ئێران: قڕکردنی مرۆڤەکان لەبڕی پاراستنی بەھاکان ! (سایکۆلۆژیای ئایینی-سیاسی)
June 14, 2018
وتار و بیروڕا
***********
دیارە بەھاکان بەرھەمی ژیانی یەک شەوورۆژ نین، بەڵکۆ بەپێچەوانەوە و نە تەنھا، و وەکچۆن بیردۆزە جیاوازەکان ئاماژەی پێدەدەن، لە یەکەم چرکە ساتەکانی کردنەوەی چاو لەم گەردوونە و تا دوایین ساتەکانی ژیان و لە چێر کاریگەری فاکتەرەکانی خێزانی و بە گشت ئەندامانیەوە و بەتایبەت دایک و باوک، و سەنتەرەکانی دیکەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و دەزگاکانی راگەیاندن، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، سیستەمی بەھایی لای مرۆڤەکان دروست دەبێ و رێبزبەندی دەکرێن، و تەنانەت وەک دەروونناسی مەزن، کارۆل گۆستاڤ یۆنگ بۆی دەچێ ژیانی مێژووی چەندین ھزار ساڵەی نەتەوە و تاک تیایدا، بەشێکن لە فاکتەرانی دروستکەری ئەو سیستەمە لای مرۆڤەکان.
کۆمەڵگا و نەتەوە جیاوازەکان ھەمیشە بە بایەخەوە سەیری بەھا کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان کردووە، و بەتایبەت بەھا ئایینییەکانیان، و تەنانەت وەک زانای گەورە، عەلی وەردی (١٩١٣-١٩٩٥) دەبینێ ئەو ئایینانەی خەڵک و نەتەوەکانی دیکە بە چاوێکی کەم تەماشەی دەکەن و پرۆپاگندەی لەدوادا بڵاو دەکەنەوە، لە نێو ئەندامانی خۆدی ئەو ئایینە بایەخێکی تایبەتی و رێزی بێسنووری ھەیە، و ئەو کەسانە ھەمیشە ئامادەن بە گیان و تا دوایین دڵۆپی خوێنیان بەرگری لێبکەن. ئەمەش ھۆکارێکە بۆ سەرھەڵدانی قەیران و ململانێ و جەنگە بێشۆمارەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.
لە ھەمووی مخابنتر ئەوە بووە کە خەڵک و نەتەوە و نەژاد ھەیە لە پێناو ئەو کارە زۆر خەڵکی بێتاوانی دیکە دەکاتە قۆربانی پاراستنی ئەو بەھایانە، و ئەمەو جگە لە سەپاندنی خۆدی ئەو بەھایانە بەسەر خەڵک نەتەوەکانی دیکە بە زۆری و بێ ویست و ئارەزوو و حەزیان.
نموونەی ئەوەی ئارییەکان لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتەکانیان ھەوڵی سەپاندنی ئایینی خۆیانیان دەدا بەسەر نەتەوەی مەسیحی ئەرمەنی بە رەگەز ئاریایی، و ئەو کارە تاوانی گەورەی لێکەتووە. نموونەی دیکەی ئەو کارە ئێستا و لە سەردەم و چەرخی بیست و یەکەمدا لە لایەن دەستھەڵاتدارنی ئێران، زۆر بە زەقی تێبینی دەکرێت. ئەگەر چی دەستھەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، بە ریفۆرمخۆازەکان و رادیکالییەکانیەوە، وا پیشان دەدەن کە لەم خاڵەدا ناکۆکن، بەڵام ئەوەی دەبینرێت دەنگی رادیکال و تووندرۆەکان لە ئاست بابەتی پاراستنی بەھاکانیان، کە جار بە بەھاکانی شۆڕش یان بەھا ئایینییەکان و جاری واش ھەیە بە بەھای کۆمەڵایەتی ناوزەدی دەکەن، زۆر بەرزتر و بەھێزترە. دیارە ھۆکاری جیاواز لە پشتەوەی ئەو چەندەن و بە تایبەتیش ھەبوونی ھێزی لەشکەری و ئابووری و پشتەوانەی سیاسی بەرزتر و بەتایبەت