با هەموومان کورد بین و کوردایەتی بکەین

با هەموومان کورد بین و کوردایەتی بکەین
عەرەب بە شیعە و سوننەیەوە کوردبوون بە تاوان دەزانێ و لە خاڵی زەوتکردنی ماف و ئازادیەکانی دەچنەوە سەر ئیمامی شۆڤێنیزمی عەرەبی, هەر کاتێک بەقەد کونی دەرزی دەرفەتیان بۆ هەڵکەوتبێ لە دادگای عرووبەدا دادگاییان کردووین و بە فتوای ئیمامی شۆڤێنیوم سزای مەرگیان بەسەردا سەپانووین، مێژووش پڕیەتی لەو بەڵگانەی کە شیعە و سوننەی عەرەب لە هەر بەرگێک و بە هەر ناوێک دەسەڵاتیان هەبووبێ، لە بەرامبەر خواست و داواکاریە رەواکانی کورد بۆ سیاسەتی فراوانخوازی و رق و کینەی عەرەبچێتی گەڕاونەوە، ئەوەش وایکردووە کورد لە هەر بەرگ و بە هەر ناوێک داوای ماف و ژیانی کردبێ، وەک تاوان لە داواکانی روانراوە و وەک تاوانباریش وەڵامی داواکاریەکانی دراوەتەوە، جا ئەگەر بە درێژایی مێژوو عەرەب بەو چاوە لە ماف و ژیان و داواکاری کوردی روانیبێ، ئەی بۆچی کوردایەتی نەکەین و کوردانە هەنگاو نەنێین؟
لە هەر تاکێکی کورد بپرسی بێ دوودڵێ دەڵێ: با کوردایەتی بکەین و کوردانەش هەنگاو بنێین، بەڵام کاتێ دێینە سەر باسی کوردایەتی و هەنگاوی کوردانە، بەرژەوەندی حزبی و رای کەسی زاڵ دەبێ و هەر یەکەو لە سووچی بەرژەوەندی خۆیەوە پێناسەی کوردایەتی دەکات، لیرەوە پێناسەی جۆراوجۆر لەسەر کوردایەتی درووست دەبن و هەنگاوەکانیش ئاراستەی پێچەوانە و دژ بەیەک وەردەگرن.
دەبێ هەموومان لەوە بە ئاگا بین کە دەسەڵاتدارانی عەرەب شیعە یان سوننە کاتێ لەم حزبی کوردی نزیک دەبنەوە و لەویتر دوور دەکەونەوە، دووبارە کردنەوەی ئەو گەمە موخابەراتیە ترسناکەیە کە ئامانج لێی لێکترازاندنی ریزی کوردایەتی و بەربەست درووست کردنە لەبەردەم هەنگاوی کوردانە, ئەگەر نا کورد هەر بیروبۆچوونێکی سیاسی هەبێ و هەڵگری هەر فکرە و ئایدیایەک بێ، لای عەرەب هەر بە کورد ئەژمار دەکرێ و کوشتن و بە تاڵان بردنی سەروەت و داگیرکردنی خاکەکەی حەڵاڵە، بۆیە نابێ هیچ حزب و لایەنێکی کوردی کارنامەی سیاسی و گەیشتن بە ئاواتەکانی لەسەر ئەو بنەمایە هەڵچنێ کە بەغدا دۆستی فڵان حزب و دوژمنی فیسار حزبە, چونکە دیکتاتۆر و شۆڤێنیەکان لە هەموو دونیادا بۆ گەیشتن بە دوا ئامانج و بۆ لاواز کردنی نەیارەکانیان سیاسیەتی (پەرتکە و زاڵبە) پەیڕەو دەکەن، مێژووش ئەو راستییەی سەلماندووە کە دوا ئامانجی عەرەب لەناوبردنی کورد و بە عەرەبستان کردنی کوردستان و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانەکەیەتی.
دەبێ هەموومان ئەو راستییە بزانین کە کوردایەتی نەکردن و هەنگاو نەنانی کوردانە زۆر دەرفەتی لەباری لەدەست داوین کە تەنها و تەنها بە کوردایەتی و هەنگاوی کوردانە قەرەبوو دەکرێنەوە، بۆیە پێویستە کورد لە رقی عەرەب کوردایەتی بکا و بە کوردایەتی وەلامی عرووبە بداتەوە، لە فراوانخوازی ئەوانیشەوە خاکی خۆی خۆش بوێ و لە هەڵپەی داگیرکاری ئەوانیشەوە بەرگری لە نیشتیمانی خۆی بکات، واتا کوردایەتی و هەنگاوی کوردانە بکەینە کاردانەوەی رق و بوغزی عەرەبچێتی و رەفتاری عرووبەخوازی، نەتەوەپەروەری بکەینە کارنامەو پلانی بەگژدا چوونەوەى پیلانگێڕی و نەتەوەپەرستی، ئەوەش دەمانخاتە بەردەم ئەو ئەرکە نەتەوەییەی کە وەڵامی بانگەشەی برایەتی ساختە و هەرای فریودەری پێکەوژیان و خۆ نزیک کردنەوەی عەرەب بە هەر ناوێک لێمان، کە لە ساتەوەختە زۆر هەستیارەکاندا کردوویانەتە تەوقی ئاگرینی گەردنی کوردایەتی و کۆسپی بەردەم هەنگاونانی کوردانە و پێویستە (هەژار) ئاسا بڵێین:ــ
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم
بە کوردی دەیدەم وەڵامی قەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیاش بۆ کورد تێهەڵدەچمەوە
لە بەرامبەر خۆشەویستی خاک و لە وەڵامی سیاسەتی داگیرکاری و فراوانخوازیش کە عەرەب بە بەرنامە هەنگاوی بۆ ناوە (دڵدار) ئاسا بڵێین:ــ
ئێمە رۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین
دینمان ئایینمان هەر نیشتیمان
Top