گەڕانەوە بۆ مژاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی

گەڕانەوە بۆ مژاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی

ئەزموونی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە كوردستانی عێراقدا، هەتاهەتایە وەك رووداوێكی نەتەوەیی و ستراتیژی دەمێنێتەوەو كاروانی بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانی كوردستانیش لەئێستاو ئایندەدا شانازی پێوە دەكات، هەروەها بە ئەزموونێكی تاك و بێ هاوتا دەژمێردرێت لەسەر ئاستی كۆی بزووتنەوەكانی رزگاریخوازیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات وەك بەڵگەنامەی سیاسیی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم (24ی ئەیلوول 2017) بۆ دەستەبەركردنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە كوردستان وەك خاڵێكی پرشنگداری گرنگ دەمێنێتەوە، كە گوزارشت لە تێگەیشتنی كورد دەكات بۆ دیموكراسییەكی رەسەن و پێشكەوتوو تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەی نەتەوەیی. لەبیریشمان نەچێت كە هەمان هەنگاو لە ئەوروپا هاتەئاراوە، كە دەبوو هەنگاوێكی پێشكەوتووی ژیانی مەدەنی و بوارەكانی مافی مرۆڤ و گەلان بێت، بە دیاریكراویش لە هەرێمی كەتەلۆنیای ئیسپانی كە بەداخەوە بە ئاكام نەگەیشت و زوو خەفە كرا هاوشێوەی ئەوەی كە لە عێراق روویدا.
لە ساڵڕۆژی یەكەمی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی عێراقدا دەڵێم: زۆر لە گەلان خاوەنی پاڵەوانی سەربەخۆیی خۆیانن، لەوانەش كە لە ژیاندا ماوەو سەركردایەتیی گەلەكەی كردووە و خەونی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ وەدیهێناون، هەروەها هەیانە كە دەیان ساڵ خەباتی كردووەو هەلومەرجی بابەتی و خودی یارمەتییان نەداوە تا ئەو خەونەیان بۆ بێنێتەدی وەك مستەفا بارزانیی نەمر و سەركردەكانی دیكە لە كوردو گەلانی دیكە، هیچ دەوڵەتێكیش لە دنیادا نییە پاڵەوانیان تێدا هەڵنەكەوتبێت كە سەركردایەتیی گەلەكانیان كردبێت بۆ بنیادنانی دەوڵەت و دواجار ناویان لە مێژوودا ماوەتەوەو پەیكەریان بۆ دروست كراوە.
مسعود بارزانی پاڵەوانی سەربەخۆیی كوردستانی عێراقە لە باب و باپیرەوە. مەبەستم لێرەدا بەشی باشوورە، نەك هەموو بەشەكان، چونكە ئەو بەڕێزە رۆژێ بانگەشەی ئەوەی نەكردووە كە هەر چوار پارچەی كوردستان رزگار دەكات و هەرگیز خۆیشی وەك سەركردەیەكی نەتەوەیی گشتی نەسەپاندووە وەك ئەوانی دیكە، هەرچەندە ئەو جێگەی رێزو ستایش و پێزانینی هەموو كوردانی دنیایە، ئەو بەڕێزە نوێنەرایەتیی ئەو بەرنامەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات كە هەر خۆیشی سەرۆكیەتی، كە بریتییە لە كردارو خەبات لە چوارچێوەی كوردستانی عێراقدا، هەرچی گوترابێت و دەگوترێت لەلایەن بەناو دۆستانی كورد لە خائین و هەلپەرستان كە گوایە (ئەو وادەیەی مسعود بارزانی هەڵیبژارد بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی نەگونجاو بوو، هەروەها هەر چ كۆسپ و تەگەرەیەكی ناوخۆی كورد هاتبێتەڕێ)،هاوكات هەر چ بەناو دڵسۆزی و ئامۆژگاری و هاوسۆزییەكی زۆر لە رژێمەكانی عەرەبی وتورك و عەجەم هەبووبێت، هەموویان مەرامی پێچەوانەیان لەپشتەوە بووە، بارزانی لەسەر حەق بوو كە ریفراندۆمی ئەنجام دا، تاكو بزانێت ویستی گەلی كوردستانی عێراق لە كوردو توركمان و كلدان و ئاشوور و سریان و ئەمەن و عەرەب لە چیدایە، مەبەستیشی لەمەدا ئەوە بوو كە بڕیاری ئایندەی گەلەكەی بزانێت، هەتا ئەگەر فاكتەرە بابەتی و خودییەكان دەستەبەر نەبن، ئەوا سەربەخۆیی كوردستانی عێراق هەر بە ناوی بارزانی-یەوەیە، كە تەنیا جێی رێزی گەلی كوردستان نییە، بەڵكو لای زۆرینەی گەلی عێراق و رای گشتیی عەرەبی و نێودەوڵەتیش رێزی تایبەتیی خۆی هەیە.
لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە نەگریسەی كە دژ بە ریفراندۆم هاتە ئاراوە، ئەو بەرنامەیە بوو كە كەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری ئامادەی كردبوو دەربارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق، لێتان ناشارمەوە كە من سەرم سووڕما، یەكەم بەهۆی ئەوەی كە حكومەت رێگەی بە تامر ئەلمسحال پێشكەشكاری بەرنامەكە داوە كە (ئیخوانچی، حەمساوی)یەو بە رەگەزپەرستی ناسراوە، كە بە ئارەزووی خۆی بێت و بچێت لە ناو هەرێمی كوردستاندا، دووەمیش بەهۆی چاوپۆشینی راوێژكارانی راگەیاندن لە نووسینگەی سەرۆكایەتی دەربارەی ئەو كەمین و بۆسانەی پێشكەشكاری بەرنامەكە دایهێنابوون، بەتایبەتیش قبووڵكردنی ئەو كەسانەی كە هەڵیبژاردبوون و قسەی لەگەڵ كردبوون و وەك شایەتحاڵ دەستنیشانی كردبوون كە دوژمنكارو دەروون لاواز بوون، سێیەم شت كە رێگەیان پێدابوو جیمسبۆند ئاسا بەناو كوچەو كۆڵانەكانی هەولێرو دۆڵ و ئەشكەوتەكانی كوردستاندا دەگەڕا. من هەزاران بەرنامەم دەربارەی كورد و كێشەكەی بینیوە، بەڵام ئەو ئەڵقەیە لە هەموویان زیاتر گرێچنە و پیلانگێڕیی تێدا بوو دژ بە گەلی كورد.
لە بەرەبەیانی رۆژی 30ی ئەیلوولی رابردوودا، كاتێ لە هەولێر سەرقاڵی بەدواداچوون بووین بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، هیواخواز بووین ئەو لیستانە سەربكەون كە پابەندن بە بەرنامەی نەتەوەیی و دیموكراسی كە مستەفا بارزانیی نەمر بەردی بناخەی دانا لە رێكخراوە حزبی و مەدەنییەكان كە نوێنەرایەتیی پێكهاتە كوردستانییەكان دەكەن لە (كوردو توركمان و كلدو ئاشوورو سریان و ئەرمەن و عەرەب)، چونكە سەركەوتنی خاوەنانی ئەو بەرنامەیە، بنكەیەكی چەسپاون لە كوردستانێكی بەهێزدا و رۆڵیان دەبێت لە سازانی كوردو عەرەبدا، هەروەها لە بەتینكردنی پرۆسەی دیموكراسیی دروست لە عێراقێكی سەربەخۆو فیدڕاڵ و پێشكەوتوو و یەكگرتوودا، هاوكات دەبێتە هاریكار بۆ بەدیهێنانی ئەو بەڵێنانەی سەركردە سیاسییەكانی كورد بە خەڵكیان داوە لە چاككردنی بژێو و پێشكەوتنی ئابووری و قەڵاچۆكردنی گەندەڵی و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردستانی، لەپاڵ هیواو ئاواتمان بە چاوخشاندنەوە بە دۆسییەی پەیوەندییە نەتەوەییەكانمان بە شێوەیەكی گشتی، دیسان چاوخشاندنەوە بە دۆسییەی كوردی سووریا بە شێوەیەكی تایبەتی، دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ و ئەو پێشهات و رووداوانەی كە هاتوونەتەدی، كە دەخوازن چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندییە گشتییەكانی هەموو لایەنەكاندا.