لە لایەن ویلایەتی فەقیھەوە. شاراوە نیە مەبەست لەم دوو بەرەیە ئەو بەرە شێعە مەزھەبن، کە ئەمرۆ و ھەمیشە لە سیاسەت و کۆمەڵایەتیدا، بەرھەمی قۆناغەکانی رابردوو و چەند سەد ساڵەی پێش ئێستان، و وەک خوێندنەوەیەکی مێژوویی و سایکۆلۆژیکی رووداوەکانی ھزاران ساڵی رابردوو ھەموو ئەو راستیە دەردەخەن و خۆشیان لێرە و لەوێ ئاماژەی پێدەدەن، کە کاردانەوەی ھەموو ئەو زۆرداریانەن کە لەو ماوەیەدا و لەسەر دەستی سۆننەکان لێیان کراوە. ھەڵبەت نابێ لەیاد بکەینەوە کە لە بەرامبەر ئەم دوو بەرەیە، بەرەیەکی دیکەی ناسیۆنالیست بوونی ھەیە، کە جگە لە بیری تووندی نەتەوەگەرایی، کاریگەری بیردۆزەکانی مارکسیستی-لینین و ماتریالیستییان بەسەر بیرکردنەوەیاندا زاڵە.
ئەگەر بە وردی سەیری ھەموو ئەو راپەرینانە بکەین کە ئێرانیەکان و بە ھەموو نەتەوەکانیەوە و لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسییەکان و تاوەک ئەمڕۆ، کردوویانە، ئەو راستیە زۆر بە روونی بەدیار دەکەوێ. ئەگەرچی ئەو راپەرینانە بە پێی ھەڵومەرج و جاران رەنگێکی کاڵ و جاریش رەنگێکی تۆخی ئاینییان پێوە دیارە، بەڵام لە بنەڕەتدا ھەڵقووڵاوی رێشەیەکی قووڵی نەتەوەیی و نەژادییە، و بەتایبەت کە کاریگەری ناسیۆنالیستەکانی پارس بەسەر ئەم راپەرین و جووڵە کۆمەڵایەتی-سیاسییانە ھەیە، و تەنانەت ئەو ناسیۆنالیستان داخوازی راماڵینی ئایینی دەکەن لە کۆمەڵگای خۆیاندا، و ئەو کارە بە سەرەتای ئارامی و ئاسایشی تاکی و بەختەوەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایان دەبینن و بڕوایان وایە کە ھەر شوێنێک و وڵات و کۆمەڵگایەک ئایینی بەسەر سیاسەتدا زاڵکرد و لەژێر پەردەی پیرۆزکردنی ھەندێ بەھا، ئەو بیروباوەرەیان بەسەر کۆمەڵگادا سەپاند، ئەوە ئەو کات نایەکسانی و نادادپەروەری رووی دەدات و لە ئەنجامدا دەمارگیری و تووندوتیژی سەرھەڵدەدات. بەشێکی دیکەی خاوەن باوەرێکی نەرمترن لەو تاخمەی سەرەوە و بڕوایان وایە کە ئایین وەک دیوێکی رۆحی، ئەوە نیە کە ھەندێ کەس پراکتیزەی دەکەن. ئەوان وای بۆدەچن کە ئایین لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی رۆحییە لە نێوان تاک-ئافریدە و خۆدایەک-ئافرینندەیەک، و ئەو پەیوەندییە ئەوەندە تایبەت و کەسێتییە کە نابێ جگە لە خۆدی تاک کەس پێی بزانێ، ئەگەینا ئەو تام و کاریگەری و جۆش و خرۆشەی نامێنێ کە دەبێ ھەیبێ. بەدەردی گۆتنی دەبێ وابێ وەک دەڵێن:" بڤی دەستی بدی و دەستێ دیتر پێنەزانت". بەواتایەکیتر دەبێ دڵ بۆ لای خۆاوەندەوە لێبدات و چاو و مێشک پێی نەزانن. بە پێچەوانەوە دووروویی پەیدا دەبێ. خۆداپەرستی واتە ئەو ھەست و سۆزەی مرۆڤ لە گرێبەستێکی رۆحی دەروونی دا لەگەڵ خۆدای خۆی ھەیەتی و نابێ بۆ بازرگانیکردن یان بانگەشە و خۆدەرخستن بەکاربھێنرێت. بەڵام دواجار ئەم بیرۆکەیە بەشێک نیە لە رەوتی ماتریالیستی، و بەشێکی جیاوازن لەیەکتری.
