لەوەش فەشەل دێنن

لەوەش فەشەل دێنن
لە سەرەتای شەستەکانی رابردووەوە دژانی کوردایەتی و بارزانی نەمر وەک کوانوو لەناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا هەڵتۆقین، سەرەتا بەوە دەستیان پێکرد کە بارزانی نەمر عەشایەر و خێڵەکییە و ئێمە حزبی و رۆشنبیر و پێشکەوتووخوازین، دوای هاتوهاوار و موزایەدەیەکی زۆر ئەوان فەشەلیان هێنا و بارزانی نەمر سەرکەوت.
دوای ئەو فەشەلە و بۆ قەرەبوو کردنەوەی فەشەلەکەیان پەنایان بۆ ساواک و رژێمی شای ئێران برد و بارزانی نەمر وەک شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر لە شوێنی خۆی مایەوە، لەو قۆناغەشدا خۆیان هەر بە حزبی و رۆشنبیر و پێشکەوتووخواز دەزانی و بارزانی نەمریش هەر عەشایەر و خێڵەکی بوو, لەوەش فەشەلیان هێنا.
دوای ئەو فەشەلە بەرەو بەغدا بایان دایەوە و بە ئاشکرا دژی کورد و شۆڕش و بارزانی نەمر وەستانەوە، بەو حاڵەش خۆیان هەر حزبی و رۆشنبیر و پێشکەوتووخواز بوون و بارزانی نەمریش عەشایر و خێڵەکی.
لە دوای پیلانە شوومەکەی جەزائیر و وەستانی کاتی شۆڕش, کەوتنە کۆکردنەوەی خڵتوخاڵی سیاسی و هەموو ئەوانەی پێشینەیەکی دژە شۆڕش و کوردایەتیان هەبوو, دژایەتی پارتی و بارزانی نەمریان خستە پێشینەی کارەکانیان، لەوەش کاڵای حزبی و رۆشنبیر و پێشکەوتووخوازیان بە باڵای کورتی خۆیان بڕی و عەشایری و خێڵەکیشیان بە باڵای بەزی بارزانی نەمر بڕی.
لە ساڵی ٢٠٠٩ خۆیان کەرت کرد و کوردستانیان کردە فەوزاخانەی سیاسی، هۆڵی پەرلەمانیان کردە هۆڵی توپڵ و تووزەلە و چەقەنە لێدان، شەقامیان کردە گۆڕاپانی پەلاماردان و سووتاندن، خۆیان هەر حزبی و رۆشنبیر و پێشکەوتووخواز بوون، رێبازی بارزانی نەمریش هەر عەشایر و خێڵەکی بوو.
هەرچی گوتیان و کردیان فەشەلەیان هێنا، بۆ دژایەتی بارزانی نەمر و رێبازەکەی یەکتریان گرت و فەشەلیان هێنا، خۆیان کەرت کرد و دوایی رێککەوتنەوە و هەر فەشەلیان هێنا، دەستیان لەگەڵ داگیرکارانی کوردستان تێکەڵ کرد و هەر فەشەلیان هێنا، روویان لە کوردبوون و کوردستانی بوون وەرگێڕا و عێراقی بوون و عێراقچێتیان لە باوەش گرت و هەر فەشەلیان هێنا، ئێستا بۆ قەرەبوو کردنەوەی هەموو ئەو فەشەلگەلەی بەسەریان هاتووە شاسوار عەبدولواحیدیان قوت کردۆتەوە، توخوا ئێوەی فەشەل دۆست فەشەل ویست دوای تاقی کردنەوەی هەموو رێگاکان لە فەشەل زیاتر شتێکی ترتان دەست نەکەوت، تەماتانە بە قوتکردنەوەى شاسوار شتێکتان دەست بکەوێ؟! پێشینان راستیان گوتووە کە دەڵێن: پیاو کە کەوتە ناو ئاوەوە دەست بۆ چڵە پووشیش درێژ دەکات، ئێوەش کەوتوونە ناو فەیەزانی خەیاڵ و ناچار بوون دەست بۆ شاسوارەکانیش درێژ بکەن.
Top