كابینەكەی سەرۆك وەزیران و دەرفەتێكی دیكە بۆ ئەزموونی شیعە

كابینەكەی سەرۆك وەزیران و دەرفەتێكی دیكە بۆ ئەزموونی شیعە

ساڵی (2018) عێراق دوو پرۆسەی هەڵبژاردنی بەخۆیەوە بینی، یەكێكیان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق و ئەوەی دیكەیان هی پەرلەمانی كوردستان، كە هەر یەكەیان لە كەشوهەوایەكی سیاسی ئەنجام دران، كە بارگاوی بوون بە هەلومەرج و هاوكێشەی سیاسیی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی جۆراوجۆر.
ئەم هەلومەرجە بۆ زۆر حزبی كوردی هۆكاری سەركەوتن و بۆ هەندێكیشی هۆكاری شكست و چوونەڤە پاش بوو، بەتایبەت بۆ ئەوانەی بوێرانە و نەتەوەییانە رووبەڕووی چەك و هێز وداگیركاری بوونەوە، بووە هۆی بەرزبوونی كێرڤی دەنگ و هێنانی كورسیی زیاتر، بۆ ئەوانەشی كە هۆكار و هاوكاری هێرشكردن و هێنانی دەبابەو هێزی حەشدی شەعبی و هێزی ئیقلیمی بوون بۆ سەر خاكی كوردستان و هۆكاری رادەستكردنی كەركوك بوون بەرامبەر بە چەند فلسێك، یان بۆ ئەوانەی رێگای بەغدایان دەكوتایەوە، بۆ خراپكردنی سومعەی هەرێم و لەناوبردنی كیانی هەرێم لە پێناو پۆستی سەرۆك كۆماری، بووە هۆی پاشڤەچوون و كەمكردنی دەنگ و كورسی.
هاووڵاتی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر شكاندنی ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە خۆڕاگرەكان و لە بەرامبەر سەركەوتوویی پرۆسەی پیرۆزی گشتپرسیی سەربەخۆیی كوردستان لە (25)ی ئەیلوولی (2017) بە پێداگریی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و لە هەمبەر ئەو لووتشكاندنەی حەشدی شەعبی و سوپای حەیدر عەبادی لە داستانەكانی پردێ و سحێلا و مەحمودیە لەسەردەستی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەنگی بەو هێزە دا كە سەروماڵ و گیان و كیانی هەرێمی كوردستانی لە لەنێوچوون پاراست. هەر بۆیەش پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزێكی نەتەوەیی و بەرگریكاری بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان بە هۆی ئەو هەڵویستە نەگۆڕ و بوێرانەی لە پێناو پاراستنی كیانی هەرێمی كوردستان نواندی و بە هۆی ئەو مسداقییەتەی كە مێژووی پارتی بۆ خەڵكی دەستەبەر كردووە، توانی لە هەردوو هەڵبژاردن ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم كە ئەمە رەنگە بۆ زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی كە بە چەك هێرشی سەر كوردستانیان كرد و، ئەوانەشی كە یارمەتیدەری ئەو هێرشكردنە بوون و بگرە بۆ ئەوانەشی كە رێگای بەغدایان دەكوتایەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە پێش چاوی زۆربەی هەرە زۆری لایەنە سیاسییە عێراقییەكان شیرین بكەن و دەیانەویست كیانی هەرێمی كوردستان بخەنە مەترسییەوە، چاوەڕواننەكراو بوو، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پشتئەستور بە هەڵۆیستە نەگۆڕ و نەتەوەییەكانی و پاڵپشت بە دەنگی دەنگدەرەكانی توانی ببێتە هێزی یەكەم.
ئەزموونی رابردووی سیاسەتی نادروستی هەندێك لایەنی عێراقی و كوردستانی چ لە بەغدا و چ لە كوردستان ئەو دڵنیاییەی بە پارتی دا كە دووربینی و روئیای ئەمجارەی پارتی دەبێت جیاواز بێت لە ساڵەكانی رابردوو، دەبێت ئەزموونی رابردوو كە برابەشێنەی فیفتی بە فیفتی و هەندێك جاریش زیاتر لە ئیستیحقاقی خۆیان، نەبێتە عورفی سیاسی بۆ حوكمكردن، چ لە عێراق چ لە كوردستان و نابێت چیتر لایەنی دی بە هۆی دەنگی دەنگدەری پارتی و بە بێ ئیستیحقاقی خۆی ببێـتە خاوەن پۆستی باڵا چ لە بەغدا و چ لە كوردستان، هەروەك چۆن لە چوار ساڵی رابردوو بینیمان كە ئەو لایەنانەی زیاتر لە پشكی خۆیان لەسەر حیسابی پارتی برد، چۆن بوونە هۆكاری نائارامی و تێكدەری تەوافوقات و بوونە داردەستی نەیاران بۆ سڕینەوەی كیانی هەرێمی كوردستان و رادەستكردنی كەركووك و هێنانی حەشدی شەعبی و سوپای ئیقلیمی و شەهیدكردنی پێشمەرگەو ئاوارەكردنی خەڵك و بڕینی بەشە بوجەی هەرێم و كەمكردنی رێژەی (17%)ی بوجەی هەرێم لە بوجەی عێراق.
سەركەوتووبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم دوو هەڵبژاردنە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی جارێكی دیكە ئەوەی پێشان دا، ئەم پارتە، كە زادەی خەبات و بەرخودان و پرنسیپی نەگۆڕی نەتەوەیی و سەركێشی گشتپرسیی سەربەخۆیی كوردستانە، یاریكەرێكی سەرەكییە لە هاوكێشە سیاسییەكان، چ لەسەر ئاستی نێوخۆیی، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی. ئەمەش لە دواسەردانی بەڕێز سەرۆك بارزانی دەركەوت كە چۆن وەك سەركردەیەكی بەهێز و بەسەنگ لە بەغدا پێشوازی لێكرا.
خۆشبەختانە دوای چوار ساڵی سەخت و تەژی لە تەنگژەی سیاسی لە بەغدا، كە رووبەڕووی كورد و بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران بوویەوە لە خولی سێیەم، ئەم جارەو دوای هەڵبژاردنی (12)ی مایسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەدەستهێنانی ژمارەیەكی بەرچاوی كورسیی پەرلەمانی توانی تا راددەیەك ئیستیحقاقی راستەقینەی خۆی لە پەرلەمان بچەسپێنێت و پۆستەكانی خۆی نەبەخشییە لایەنەكانی دیكە، كە ئەمە بووە هۆی ئەوەی ئەو پێگەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان و كورد لە چوار ساڵی رابردوو بە شێوەیەك لە شێوەكان لاواز بوبوو، بە هۆی دانی پۆستی جێگری دووەمی پەرلەمان بە جەماعەتی گۆڕان، جارێكی دی بەدەستی بخاتەوە بۆ ئەوەی كوردانە و لە پێناو هەرێمی كوردستان و بۆ گەلی كوردستان سوود لەم پۆستە ببینێت، نەك، وەك بزووتنەوەی گۆڕان بیخاتە خزمەت حزبەكەی خۆی.
جگە لەوەی كە لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی عێراقیش، پارتی و بە پێی ئیستیحقاقی ئینتیخابی دوو وەزارەتی گرنك و پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانیشی بە دەست خستەوە، سەرەڕای ئەو دژایەتییەی كە هەندێك لایەن كردیان بۆ بەدەستنەخستنی ئەو پۆستانە بۆ پارتی.
ئەم جارە پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەنگ و پێگەیەكی بەهێزتر لە بەغدایەو ئەمەش جگە لەوەی گەرەنتییە بۆ بەهێزیی هەرێمی كوردستان، زەمانێكی بەهێزیشە بۆ حكومەتەكەی سەرۆك وەزیرانی نوێ، هەروەك چۆن سەرۆك بارزانی لەكاتی راسپاردنی بەڕێز(عەبدولمەهدی) پشتگیری و پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو و حكومەتەكەی دەربڕی. ئەم هەڵوێستەی جەنابی سەرۆك لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی پێشوازی گەرمی لێكرا، چونكە هەموو لایەك دەزانن كە ئەم پاڵپشتییەی سەرۆك بارزانی هێزی مانەوە دەبەخشێتە داهاتووی حكومەتەكەی سەرۆك وەزیران، كە ئەم مانەوەیەش هێندەی بۆ ئەزموونی شیعە گرنگە، هێندە بۆ مانەوەی كەسێك، یان حزبێك گرنك نییە، چونكە (عادل عەبدولمەهدی) دوادەرفەتی ئەزموونی شیعییە.
كەسایەتییەكی نوێ و حكومەتێكی نوێ و ئەزموونێكی نوێ، ئێستا لە بەغدا بوونی هەیە، كەسایەتیی بەڕێز (عادل عەبدولمەهەدی) و نەرمییەكەی و شارەزایی و خاوەن بڕیاربوون و ئاشنابوونی ئەو بە مێژووی كورد و سەنگ و پێگەی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەمان پێ دەڵێت كە ئەو سەرۆك وەزیرە نایەوێت هەڵەكانی حكومەت و سەرۆك وەزیرانەكانی پێش خۆی دووبارە بكاتەوە، سەرەڕای ئەو فشارە زۆرەی هەم لە نێوماڵی شیعی و هەم ئیقلیمی لەسەریەتی، چونكە لەو ماوەیەی رابردوو تا راددەیەك نییەتپاكیی ئەومان بۆ دەركەوتووە كە دەیەوێت كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم چارەسەر بكات، هەر بەو ئاراستەیەش بڕیاری بوێریشی داوە كە هەندێكی هەڵوەشانەوەی بڕیارە نادەستووری و نایاساییەكانی سەرۆك وەزیرانی پێشوو (حەیدر عەبادی) بووە. سەڕەرای ئەوەی كە هێشتا ماون ئەو پرسە هەڵواسراوانەی كە پێویستە بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بكرێن و جێبەجێكردنیان دەبێتە هۆی باشتر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی بەغداو هەولێر و بەهێزتركردنی هەردوولا و سەقامگیرتركردنی عێراق بەگشتی.
