پەکەکە و پارتی

پەکەکە و پارتی
کوردستان یەک نیشتیمانە و کراوەتە چوار بەش و هەر بەشێکی بە وڵاتێکی داگیرکارەوە لکێنراوە، کورد یەک نەتەوەیە و کراوەتە چوار بەش و هەر بەشێکی لە ژێر تیخی دوژمنێکی ستەمکار دایە، لێرەوە کارەسات و نەهامەتیەکانی سەر کورد دەست پێدەکەن.
پەکەکە خۆی بە خاوەنی هەر چوار پارچەی کوردستان و فریادڕەسی هەموو کورد دەزانێ، لە هەر پارچەیەک چەندین کلک و باڵی سەربەخۆی درووست کردوون، لە رۆژهەڵات لەگەڵ رژێمی ئێرانی داگیرکاری بەشێکی کوردستان کێشەی نییە و لەگەڵ هەموو حزبە کوردیەکانی ئەو بەشە کێشەی درووست کردووە، لە رۆژئاوا لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد خاوەن یەک دید و یەک بۆچوونن و دژایەتی هەموو حزبە کوردیەکانی دژ بە بەشار ئەسەدیش دەکات، لە باشوور گەریلاکانی دەکاتە گەریلای حەشدی شەعبی و دوژمنایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان پێدەکات، لە باکوور وەک تورک دژایەتی هەر جووڵانەوەیەکی کوردی دەکات ئەگەر سەربەخۆی نەبێت.
ئەو هەڵوێستانەی پەکەکە لە کاتێکدان کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کێشەی نەبوونی سەربەخۆییە، هەر حزبێکی کوردیش لە هەر بەشێک داوای سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی بکات دەکەوێتە ناو پێلانگێڕی هەر چوار داگیرکارەکی کوردستان، لەو خاڵەدا بەکەکە دەچێتەوە پاڵ داگریکارانی کوردستان و وەک ئەوان لە سەربەخۆیی کوردستان دەڕاوانێ و دژی دەوەستێتەوە، ئەوەتا لەسەر زاری سەرکردە باڵا و بڕیار بەدەستەکانیان پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان رەتدەکەنەوە و دەوڵەتی کوردی بە کۆیلایەتی و ئێکسپایەر دەزانن.
پەکەکە بۆ دژایەتی کردنی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان، نەتەوەیی بوون و ئامانجی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستانی کردۆتە پێوەر، هەر حزبێک لە هەر بەشێکی کوردستان خەبات لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکات، پەکەکە دەیخاتە خانەی دوژمنانی خۆی و بۆ دژایەتی کردنیشی هەموو رێگاکان دەگرێتەبەر بە هاوکاری داگیرکارانی کوردستانیشەوە، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرە پەکەکە و دژایەتی کردنی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
پەکەکە و هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان باش دەزانن کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێشەنگی دەوڵەتویست و سەربەخۆخوازانی کوردستانە لەسەر ئاستی هەر چوار بەشەکەی کوردستان، هەر بۆیەش هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان رووبەڕوو بوونەوەی پارتی بە ئەرکی داگیرکاری خۆیان دەزانن، پەکەکەش لەو چوار داگیرکارەی کوردستان توندتر و لێبڕاوانە تر دژایەتی پارتی بە ئەرکی خۆی دەزانێ، لە سەرەتای راپەڕینەشەوە لە ساڵی ١٩٩١ لە کوێ بۆی هەڵکەوتبێ و دەرفەتی بۆ رەخسابێ کەمتەرخەمی نەکردووە و بەو ئەرکەی خۆی هەستاوە.
Top