یەکێتی و پەکەکە لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

یەکێتی و پەکەکە لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا
یەکێتی بۆ موزایەدە کردن بەسەر پارتیدا سەردەمانێک لەم شار و ئەو شاری باشووری کوردستان مانۆڕی سیاسی و سەربازی بە پەکەکە دەکرد، دژی پارتی خۆ پیشاندانی بۆ دۆست و لایەنگرانی پەکەکە رێکدەخست و بۆ شەڕی تورکیا بەرەو عەفرین بەڕێی دەکردن، ئێستاش بۆ رەزامەندی تورکیا بارەگایان دادەخا و دوای سەردانەکەی بەرهەم ساڵح و دانانی تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی ئەتاتورک تەڤگەری ئازادی سەر بە پەکەکە بە کۆمەڵ زیندانی دەکات.
لە بانگەشەی خولی پێشووی هەڵبژاندنی پەرلەمانی تورکیا بە ناوی هاوکاری و یارمەتیدانی (هەدەپە)، بەرپرس و پەرلەمانتارانی یەکێتی دەچوونە تورکیا و دەیانگوت: هاتووین تورکیا فێری دیموکراتی بکەین، دوای ئەوەی نەیانتوانی تورکیا وەک سلێمانی بە دیموکراتی بکەن، ناچار بەرهەم ساڵحیان ناردە تورکیا بۆ ئەوەی فێریان بکات سلێمانی وەک تورکیا بە دیکتاتۆری بکەن و چۆن هەڵکوتنە سەر (پەکەکە)و زیندانیان بکەن، ئێستا ئەوان سلێمانیان بۆ پەکەکە کردۆتە تورکیا و پۆل پۆل دۆست و لایەنگرانی (پەکەکە)ی تێدا زیندانی دەکەن.
دەکرێ گلەیی لە یەکێتی نەکەین، چونکە ئەوان حزبێکی فرە مینبەرن و بە پێی یاسای فرەمینبەریەکەشیان رەوایە لە پاراستنی بەرژەوەندی حزبەکەیانەوە پێناسە بۆ دیموکراتی و ئازادی بیروڕا دبکەن، هەر ئەو بەرژەوەند پارێزیەش وایکرد لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کەرکوک بکەنە خۆراکی بەرژەوەندی حزبەکەیان، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و پرسیاریشە نووسەر و رۆژنامەنووسە بێلایەنەکانی وەک ئەحمەد میرە و رێبین هەردی و هاوچەقاوەسوەکانیان, ورتەیان لێوە نایا و لێفەی بێدەنگیان بەسەر خۆیان هەڵکێشاوە.
Top