مخابن ئەزموونی تاڵی رابردوو و عەقڵییەتی بەڕێوەبردنی بەغدا، وای پێگوتین كە ناكرێت تاسەر دڵمان خۆش بكەین و هەمیشە دەبێت، خۆمان بۆ پێشهاتی لەناكاو ئامادە بكەین، هیوادارین ئەمجارە جارێكی تر بەو ئەزمونە تاڵانە تێپەڕنەبینەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەركردنە، تەواونەكردنی كابینەی بەڕێز (عادل عەبدولمەهدی)یە بە هۆی ئەو ململانێیەی لە نێو ماڵی شیعە هەیە، بۆ دەستنیشانكردنی بەربژێرەكانی ئەو پۆستە وەزارییانەی كە ماون. بەتایبەت بۆ هەر دوو پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و تەواونەكردنی نیسابی یاسایی لە نێو پەرلەمان و دەنگنەدان بە تەكمیلەكردنی كابینەكە، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا زەنگێكی مەترسیدارە بۆ داهاتووی حكومەتی بەڕێز عەبدولمەهدی.
هەرچەند كە خودی سەرۆك وەزیران پێشتریش هێندە تامەزرۆی وەرگرتنی ئەو پۆستە نەبووە و هەر لە سەرەتاوە رەتی كردەوە كە ئەم ئەركە بگرێتە ئەستۆ و ئێستاش ئەگەر لە پێناو عێراق نەبێت، ترسی لەوە نییە كە كابینەكەی تەكمیلە نەكرێت، یان بە پێی دەستوور فەشەل بە حكومەتەكەی بهێندرێت، بەڵام بۆ ئێستای عێراق كەسێكی وەك ئەو، پێویستییەكە، بۆ ئەوەی فاكتەری چارەسەركردنی كێشەكان و سەقامگیركردنی عێراق و دوورخستنەوەی هەژموونی ئیقلیمی بێت لە عێراق، هەروەك چۆن ئەمریكاش هەر ئەوەی مەبەستە. بۆیە سەرۆك وەزیران ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر لە ژێرفشاردایە بۆ یەكلاكردنەوەی داهاتووی عێراق، بۆ ئەوەی جارێكی دی متمانە بۆ حوكمی شیعە بگێڕێتەوە، كە لەو ماوەیەی رابردوو نەیتوانی ئەدای دروستی حوكمڕانی بگێرێت.
هەروەك دەزانرێت چەند هەفتەیەك بەسەر ئەو دانیشتە تێپەڕدەبێت كە پێویست بوو بۆ تەواوكردنی كابینەی حكومەت، سەڕەرای ناردنی ناوەكان بۆ پەرلەمان، بەڵام هێشتا لایەنەكان نەگەیشتوونەتە سازش بۆ دیاركردنی بەربژێرەكان، كە ئەمەش پێویستییەكە، بۆ ئەوەی حكومەتی بەڕێز (عادل عەبدولمەهدی) بكەوێتە سەر سكەی خۆی، دەبێت كابینەكەی تەكمیلە بكرێت. بۆ ئەوەشی كە دەوڵەتی عێراق بە هەر سێ دەسەڵاتەكەیەوە دەربچێت لەو گێژاوەو ناسەقامگیرییەی كە هەیە، پێویستی بە بڕیاری نێوخۆیی و بوێر هەیە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان، چ ئەوانەی كە تایبەتن بە باشوور و ناوەڕاست، چ ئەوانەی تایبەتن بە بەغدا و هەرێم، ئەمە جگە لەوەی كە داهاتووی حوكمی شیعە بە هۆی ئەزموونی لەرزۆك و ناتەندروستی رابردوویان و حوكمڕانیی هەڵەیان لەهەمبەر لەناوچوونە، بۆیە تەنیا كارتێك كە بە دەستیانەوە مابێت، پشتگیریكردنی حكومەتەكەی سەرۆك وەزیرانی نوێیە، چونكە عەقڵییەتی بەڕێوەبردنی بەغدا لەو ماوەیەی رابردوو و گوێنەدان بە توافوق و شەراكەت و تەوازن و حوكمی زۆرینەی شیعی فاكتەری سەرەكی بوون كە هەموو پێكهاتەكان رووبەڕووی ئەزموونی تاڵ ببنەوە، هەر بۆیش هەموو لایەك دەبێت میزاجی كەسی بۆ بەڕێوەبردن و داهاتووی عێراق بەلاوە بنێن و بە پێی دەستوور چارەسەری كێشەكان بكەن، چونكە جێبەجێكردنی دەستوور واتە كۆتاییهێنان بە زۆربەی هەرە زۆری ئەو پرسانەی كە لە تەواوی عێراق هەن.

Top