ئەو رەوتە و بیرۆکەیە لە نێو ئێرانییەکاندا بەردەوام لە ھەڵکشان و داکشاندایە، و ھەندێ سەرچاوە لەو بڕوایە دان زیاتر ئاراستەیەکی دژی سامی نەژادەکان و بە تایبەت عەرەبەکان لەخۆی دەگرێ، کە بە سەرچاوەی ستەم لە خۆیان ھەژماریان دەکەن، و راپەرینەکانی ئاری نەژادەکان و بەتایبەتیش ئێرانیان و ھەندێ رەوت و قوتابخانەی فەلسەفیش تیایدا بۆ ھەمان ھۆکار دەگەڕێندرێنن.
لە بەرامبەردا، رەوتەکەیتر کە زیاتر خەمی پاراستنی بەھا ئایینییەکانن-وەک ئەوەی خۆیان بیری لیدەکەنەوە- ئەو رەوتەیە کە ھەموو ھێز و توانای کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەشکەری خۆیان خستووتە گەڕ بۆ ئەم ئامانجە.
سیناریۆییەکانی سیاسی یەکتر تۆمەتبارکردنی ماوەماوەیی ئەم رەوتە و باڵە جیاوازەکانی، تەنھا تەکتیک و تەکنیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاتین، و لە بنەڕەتدا بە پێی گرژی و ئاڵۆزی و گوشارەکانی جیھانی دەرەوە بەسەر ئێراندا سەرھەڵدەدەن، لە کاتێکدا ئەو کاتانەی ئەم گۆشارانە بوونیان نەبێ بەو پەڕی دڕندایەتیەوە سەرقاڵی سەرکووتکردنی دەنگی نارەزایەتییەکانی نێوخۆیی و دەرەکی دەبن.
رەوتی ناسیۆنالیست لەو بروایەدان ئەم رەوتە و بە تایبەت کە بە ئیسلامییە سیاسییەکان ناوبانگیان دەرکردووە، تەنھا ئەجێندایەکی بڵاوکردنەوەی کەلتوور و فەرھەنگی عەربین و ھەموو بیروباوەرکانیان کۆپی ئەو فەرھەنگە سامیەن، کە لەگەڵ فەرھەنگی ئێرانی جیاوازە و بیگانەیە، و لە ئاستی باڵاتر دا ئەوان کەرەستەیەکن بەدەست عەرەبەکانەوە بۆ سەپاندنی فەرھەنگی ئەوان بەسەر بیروباوەری ئێرانییەکان و مێنتالیتەیان. ھەندێ جۆری ئەو رەوتە ناسیۆنالیستە-مەتریالیستییەی ئێران، کە خۆی لە ئۆپۆزۆسیۆنێکی تووندرەودا دەبینێ و نموونەشی پارتێکی وەک مۆجاھدینی خەلقی ئێران و زۆر جووڵەی دیکەن، کە بە پێی ھەڵومەرج بیروباوەرکانیان بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، و بە یەک سیستەم نامێنێ. ھەندێک لەو جووڵە نەتەوەگەرایانەی تووندرۆ بە جۆرێک لە جۆرەکان وزەی ھزری دژی ئایینی خۆیان لەوەدا دەبینن کە ئایین قۆناغێکە لە قۆناغەکانی گەشەی ھزری لای مرۆڤ، کە لە دوای قۆناغی