رەخنە لە ئەمەریکا مەگرن و خۆتان سەرزەنشت بکەن

رەخنە لە ئەمەریکا مەگرن و خۆتان سەرزەنشت بکەن
دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا زۆر کەس و لایەن و بە تایبەتیش ئەوانەی یەک دیوی سیاسەت دەبینن، کەوتوونە رەخنە گرتن و باس لە بێوەفایی ئەمەریکا دەکەن، ئاخر کەی لە سیاسەتدا وەفا هەیە؟! بە تایبەتیش سیاسەت لە نێوان دوو وڵات یان دوو لایەنی خاوەن بەرژەوەندی جیاواز، ئەوانە دەبێ تێبگەن کە سیاسەت رۆژانە لە ژێر کاریگەری بەدەستهێنانی دەستکەوت و گەڕان بە دوای بەرژەوەندیەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
رەخنە لە ئەمەریکا دەگرن و دەڵێن: ئەمەریکا بێوەفایە کە لە سوریا دەکشێتەوە، ئەمەریکا راوچی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی، دوو وڵات یان دوو لایەن تا ئەو شوێنە دۆست و هاوپەیمان دەبن کە بەرژەوەندیەکانیان هاوئاراستەن، هەر کاتێک بەرژەوەندیەکان ئاراستەی جیاوازیان وەرگرت ئەو دۆستایەتی و هاوپەیمانی نامێنێ و زۆر جاران دۆستایەتیەکە دەبێتە دوژمنایەتیش.
ئێمەی کورد رەخنە لە ئەمەریکا دەگرین گوایە دۆست و هاوپەیمانێکی درۆزن بوو، ئەی بۆ سەرزەنشتی خۆمان نەکەین کە وەک کورد لە باشوو و باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا هاوچارەنووسین، کەچی لە پێناو بەرژەوەندی کەسی یان حزبی پشت لە یەکتری دەکەین و پاڵ بە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دەدەین.
لە رۆژئاوا ئەو گرووپی کوردی دژایەتی ئەو گرووپی کوردی دەکا و لەگەڵ رژێمە داگیرکارەکەی بەعسیش دەچێتە جێژوانی هاوپەمانێتی، لە باشووریش گرووپی کوردی هەیە دژی خواست و ئیرادەی سەربەخۆخوازان دەوەستێتەوە، دەبێتە چاوساغی دوژمنان و موزایەدەش بەسەر پارێزەرانی وڵاتدا دەکات، شیوەن بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگێڕێ و کوردستانیان بە تاوانبار و پیلانگێڕ ناو دەبات، هەر ئەوانەش رەخنە لە ئەمەریکا دەگرن و بە بێوەفا ناوی دەبەن، ئێ.. کە تۆ وەفات بۆ خاک و گەل و مێژووی پڕ کارەساتی خۆت نەبێ، چۆن و بە چ هەقێک گلەیی لەم وڵات و ئەو وڵات دەکەی و بە بێوەفا ناویان دەبەی؟
Top