تاجە گوڵینە و گۆڕی سەربازی ون

تاجە گوڵینە و گۆڕی سەربازی ون
بەرهەم ساڵح لە دەستپێکی چالاکیەکانی وەک سەرۆک کۆمار و بەکار هینانی دەسەڵاتەکانی ئەو پۆستە، دوو تاجە گوڵینەی لەسەر دوو گۆڕ دانا, تاجە گوڵینەی یەکەم لەسەر گۆڕی ئەتاتورک و تاجە گوڵینەی دووەمیش لەسەر گۆڕی سەربازی ونی سوپا شووم و ئەنفالچی و کیمیا وەشێنەکەی سوپای عێراق بوو, بەو بۆنەیەوە چەند پرسیارێک ئاراستەی دکتۆر بەرهەمی سەرۆک کۆماری عێراقی داگیرکاری کوردستان دەکەم.
ئەرێ ئەو سەربازە ونەی تاجە گوڵینەت لەسەر گۆڕەکەی دانا, لەکام پەلاماری سەر کوردستان کوژراوە؟
ئەرێ ئەو سەربازە ونەی تاجە گوڵینەت لەسەر گۆڕەکەی دانا، بەدەستی کام پێشمەرگە و بەرگریکاری کوردستان کوژراوە؟
ئەرێ ئەو سەربازە ونەی تاجە گوڵینەت لەسەر گۆڕەکەی دانا، چەند کوڕ و کچی کوردی زیندەبەچاڵ کردووە؟
ئەرێ لە سەد و هەشتا و دوو هەزار ئەنفال و پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە و هەشت هەزار بارزانی تاکە گوڵێکت لەسەر گۆڕی کامیان دانا؟ دەبڕۆ تاکە گوڵێ لەسەر نوگرە سەلمان دانێ و باخێکی گوڵیش لە بیابانەکانی عەرعەر بچێنە و با چیتر لە چاوەڕوانیدا نەبن، خۆ ئەگەر پێتوابێ ئێمەی کورد گۆڕێکی ونی شایان بە تاجە گوڵینەمان نییە، فەرموو تۆ و گۆڕی سەربازی ونی مامۆستا (عەبدوڵا پەشێو)ی شاعیر.
گۆڕی سەربازی ون
کە وەفدێ دەچێتە شوێنی
بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون
تاجە گوڵینەیەک دێنێ
ئەگەر سبەی
وەفدێک بێتە وڵاتی من
لێم بپرسێ:
کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟
دەڵێم:
گەورەم!
لە کەناری هەر جۆگەیێ
لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ
لەبەر دەرگای هەر ماڵێ
هەر کڵێسەیێ
هەر ئەشکەوتێ
لەسەر گابەردی هەر شاخێ
لەسەر درەختی هەر باخێ
لەم وڵاتە:
لەسەر هەر بستە زەمینێ
لە ژێر هەر گەزە ئاسمانێ
مەترسە کەمێک سەر داخەو
تاجە گوڵینەکەت دانێ
Top