خۆرافاتەوە سەریھەڵداوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە نەیتوانیوە وەڵامدەری زۆرێک لەو پرسیار و داخوازییانەی مرۆڤ بێ کە بە درێژایی مێژوو یەخەی مرۆڤایەتی گرتوو و بۆوەتە کۆسپ لەبەردەمی، لە داھاتوودا جێگەی خۆی دەداتە سیستەمی دیکە بۆ نموونە زانست یان دیمۆکراسیەت یان شیۆعیەت یان ھەر قۆناغێک کە بتوانێ ئەم بۆشاییە پڕ بکات. ئەو رەوتە ئێرانییانە لە سیاسەتدا ئایین بە ئەفیۆنی میللەتان ناوزەد دەکەن، ھەمان ئەو وشەیەی عەلی وەردیش لە بەرھەمەکانی ئاماژەی پێداوە، و تەنانەت پێناسەشیان بۆ ئایین لەو باوەرە سەرچاوە دەگرێ. بە پێی سەرچاوەکان مێژووی ھزری مادیگەرایی لە نێو ئاریاییەکان مێژوویەکی دێرین و کۆنی ھەیە، بۆیەش لەوانەیە زۆر پێشتر بێ لەو فەلسەفانەی لەسەر دەستی ھێگل و مارکس و لێنین و ئەنگێلس و ھاکۆفانیان، تەنانەت بیروباوەر زانستییەکانی کەسانی وەک چارلز رۆبێرت داروین، کە بەرھەمی دەیان ساڵی گەڕان و تاقیکردنەوەیە، سەریھەڵداوە.
ھەندێ جاریش رەخنەیان ئاراستەی ھەوادارانی ئایینەکانی وەک ئیسلام دەگرن، و بڕوایان وایە ئەگەر نەتەوەیەک زیاتر لە ١٢٠٠ ساڵ پەیرەوی ئایینی زەردەشت بووە، و ئێستا بە یەکجاری پشتی تێکردووە یان تەنانەت حاشای لێوە دەکات، دەبێ بە چ روویەک شانازی بەوە بکات کە ١٤٠٠ ساڵە پەیرەوی ئیسلامە، لە کاتێکدا زۆرێک لە بنەماکانی ئەو ئایینانە لەیەکتر دەچن و تەنانەت سەرچاوەشیان یەکە؟!
ھەرچۆنێک بێ گرووپی دووھەم، واتە رادیکاڵەکان، ئەمرۆ و لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتە بەدەست ھزاران کێشە و گرفتی کۆمەڵایەت و ئابوورییەوە دەستەویەخەیە و دەناڵێنێ، گرفتە سیاسییەکانیشی خستووتە سەر ھەموو ئەو گرفتانە، و بێی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی، تەنگی بە تاکی ئێرانی ھەڵچنیوە. ئەو گرووپە سیاسییە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە تێکرا و بەسەر شاھینشاھی ستەمگەری پەھلەوی و گرتنە جلەوی سیاسەتی ئێران لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە زیاتر لە ھەر کاتێک پەرەی سەند، بەڵام بێگۆمان ریشەی بۆ پێش ئەوکاتەش دەگەڕێتەوە.
