کوردی لە کەرکوک سووڕاونەوە، لەوەش گرنگتر لە گەرمەی هەژموونی دەسەڵاتی داعش گەنجە کەکوکیەکە بە جلی کوردییەوەە ئاڵای عێراقی لەسەر هەمەرەکەی حەشدی شەعبی هێنایە خوارێ، جگە لەوەش نەمانزانیوە بۆ قەدەغە کردنی جلی کوردی لە کەرکوک هیچ مەرسومێکی حەشدی شەعبی دەرچووبێ، تا شێخ لاهور گوێی بەو مەرسوومە نەدابێ و وەک رەتکردنەوەی ئەو مەرسوومە بە جلی کوردییەوە چووبێتە کەرکوک.
ئەوەندەی من ئاگادارم بە مەرسومی حەشدی شەعبی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک قەدەغە کراوە و بە مەرسومی راکان جبوری پارێزگاری کەرکوکیش پەیکەری جەنابی مام جەلال لەسەر قەڵا لابرا، جا ئەگەر شێخ لاهور گوێی بەو دوو مەرسومە نەدابا و ئاڵای پیرۆزی کوردستانی لە کەرکوک هەڵکردبایەوە و پەیکەری جەنابی مام جەلالیشی لە قەڵا دانابایەوە، هەق بوو puk میدیا وەک دوو دەستکەوتی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر شانازیان پێوە بکات، یان ئەگەر سووڕانەوە بە جلی کوردی دەستکەوت و مایەی شانازی پێوە کردن بێ وەک ئەوەی PUK میدیا شانازی پێوە دەکات، چۆن عەرەبێک بۆی هەیە بە چەفتە و عەگالەوە لە هەولێر و سلێمانی بسووڕیتەوە، کوردیش بۆ هەیە بە جلی کوردی لە بەغدا و نەجەفیش بسووڕێتەوە و لە سەردەمی رژێمی بەعسیش کورد بە جلی کوردی لە بەغدا سووڕاوەتەوە.
Top