باشترین کادیری پارتی

باشترین کادیری پارتی
بە رەوای دەزانم لەم نووسنەدا باشترین کادیری پارتی بە خوێنەران و هەموو خەڵکی کوردستان بناسێنم, رەنگە خوێنەریش بۆ ئەوەی ئەو کادیرە بناسێ زۆر بە تاسە و پەلەپەل چاو بە نووسینەکەدا بگڕێ, بەڵام دڵنیام کاتێ دەگاتە سەر ناوی کادیرەکە تووشی شۆک دەبێ و دەڵێ: ئـــا ئەوەیە باشترین کادیرەکەی پارتی؟! لە وەڵامدا دەڵێم: بەڵێ ئەوە باشترین کادیرەکەی پارتییە و تۆی خوێنەریش ئازادی لەوەی لەگەڵم هاوڕای یان دژی و کادیری باشتر دەناسی.
جا پێش ئەوەی کادیرەکە بە ئێوەی بەڕێز بناسێنم، بە پێویستی دەزانم تیشکێکی مێژوویی بخەمە سەر ئامانج و خەباتنامەی پارتی، دیارە پارتی بە هەموو کەموکورتی و ئەو ئاستەنگانەش کە بۆی بۆی درووست کراون و لەمەودواش بۆی درووست دەکرێن، تا ئێستاش پابەندە بە ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان و دەستبەرداری ئەو ئامانجەش نابێ، لەو پێناوەشدا زۆرترین قوربانی داوە و ئامادەی قوربانیدانی زیاتریشە، ئەو ئامادەییەش لە ریبازی بارزانی نەمر و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی سەرۆک بارزانییەوە سەرچاوەیان گرتووە.
ئێستا کاتی ئەوە پێتان بڵیم باشترین کادیری پارتی کێیە، خائین و وڵاتفرۆشان، تیرۆریستانی فکری، ئەو دەمشڕ و جنێوفرۆشانەی بەناوی دیموکراتی پەلاماری هەموو بەها پیرۆزیەکانی نەتەوەکەمان و خۆزگەکانی داهاتوو دەدەن، لە باشترین و دەستەبژێرەکانی کادیری پارتین، چونکە شوێنکەوتووانی رێبازی بارزانی نەمر لەناو پارتیدا و کوردپەروەرانی دەرەوەی پارتیش، کاتێ خائین و وڵاتفرۆشان دەبینن و وڵات هەرزان فرۆش دەکەن، کاتێ دەبینن تیرۆریستانی فکری خەریکن بیری نەتەوەیی تیرۆر دەکەن، یان دەمشڕ و جنێوفرۆشەکان بەبەر چاویانەوە پەلاماری بەها پیرۆزەکانی نەتەوەکەمان دەدەن، هەموو نیگەرانیەکانی خۆیان بەلاوە دەنێن و جارێکی تر هێز و وزەی بەرەنگاری لە رێبازی بارزانی نەمر وەردەگرن و دووبارە لە دەوری پارتی کۆ دەبنەوە،
Top