لە ساڵانی کۆتایی ھەفتاکان، ئەو کاتەی کە لە قۆناغەکانی سەرەتایی خۆێندنی دبستان و لە ھەمانکاتدا خووڵیای خوێندنەوە لام لە ئەوجی خۆی بوو گۆڤارێکی منداڵانە بەناوی "پیک کودک"، واتە پەیامی منداڵ، دەردەچوو، و من بەردەوام دەستخۆمم دەخست و دەخوێندەوە. چیڕۆکی جوان و بابەتی منداڵانەی تیایدا بوو و خوێندنیانم پێ زۆر بەدڵ بوو. ئەو کات لە شارێکی باشووری ئێران، بەناوی گۆرگان بووین، دوای ئەوەی کە راپەڕینی ئێرانیەکان(ئینقلاب) روویدا و ئێمە وەک خێزان و زۆر کوردی ئاوارەی دیکە روومانکردە ناوچەکانی کوردستانی رۆژھەڵات، ھۆکارەکەشی پەیوەندی باوکم بوو بە شۆڕشی گۆڵانەوە. لە شاری نەغدە نیشتەجێبووین و وێرای کارکردن، دیسان خووڵیای خوێندن ھانیدام ھەفتانە بە بەشێک لە پارەی رۆژانەی کە لە کاسبی خۆم دەستم دەکەوت، گۆڤارێکی دیکەی منداڵانە بکڕم بەناوی "کیھان بچە ھا"، واتە جیھانی منداڵان، و پڕ بوو لە بابەتی بە پێزی منداڵانە و زانیاری، بەڵام نەک ئەوان و نەک پەرتووکی قوتابخانە بەشی خوێندنی نەدەکردم، بۆیە لە گەڕەکی "بالخچی" ئەم شارە بارەگایەکی "بەسیج" ھەبوو، کە پەرتووکخانەیەکی لێ بوو، و من زۆربەی کات بۆ خوێندنەوە دەچووم ئەو پەرتووکخانەیە و پەرتووکم بە (ئەمانەت) وەردەگرت و دوای خوێندن بۆم دەگەڕاندنەوە. لە بیرمە لە ساڵانی سەرەتایی ھەشتاکان بوو جارێکیان چووم و ٣-٤ پەرتووکم وەرگرت و ھاتم بۆ ماڵەوە بەڵام لە ناوەندی رێگە لەسەر کۆمەڵێک تاشەبەرد کە بۆ مەبەستی دروستکردنی خانووبەرە لە گۆشەیەک رژابوون دانیشتم و بە ماوەی ١-٢ کاتژمێر ھەموویم خوێندەوە. بۆیە دیسان گەڕامەوە و ویستم پەرتووکەکان بۆ پەرتووکخانەکە بگەڕێنمەوە، کەچی ئەو کەسەی لەوێ بوو، پاش ئەوە لە تێنووسی تۆمارکردن روانی، گلەیی لێکردم و پێی ووتم:"ئەی باشە ھەر توو نەبووی پیش ٢-٣ کاتژمێر ئەو پەرتووکانەت بردووە؟" تێمگەیاند کە خوێندمەوە و ئەگەر بکرێ وەربگرنەوە و ھی دیکەم پێبدەن. سەری سۆڕماو و بۆ ئەوەی پشتڕاستبێ یەک دوو لەو پەرتووکانەی کردەوە و چەند پرسیارێکی لێکردم، کاتێکی کە دیتی بەڕاستی خوێندوومەتەوە، ئێنجا چەندی دیکەی پێدام. ئەوەی کە لە پەرتووکەکانی ئەو پەتووکخانەیەدا ھەستم پێکرد و لە پەرتووکەکانی دیکە دا بەدینەدەکرا بە سەدان چەمک بوون کە بۆ ئەو کاتی ژیانم زۆر ئاڵۆز بوون. ئەو پەرتووکانە پڕ بوون لە ناوەکانی وەک ( حەسەن بەننا، سەید قۆتب، شێخ مەحەمەد عەبدۆ، جەمالەدین ئەسەدئابادی و ...ھتد، و ھەروەھا وشەی وەک کافر، مۆشریک، جیھاد، کۆشتن، ....ھتد)، کە ھاوکات لە نێو ناوەرۆکەکانی ژیانی پەیامبەری مەزن محەمەدی ئەمین (سڵاوی خۆای لێ بێ) و ئەسحابەکان و شتی دیکەش ھەبوون، بەڵام کەسانی سەرەوە نموونەی ھەرە زیندوو و ئەکتیڤی ئەو نوسین و پەرتووکانە بوون. بێگۆمان ئەو کات زوو بۆم دەرکەوت کە ئەو کافرانە لە مەککە و مەدینە بوون، دوای ماوەیەک خوێندن شوێنی دیکەش ھاتە نێوی وەک ئەورۆپا (رۆژئاوا) و ئەمریکا و ئیسرائیل، و ...ھتد، و پاش ئەوەی کە جەنگی ھەشت ساڵەی ئێران و ئێراقیش پەرەیسەند، ناو و کەسانی دیکەی وەک سەدامی گۆڕبەگۆڕ و بەعس و عێراقیش ھاتنە نێو تۆماری ئەو کافرانە. بۆ من ھەمیشە ئەو ناو و زاراوانە جێی پرسیار بوون، و تا گەورەتر بووم تازە بە تازە لێیان تێگەیشتم، بەڵام بە ھزاران منداڵ و گەنج لەو وڵاتە، چ ئەو کات و چ ئێستا، بوون بە قۆربانیی ئەو بیروباوەرە تووندھاژۆیانەی سیاسەتوانانی ئەو وڵاتە. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ و سەرەڕای زۆر کەین و بەینی ژێر بە ژێر لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ژ ئەو کاتەی خۆدی ئایەتۆڵا خۆمەینی لە فرەنسا بوو و چ دواتریش کە ھاتە ئێران، بەڵام قۆربانیی گەورەی ئەو گۆتارە پارادۆکسیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ھەڵوێستەکانی لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریکا و ئیسرائیل، منداڵان و گەنجان بوون، کە گۆێیان پڕ دەکرا بەم گۆتارە بێ بنەمایە و جۆرێکی تێکچوونی ھزری و کەسێتی لایان پەیدا دەبوو، و بەتایبەت ئەم گۆتارە خۆی خزاندبووە نێو پرۆگرامی خوێندن لە گشت قۆناغەکان و ببوو بەشێک لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن.
