لەبارەی بارەگای بارزانی
August 14, 2018
وتار و بیروڕا
بارزانی لەپێش پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش خاوەن ئەو هێزە بووە كە بەرپرسە باڵاكانی عێراقی و وڵاتانی جیهان و هەرێمایەتی حسابیان بۆ كردووە، خۆ ئەو كات بارزانی تەنیا خاوەنی پارتی بوو، بەڵام بەهۆی كەسایەتیە كارێزماییەكەیەوە بووە خاوەن پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، یاخود بەهۆی ئەو مێژووە درێژەی خەباتی خۆی و پارتەكەی و خانەوادەكەیەوە ئەو سیفەتەی بۆ بەهێزتر كرد.
لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە خولێكی بە رێگەی پەرلەمانەوە بوو و خولی دووەمیشی لەبەردەم رای میللەتەكەیدا بووە بارزانی پۆستێكی مەزن كرد نەك پۆستێك بارزانی مەزن كردبێت. لە میانی ئەو پۆستەیشدا بوو، بە پشتیوانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە میللەتێكی لە ژێردەستەیی پاراست و نەیهێشت تیرۆر و زوڵم جارێكی دیكە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەناوببات.
لە كۆتاییەكانی تەمەنی پۆستەكەیدا بارزانی راستگۆیانە خۆی خستەبەردەم تاقیكردنەوەی مێژوو، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، ئەنجامدا، ئەگەر ئەوەش تاوانێك بێت(كە مافێكی سروشتی هەموو میللەتێكە)بەڵێ با بارزانی تاوانبارترین كەس بێت كە وتی: نەخێر بۆ ژێردەستەیی و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، كە لەمەشدا میللەت پشتی لەبارزانی نەكرد و بەرێژەی 93%ی زێدەتر سەركەوتنی بەدەستهێنا.
ئێستا بارزانی هەم سەرۆكی پارتیە و هەم لە پێگەیەكی كارێزماییەوەیە، كارێزمایەك بەرژەوەندیی میللەتەكەی ناچاری دەكات دەست هەڵنەگرێ لە ئامانجە پیرۆزەكانی ئەم میللەتە، رێبەرێكە دەبێت تا تۆماری كۆتایی مێژووی سەربەخۆیی خەبات بكات، بۆیە لەم روانگەیەوە دەشێ بارزانی بارەگایەكی هەبێت كەمترین سیمای حزبایەتی پێوە دیار بێت، بارەگایەك بێت رەنگدانەوەی ئامانج و خەباتی نەتەوەیی بێت، ئەوەیشی دەگوترێت ناونانی(بارەگای بارزانی) هەنگاوێكە بۆ هاتنەوەی دەسەڵاتی بارزانی، تەنیا خوێندنەوەیەكی كاڵی بێ ناوەڕۆكە، چونكە تاكە كەسێك بتوانێ لەئێستادا رەنگدانەوەی دەنگی میللەتەكەی بێت بارزانیە، خۆراستە حزبەكەی لەسەرئاستی عێراق حزبی یەكەمی براوەی هەڵبژاردنە، لە هەرێمی كوردستانیش بەهەمانشێوە كە هێزێك دەبەخشێت بەوەی بارزانی نوێنەرایەتی میللەتەكەی بكات، بەڵام(بارەگای بارزانی) كردنەوەی دەرگایەكی تەواو نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ هەموو هێزەكانی كوردستان.
ئەگەر ئەوانەی دەست بۆ ئەوە ببەن كە لەپەیڕەو و پرۆگرامی پارتی شتێكی لەم جۆرە نییە، ئەوا بە هەڵەدا چوونە، سەیرێكی مادەی (20ی سەرۆكی پارتی) بكەن و بەتایبەتی لە خاڵی(6)ەمیدا باس لە مەكتەبێكی تایبەت دەكرێ بۆ سەرۆكی پارتی، لە ئەدەبیاتی پارتیشدا مەكتەبی سەرۆك، تەواو مەكتەبێكی حزبییە و كاروبارە حزبیەكانی سەرۆك لەگەڵ ئۆرگانەكانی دیكە رایی دەكات، بەڵام لەم بڕگەیە رێگری نەكردوە كە سەرۆك بارەگایەكی هەبێت وەك سەرۆكی پارتی، چونكە مەكتەبی سەرۆك بەرپرسێكی هەیە و كاروبارەكانی نێوان سەرۆك و ئۆرگانەكانی دیكە رێكدەخات. بەڵام نەگوتراوە سەرۆك بەرپرسی مەكتەبە، ئەمەش دەرفەتی ئەوەی هێشتۆتەوە سەرۆك بارەگایەكی هەبێت و ئەو دەرفەتەیشی بەخشیوە بەسەرۆك كە بە سیستەمێكی رێكخراو كار و پێكهاتەكەی دیاری بكات، كەواتە لێرە ناونانی شوێنی كاری تایبەتی(سەرۆك) دەتوانرێ بەو بڕگەی(6)ی مادە(20) بارەگا و ناوێك بۆ خۆی و ستافەكەی دروست بكات.
من گەشبینم، ئەو بارەگایەی كە ناوی(بارەگای بارزانی) لێنراوە، دەبێتە بارەگایەك بۆ هەموو كوردێك، بۆ كۆكردنەوەی پرۆژەی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانی، بۆیە تائێستایش تەنیا بە گشتاندنێك ناوەكەی دانراوە بۆ مامەڵەكردن، بەڵام ئەوەی بزاندرێ ئەوەیە ئەم بارەگایە دەبێتە هێزێكی دیكەی پشتیوانی لە هەموو دامەزراوەكان و دەبێتە شوێنێكی گرنگ بۆ كۆكردنەوەی ئەو پرۆژە و بۆچوونانەی دەبنە هۆكاری بەرەوپێشچوونی پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی.