دەستاودەستی دەسەڵات

دەستاودەستی دەسەڵات
حزبەکانی سلێمانی بە گشتی و لەناویشیاندا گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بە تایبەتی، سیاسەت و حوکمڕانی بە نۆرە گاڕان تێگەیشتوون، لەژێر کاریگەری ئەو تێگەیشتنە سەقەتە و بەبێ رەچاوکردنی کەمینە و زۆرینەی پەرلەمانی بەردەوام داوایان لە پارتی دەکرد چیتر نۆربڕیان لێ نەکا و ناوە ناوە دەسەڵاتیان رادەست بکات.
دوای ئەوەی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان بە زیاد کردنی کورسیەکانی خۆی و کەم کردنی کورسیەکانی ئەوان لە دەستاودەستی دەسەڵات هیوا بڕاوی کردن، ئێستا داوای ئەوە دەکەن پارتی لەناو خۆیدا دەستاودەستی دەسەڵات بکات.
بەڕاستی مایەی گاڵتەجاڕییە، حزبگەلێک دوای شکستیان لە بەرامبەر رکابەرکەیان بۆ شاردنەوەی شکستەکەیان داوای دەستاودەستی دەسەڵاتی ناو حزبێکی تر بکەن، ئاخر هەموو حزبێک کارنامەی سیاسی خۆی هەیە و ئەو کارنامەیەش لە خواست و ئارەزووی ئەندام و دەنگدەرانی خۆی هەڵدێنجێ، بەڵام سەیر لەوە دایە حزبی تر داوای لێبکەن کە پابەند بێ بە کارنامەی سیاسی ئەوان.
فرە حزبی لە ئەنجامی بیر و بۆچوونی جیاواز درووست دەبێ، بۆ نموونە.. ئێمەی پارتی بڕوای تەواومان بە کوردستانی بوون و سەربەخۆیی کوردستان هەیە، لەو پێناوەشدا قوربانی زۆرمان داوە، ئێوەی عێراقچیش بڕوای تەواوتان بە عێراقی بوون و یەکپارچەیی خاکی عێراق هەیە، لەو پێناوەشدا چیتان پێکرابێ بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووتانە، لێرەوە جیاوازیەکان درووست دەبن و نە ئێوە دەبنە ئێمە و نە ئێمەش دەبینە ئێوە، بۆیە ئێوەی ناپارتی مافی ئەوەتان نییە دەست وەربدەنە ناو کاروباری ئێمەی پارتی و داوای دەستاودەستی دەسەڵاتمان لێبکەن، هەر وەک ئێمەش ئەو مافەمان نییە، جا ئەگەر دەتانەوێ پارتی دستاودەستی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی بکات فەرموون ببنە پارتی، ئەوکات مافی ئەوەتان هەیە وەک ئەوەی دەتانەوێ داوای دەستاودەستی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی پارتی بکەن.
Top