بۆ منی منداڵ تێگەیشتن لەو بابەتە قورسانە جۆرێک پەریشانی و شەپرزەیی بەدوای خۆیدا دەھێنا، ئەو کات نەمدەزانی بۆ، بەڵام دوای نزیکەی ٣٥ ساڵ، و بە خوێندنی بیردۆزەکانی زانایانی وەک جان پیاژێ، کە زیاتر لە ٥٠ ساڵی رەبەق سەرقاڵی توێژینەوە لە بارەی منداڵ بوو، زانیم کە چەمک و ئایدیۆم و زاراواەی قورس و ئەبسترەکت و ئاڵۆزی لەو بابەتە و فرەرەھەند بۆ منداڵان چەند ناگۆنجاوە و مێشکی و مێنتالیتەی قبووڵیان ناکات و ناتوانێ سازانی (adjustment) ی لەگەڵدا بکات و بە تایبەت ئەگەر بە زمانێکی بێگانە و لە فەرھەنگ و کەلتوورێکی بیانیەوە ھاتبن. بەڵێ لە گەرمەی ئەو شەڕە نگریسەی ھەشت ساڵە، کە بە پێی سەرچاوەکان زیاتر لە چەند مەلیار دۆلار زیانی دارایی بۆ دوو وەڵات و ناوچە و جیھان ھەیبوو، چەند زیانی مرۆڤیشی ھەبووە. لە ساڵانی خوێندنم ھاوپۆلەکانی خۆمم دیت کە لەو جەنگە بە کوشت چوون و ناو و یادی زۆریان ئێستاش ھەر لە بیردانکم ماوە. ئێستا زانیبووم کە ئەو پەرتووکخانانە و لە بن سێبەر و ناوی پیرۆزی ئایینی، شتێک نەبوو جگە لە بێشکەیەک بۆ پەروەردەکردنی ھزاران تووندھاژۆی شێعە، و راھاتنیان بە بیروباوەرە رادیکاڵیەکانی کە ئەو کات و لە ریِگەی ئەو پەرتووکانە و نووسەرانی نێو خۆی وەک جەلالی ئالی ئەحمەد و ... ھتد، لە بنەرەتدا سەرچاوەیان لە وەلاتێکی وەک میسر دەھات و بڵاودەکرایەوە. ئەوە بەشێک بوو لە ھەمان فەلسەفە و بیرۆکەی ھەناردەکردنی "ئینقلابی" ئێران بۆ وڵاتانی ناوچە و جیھان، کە حکومەتی ئێران بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵی بۆ دەدا و بە مەلیارھا دۆلاری لە زگی برسی خەڵک دەدزییەوە و لەو پرۆژەیە بڵاودەکردەوە، و ئەوەش بە یەکێک لە ھۆکارەکانی ناسەقامگیری ناوچە و بەھێزتربوونی تیرۆریزمی جیھانی، کە بەشێکی ھەر لە ئۆبالی خۆیان بوو، ھەژماردەکرێت. بۆ دەبێ چەند کەسانێک بە ھۆی بیروباوەرە تایبەتییەکانی خۆیان، بێ ئەوەی ھیچ سوودی بۆ من و زۆر کەس تیایدا بێ جەنگی دەروونی خۆیان لەگەڵ چەند وڵات و لایەن و نەتەوەی دیکە بە من و ھزاران منداڵی دیکە بکەن؟
*****
دیارە مرۆڤ وێرای ئەوەی کە توانای بەرگرتنی زۆر گۆشاری ھەیە بەڵام لە ھەمانکاتدا ئاستی خۆڕاگرییەکەشی لەبەردەم ژیان و گرفتەکانی سەختی ژیان سنووردارە. