تێگەیشتوون.. بەڵام

تێگەیشتوون.. بەڵام
هەموو ئەو کەس و دەستە و گرووپانەی لە ئیرەیی بردنەوە یان بە فیت و رێنمایی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بەناوی ئازادی بیروڕا و بوونی دیموکراتی، کەوتنە دژایەتی کردنی سەرۆک بارزانی و ئەو دژایەتی کردنەش خستنیە سەنگەری دژایەتی کردنی مێژوو و ئێستا و داهاتووی کورد, ئێستا تێگەیشتوون کە لەو دژایەتی کردنەدا وێرای ئەوەی شکستیان خواردووە و بەرامبەر سەرۆک بارزانی دۆڕاون، لە خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیشەوە گلاون، بەڵام پەندیان وەرنەگرتووە و دوای ئەو زنجیرە شکست و خیانەتانەش هەر بەردەوامن و تەمبێ نابن.
بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی داگیرکارانی کوردستان هیچ نەما نەیکەن و لە دژایەتی کردنی سەرۆک بارزانیدا لە هیچ خەتا و خراپەکارییەک نەدەپرینگانەوە، بە فیت و پیلانی ئەوان و بۆ کێشە و قەیران درووست کردن مووچەی فەرمانبەران و بودجەی حکومەتی هەرێم بڕا، لە بەغدا جاسووسیان بەسەر حکومەتی هەرێمەوە دەکرد و کودەتایان بەسەر وەزیر و پۆستەکانی پارتیدا دەکرد و لە کارەکانیان دووریان دەخستنەوە و لە شوێنیان عەرەبی شۆڤێنی دادەنران، پێشمەرگەیان بە میلیشیا و ئەنفالچی و سێڵڤچی ناودەبرد و لە بەرامبەردا میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان بە یاسایی دەکرد و مەدالیای هێزی نیشتیمانیان پێ دەبەخشین، ئارامی و خۆشگوزرانی کەرکوکیەکانیان لە ١٦ی ئۆکتۆبەر و ژێر پێ خستنی ئاڵای کوردستاندا دەبینی و شانازیان بە گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ باوەشی عێراقی عرووبە دەکرد، گێچەڵیان بۆ سەربەخۆحوازان ساز دەکرد و شەڕیان بە حکومەتی هەرێم دەفرۆشت، بۆ دامەزراندنی حکومەتی ئینقاز لە بەغدا کۆبوونەوەی (٤+١)یان ئەنجام دەدا, دوا کاریان کە لە هەموو کارەکانیان مەترسیدار تر بوو، خواستەکانی کورد و بەری رەنجی خوێنی شەهیدان و شەونخوونی شۆڕشگێڕان و بەرگریەکانی پێشمەرگەیان لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانیدا چڕ کردبوونەوە.
ئەو کەس و دەستە و گرووپانە هیچ نەما نەیکەن و لە شکست و ریسوایی زیاتر هیچیان دەست نەکەوت, هیچ داگیرکار و دوژمنێکی کورد نەما دەستی لەگەڵ تێکەڵ نەکەن و لە شکست و ریسوایی زیاتر هیچیان دەست نەکەوت, ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە ئاوڕێک لە مێژوو بدەنەوە و بیرێک لە داهاتوو بکەنەوە؟!
ئەگەر تێنەگەیشتوون پێویستە تێبگەن، ئەگەریش تێگەیشتوون پێویستە بگەڕێنەوە و چیتر دژایەتی سەرۆک بارزانی نەکەن و خۆتان نەخەنە ژێر غەزەبی ئەو دێڕە شیعرەی کە بۆ داگیرکارانی کوردستان و کەس و دەستە و گرووپی وەک ئێوە گوتراوە.
هەڵدێراون لەو کێوانە
بوونەتە پەندی زەمانە
Top