کێ لە بەرەی خەڵکە و خەڵک لە بەرەی کێیە؟

کێ لە بەرەی خەڵکە و خەڵک لە بەرەی کێیە؟
هەموو لایەنەکان و بە تایبەتیش گۆڕان و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و ناوە ناوەش یەکێتی، لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکان و ئەوکاتانەی بۆ پەلاماردان و هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی پارتی، ئەندام و لایەنگری خۆیان هاندەدان و دەیانگوت: ئەوە خەڵکە و پارتی ناوێ و ئێمەش لە بەرەی خەڵکین و پشتیوانی لە خواست و داخوازیەکانی خەڵک دەکەین. ئێستا پرسیار ئەوەیە: کێ لە بەرەی خەڵکە و خەڵک لە بەرەی کێیە؟ خەڵک کێی بە یاریزانی سەرەکی دیاری کرد و کارتی سووریشی بە رووی کێدا بەرز کردەوە؟
خەڵک دەزانێ کێ هەڵگری خواستەکانیەتی و کێش بە ئاماژەی پەنجەی داگیرکارانی کوردستان شەڕی خواستەکی دەکات، بۆیە وەڵامی ئەو پرسیارانە لای سندووقەکانی دەنگدانە و بە هاتوهاوار و موزایەدە و جرت و چەقەنەی سیاسی و تیرۆری فکری نادرێنەوە.
جا بۆ وەڵامی درووستی ئەو پرسیارانە دەچینە خزمەتی سندووقەکانی دەنگدان، پارتی بە تەنیا و بە پشت بەستن بە ئیرادەی گەلەکەی (٤٥) کورسی بەدەست هێنان، هەموو ئەو لایەنانەی کورد گوتەنی: بە نۆ تەشت خوێ نەدەگیرانەوە و دەیانگوت: ئێمە لە بەرەی خەڵکین، هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول پێی گوتن: کێ لە بەرەی خەڵکە و کێش لە بەرەی داگیرکارانی کوردستان دایە.
Top