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی نێوخۆیی کە لە لایەن رێکخراوەکانی ناحکومی و یان سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مەلیۆنەھا بەکارھێنەری دەرمانە بێھۆشکەرەکان، ئاستێکی بەرزی دیاردەی لەشفرۆشی لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیان، راکردنی ھزاران کچ و ژن لە ماڵەکانیانەوە، دیاردەی بازرگانی بە مرۆڤ و بە تایبەت رەگەزی مێینە، بێکاری، ھەژاری و ... ھتد، تەنھا بەشێکن لە باری قورسی ئەو دۆخە ناڵەبارەی تاکی ئێرانی دووچاری ھاتووە. ئەمە و جگە لەو کەسانەی کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان پەیوەندی بە میلیشییاکانی لەشکەری لەبەرەی شێعە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، و بەتایبەت وڵاتانی وەک لۆبنان و یەمەن و سووریا و عێراق دەکەن و زۆریشیان بەکۆشت دەچن. بەڵام دەستھەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و بە تایبەت رادیکاڵەکان لەم وڵاتە، لەبڕی دابینکردنی خۆشگۆزەرانی بۆیان و رێگریکردن لە پەرەسەندنی ئەو ھەموو دیاردە ناوازەیە، و سوود وەرگرتن لە خاکێکی بە پیت و دەوڵەمەندی ئەو وڵاتە، لە خەیاڵپاڵاوی پاراستنی ئەو بەھا خەیاڵییانەی بەردەوام باسی لێوەدەکەن، لە لایەک ھەم سەرقاڵی قڕکردنی خەڵکی خۆیانن و ھەم خەڵک و نەتەوەکانیتری ناوچەکە، و تێکڕای ناوچەیان لە ئاگری ئەو ھەوڵانە بۆ پاراستنی ئەو شتە وەھمیانە، خەریکە نقووم دەبن و دەبن بە قۆچی قۆربانیی ئەو بیروباوەرەی کە لە بنەڕەتدا پاراستنیان ئەرکی ئەوان نیە. لەکاتێکدا کە ئێران خەریکە بەھۆی ئەو بیرۆکەیەوە تووشی گەورەترین کارەساتی مرۆڤی دێتن، و لە بڕی پاراستنی ئەو بەھایانە مرۆڤەکان دەکاتە قۆربانی.
ئێران لە ماوەی رفراندۆمی کوردستانیان گەورەترین ھاوپەیمانی لە دژی خواستی کوردستانیانی پێکھێنا و بە ھەڵخەڵەتاندنی چەند کوردێک، بە خەیاڵی خۆی شکستی بە پلانی رۆژئاواییەکان بۆ دابەشکردنی عێراق ھێنا، لە کاتێکدا کە بێبەشبوونی کورد لە مافە رەواکانی بۆ ماوەی چەند سەد ساڵ و بەتایبەت سەدەی رابردوو و لەژێر دەستھەڵاتی شێعە و سۆننەکان، گەورەترین پاڵدەری بووە بۆ دورکەوتن لە قۆربانیی زیاتر و بیرکردنەوە لە جۆدابوون. ئێران بەو پەڕی شانازییەوە باس لەو سەرکەوتنەی دەکات، لەکاتێکدا کە ئەوەی راستی بێ ئەمە نەک سەرکەوتن نەبوو بۆ ھیچ لایەن و وڵاتێک بەڵکۆ ئەو پەڕی ستەم بوو لە کوردستانیان و ھیچی کەمتر نەبوو لەو زۆردارییەی کە رژێمەکانی پێشووتر لە کورد و کوردستانیان کردیان. بەھۆی ئەو ھەوڵە نەزۆکەی ئەوان ورەی دوژمنانی دیکەی کوردستانیش بەرزتر بوو و زیاتر لە جاران دەستیانی لە ستەمگەری بەرامبەر بە کورد ئاوەڵا کرد.