كاتێ باسی رۆژە بەدناوەكەی 16ی ئۆكتۆبەر دەكەین، ئەو نووسراوەمان دێتەوە یاد كە لە بەڵگەنامەكانی (پارتی چەپی كوردی دواتر ناوەكەی گۆڕاو بوو بە یەكێتیی گەلی كورد لە سووریا) هاتبوو كە من شەرەفی سەركردایەتیكردنیم هەبوو، بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیە، یان قوتابخانەی پێنجی ئابی 1965 كە بەمە ناوزەدمان كردووە، لە هەڵسەنگاندنێكی زانستییانەی دروستی بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردستانی لەوەتەی پتر لە نیو سەدە، بەو شێوەیەی كە دوو رێباز لە كێبڕكێدا بوون: یەكەم- نەتەوەخواز و دیموكراسیخوازی میانڕەوە كە بارزانیی نەمر پێشەنگی بوو، دواتر ئەوانەی لەسەر رێبازی ئەو لە كوردستانی عێراق بەردەوام بوون، هاوكات هەندێ لقی دیكە لە بەشەكانی دیكە، كە ئەو سەردەمە خۆی لە (قوتابخانەی ئاب لە سووریا، گرووپی دكتۆر شڤان لە توركیا، باڵی ئەحمەد تۆفیق بایران)دا دەبینییەوە، دووەم- نەتەوەخواز و پۆپۆلیستی و سەركێش و هەلپەرست كە (ی ن ك) لە كوردستانی عێراق سەركردایەتیی دەكرد، دواتر سەركردایەتییەكە گواسترایەوە بۆ (پەكەكە) لەگەڵ رەوتەكانی دیكەی لایەنگری ئەو لە بەشەكانی دیكەدا، وەك راستڕەو و ئەوانی دیكەی سووریا، رێبازی یەكەم تائێستا لە چوارچێوەیەكی ستراتیژیی دروستدایە، لەگەڵ لاوازیی لە رێكخستن و تەكتیك و مامەڵەی هەڵە لەگەڵ دۆسییەی كوردی سووریا، لەكاتێكدا دووەمیان گەیشتە ئەوەی كە زیان بە كێشەی كورد بگەیەنێت، هاوكات ناوەڕۆكی دیموكراسیی رەوا لە بزووتنەوەكە بەتاڵ بكاتەوە، بەڵام لە رێكوپێكی و توندوتۆڵیدا پێشكەوتووە، هەروەها لە داڕشتنی پیلان و هاوسۆزی لەگەڵ دوژمنان و گرەوكردن لەسەر چارەنووس، ئێمە كە لە سەرەتای هەزارەی سێیەمداین پێمانوایە كە هەڵسەنگاندنی پێشوو تا ئێستا هەر ئەویان راستە.
هەندێ خاڵی گرنگ هەن بۆ بەهێزكردنی پێگەی رێبازی یەكەم پێویستن(نەتەوەیی و دیموكراسیخوازی میانڕەوە)و بۆ چەسپاندنی و داڕشتنەوەو پێداچوونەوە بە ئەزموونە دەوڵەمەندەكەی لە سەرتاسەری بەشەكانی كوردستاندا، بەتایبەتیش لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا، نەخاسمە بنكە ئەكتیڤە مێژووییەكەی و سەرچاوە رەسەنەكەی كە بریتییە لەوانەی پەیڕەوكاری رێبازیی بارزانیی نەمرن، ئەمەش بە چارەسەركردنێكی زانستی و بابەتییانە و رەخنەگرانە، بە مەبەستی گەیشتن بە داڕشتنەوەی نەخشەی ستراتیژیی روونی كاری نەتەوەیی كوردستانی، لەسەر بنەمای هەماهەنگی و كاری هاوبەش و رێزگرتنی تایبەتمەندییەكانی كەسانی دیكە، هەروەها دووركەوتنەوە لە شێوازو رێگەكانی مامەڵە چەوت و بەسەرچووەكانی پێشوو كە لە ئێستادا بێ سوودن، تەنانەت زیان بە رایەڵەكانی مێژوو و جوگرافیا دەگەیەنێت، بۆیە بەم ئاراستەیە دەكرێ بەر لە پیلانەكانی رێبازی سەركێش و وێرانكەر بگیرێت، كە خەریكە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستانی عێراق لەبەین دەبات، هیواو ئاوات و خواستەكانی گەلی كوردستانی سووریاو بەشەكانی دیكە زیندەبەچاڵ دەكات.

Top