سەرۆکی کورسیکرد و سەرۆکی مێژووکرد

سەرۆکی کورسیکرد و سەرۆکی مێژووکرد
بە پێی ئەو جیاکاریەی مێژوو بۆ سەرکردە و سەرۆکەکانی کردووە، سەرۆکەکان دەکرین بە دوو بەشەوە، سەرۆکی کورسیکرد و سەرۆکی مێژووکرد و مێژووش پڕیەتی لە سەرۆکە کورسیکردەکان، بەڵام سەرۆکە مێژووکردەکان زۆر کەم و دەگمەنن، جیاوازی ئەو دوو جۆرە سەرۆکەش لەوەدایە کە گەورەیی و تەمەنی سەرۆکە کوسیکردەکان، کورت و کاتین و قۆناغێکی دیاریکراو درووستیان دەکات و لەگەڵ تێپەڕینی قۆناغەکەش ون دەبن و دەچنە خانەی لەبیر چوونەوە، بە پێچەوانەوە گەورەیی و سەرکەوتنی سەرۆکە مێژووکردەکان لەوەدایە هەڵوێست و خەبات و قوربانیدان درووستیان دەکات، تەمەن و ناو و ناوبانگیان لەگەڵ تەمەنی مێژووە و هەڵوێستیان بۆ داهاتوو دەبێتە ریباز و نەوە دوای نەوە ئەزموونیان لێ وەردەگرن، باسەکەی ئێمە تایبەتە بە سەرۆکە مێژووکردەکان و سەرۆکە کورسیکردەکان ئەوە ناهێنن سەری ئێوەی خوێنەری پێوە بێشێنم.
دژە بارزانی و دژبەرانی سەربەخۆیی کوردستان، یان راستتر بڵێین ئەوانەی درۆ لەگەڵ دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی کورد دەکەن، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەوە کورسی سەرۆکایەتی هەرێمە بارزانی گەورە کردووە، بەڵام دەرکەوت کە ئەوانە چۆن لە خەباتی رزگاری نیشتیمانی کەوتوونە هەڵەوە و هەڵەکانیش زۆر جاران خستوونیە چاڵاوی خیانەتەوە، لەوەشدا بە هەڵەن کە پێیانوایە سەرۆک بارزانیش لە سەرۆکە کورسیکردەکانە، چونکە لە راستیدا ئەو لەو سەرۆکە میژووکردانەیە کە خەبات و قوبانیدان، سەنگەر و پێشمەرگایەتی، هەڵوێست و بەرگریەکانن کورسی سەرۆک بوونیان پێ بەخشیوە، بەڵام کام سەرۆک؟! ئەو جۆرە سەرۆکەی کە تەنها مێژوو بڕیار لە سەرۆک بوونی دەدات، بۆیە هیچ هێزێک نییە بتوانێ ئەو کورسییە لە ژێر سەرۆک بارزانی دەربێنێ.
هەر سەرۆکێک کورسی گەورەی بکات مێژوو بچووکی دەکاتەوە، بەڵام هەر سەرۆکێک کورسییەکەی میژووی خەبات و قوربانیدان بێ هەر بە گەورەیی دەمێنێتەوە، سەرۆک بارزانیش لەو سەرۆکانەیە کە مێژووی بەرەنگاری، سەنگەر و پێشمەرگایەتی، هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان کورسی سەرۆک بوونیان بۆ درووست کردووە.
دیگۆڵی فەرەنسی سەرۆکێکی مێژووکرد بوو، لە قۆناغێکی هەستیاردا دەرکەوت و دەرگای خێری بە رووی فەرەنسیکاندا کردەوە و تا مێژوو بمێنی فەرەنسیەکان شانازی بە سەرۆک بوونیەوە دەکەن.
غاندی مێژووی بۆ هیندیەکان درووست کرد و مێژووش لە سەروەریەکانی خۆی کورسی سەرۆکایەتی بۆ غاندی داتاشی، ماندێلا لە ئێش و ئازاری رەش پێستەکانی باشووری ئەفریقا نەخشی مێژووی کێشا، بۆ هەتا هەتایە مێژوو شانازی بە سەرۆک بوونیەوە دەکات.
سەرۆک بارزانیش بۆ کورد لە دوای بارزانی نەمر تاکە سەرۆکی مێژووکردە و لە بارەی سەرۆک بوونیشیەوە فەرموویەتی: من پێشمەرگەم و پێشمەرگایەتیشم لە هەموو پۆستێک لەلا پیرۆزتر و گەورەترە، سەنگەرەکانی بەرگری لە کوردستان بۆ من کورسین و بە هیچ کورسییەکیان ناگۆڕمەوە، بۆیە تا کورد پێویستی بە پێشمەرگە بێ سەرۆک بارزانی پێشمەرگەیە و پێشمەرگایەتیش لە سەرووی پۆستی سەرۆک بوونەوەیە، تا کوردستان پێویستی بە بەرگری بێ سەنگەرەکان بۆ ئەو کورسین و مێژووش سەلماندوویەتی لە رۆژە سەختەکاندا کەس جورئەتی ئەوەی نەکردووە داوای ئەو کورسیەی لە سەرۆک بارزانی کردبێ.
Top