ئەوەی ئێرانی ئێستا بە بیانۆی پاراستنی بەھاکانی خۆی ھەژماردەکات تەنیا خۆھەڵخەڵەتاندنە، ئەگەینا بەجیھانیبوونی تێگرای ئەم گەردوونە و ناوچە و ئێران بەتایبەتی ئیتر خەونی پاراستنی بەھاکانی لەناو گۆڕناوە. راگەیاندن سنوورەکانی جۆگرافیایی و مرۆڤی و رەوشتی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تێپەڕاندووە. ئەوەی دەستھەڵاتی ئێران لێی دەترسێ و پێی وایە بوونی ئەمریکییەکان لە ئێران یان ناوچەکە زیان بە بەھاکانی دەگەینێ تەنھا ئەمریکۆفۆبیایەکە، کە ئەوان بۆ خۆیان دروستی دەکەن و بانگەشە و پرۆپاگندەی بۆ دەکەن. چونکە لە لایەک جارێ خۆ بەھا و فەرھەنگێ ئەمریکی ئێستا زۆر راشکاوانە و ئاشکرا لە ھەر خێزانێکدا لە ئێران بوونی ھەیە، و ئەویش لە رێگەی ئەنترنێت و دەزگاکانی دیکەی راگەیاندنە. لە لایەکی دیکەشەوە ئەو جۆرە فۆبیایە، وەک زۆر لە داب و نەریت و رەفتارەکانی دیکەی نێو ماڵی شێعە و بەتایبەت بۆنەکانی ئایینی وەک تاسووعا و عاشوورای حۆسێینی(س) و شەھیدبوونی ئیمام عەلی(س) و زۆر بۆنەی ھاوشێوە تەنھا ئامراز و کەرەستە و بەڵکۆ ستراتێجی کۆکردنەوەی نێو ماڵی شێعەیە زیاتر لە زۆر شتی دیکە. لە راستیدا تاکی ئێرانی بە یەکێک لە کراوەترین نەتەوەکان ھەژماردەکرێن، و ئەزموون پیشانی دەداتن کە بە گەیشتنیان بە وڵاتانی رۆژئاوا زۆر بە ئاسانی و بەشێوازی جیاواز تەنانەت گۆڕینی ئایینی خۆیان ئاوێتەی کۆمەڵگاکانی بیانی دەبن و بەزووترین کات خۆیان لەگەڵ ئەو فەرھەنگانە دەگۆنجێنن. ئەگەرچی حکومەتی ئێران، ھاوشێوە زۆر قۆناغی دیکە، تەنانەت ھەر لە سەردەمی ئەمەوییەکان و بەھۆی ئەو ستەمەی لە لایەن ئەوانەوە لە گشت میللەتانی مۆسڵمانی ناعەرەب، یان بە زمانی عەرەبی بڵێن عەجەمەکان و لەوانیش کوردەکان، دەکرا و پەیدابوونی فەلسەفەی مەوالیبوون بەشێکە لەو تراژێدیایە، ھەوڵیان داوە پۆپۆلیستانە ھەڵسوکەوت بکەن و سەرنجی خەڵک بۆ لایەنی ئایینی و بەتایبەت ھەندێ سیمبۆل، و لەوانەشە ئەو پێشەوایانەی سەرەوە کە لە مەزھەبی شێعە شوێنکی تایبەتیان ھەیە، و سیمبۆڵی رکابەرین لەگەڵ عەرەب و قۆڕەیشییە دەمارگیرەکان، وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن، بەڵام تیایدا سەرکەوتوو نەبوون??