ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاری گەورە و ئەرکی کورد

ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاری گەورە و ئەرکی کورد
تادێ رووداوەکان گەرم دەبن و گەرم بوونی رووداوەکانیش گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیک دەکاتەوە, بەو پێیەی عێراق بۆتە چەقی گەرم بوونی رووداوەکان, کەواتە گۆڕانکاریەکەش لە عێراقەوە دەست پێدەکات.
وەک بە رووداوەکان و پێشینەی کێشەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە دیارە, ئەو دوو وڵاتە رابەرایەتی ئەو گۆڕانکاریەی ناوچەکە دەکەن، ئەوەی ئاماژەی روونن بۆ گەرم بوونی رووداوەکان و نزیک بوونەوەى گۆڕانکاریەکە، لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و ئێران سەردانی بەغدا و هەولێریان کرد، شڵەژاوی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەوەی لێ دەخوێندرایەوە کە ئەو وڵاتە گۆڕانکاریەکە بە زیانی ئەو تەواو دەبێت، لێرەدا دەپرسین: ئەو گۆڕانکاریە چ ئەرکێک دەخاتە سەر شانی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان چ ئامادەکاریەکایان بۆ ئەو قۆناغە نوێیە و گۆڕانکاریە چاوەڕوان کراوەکە کردووە؟
یەکێک لە رووداوە گرنگەکان دەرچوونی ئەمەریکایە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و گەمارۆدانی ئەو وڵاتەیە، جیۆپۆلەتیکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هەم بۆ سەرکەوتنی پلانەکەی ئەمەریکا گرنگن و هەمیش باری سەر شانی ئێران لەو گەمارۆیە سووک دەکەن, ئەو گرنگیەش وا دەکات عێراق بە گشتی و هێڵی هیلالی شیعە بە تایبەتی ببنە ناوچەی گەرمی بەریەککەوتنەکەی ئەمەریکا و ئێران.
یەکەم ئەرکی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەوەیە ناوماڵی کورد رێکبخەن و بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی و ئامانجی نەتەوەییەوە بچنە ناو رووداوەکان، ئەرکی دووەمیش ئەوەیە جۆرێک لە هاوسەنگی بپارێزن و بە تایبەتیش حزبە باڵادەستەکانی ناوچەی سەوز هەڵوەستەیەک بکەن و لەگەڵ ئێران بە پەیوەندیەکانیاندا بچنەوە و کارێکی وا نەکەن لەگەڵ ئێرانی دوژمن بە کورد و داگیرکاری پارچەیەکی کوردستان بچنە گۆڕەوە, چونکە ئەگەر وا نەکەن و لەسەر ئەو خۆ ساخکردنەوەیان بۆ ئێران بەردەوام بن، ئەوا سلێمانی و هەڵەبجە و ناوچەی گەرمیان دەبنە ناوچەی گەرمی بەریەککەوتنی ئەمەریکا و ئێران, بەوەش کورد لەو گۆڕانکاریە جگە لە کاولکاری و خەسارەیەکی بەرچاو هیچی تری دەست ناکەوێ، بە پێچەوانەوە و ئەگەر ئەرکی یەکەم و دووەم جێبەجێ بکرێ، گومان لەوەدا نییە کە هەم لە زیانەکانی بەریەککەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و ئێران کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی پارێزراو دەبێ و هەمیش بە ئەنجام و ئامانجی ریفراندۆم شاد دەبن کە سەربەخۆیی کوردستانە بە گەڕانەوەی کەرکوکیشەوە.
Top