عێراقی دوای 12ی ئایار
June 11, 2018
وتار و بیروڕا
پێش هەڵبژاردن كەمترین بۆچوون هەبوون بۆ بەرزبوونەوەی كێرڤی جەماوەری سەدرییەكان(سائیرون) زوومی شرۆڤەكاران و میدیا بیانیەكان سەركەوتنی عێراق لە شەڕی داعشیان دەكردە پێوەری سەركەوتنێكیتر بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی كوتلەی(نەسر) هەروەها بەهۆی زۆر نزیكی هادی عامری لە ئێران و باڵە سەربازییەكەی ئێران كوتلەی(فەتح)یان بە رزگاركەری عێراق ناو دەبرد، مالكی لە دەوڵەتی یاسا بەو سیاسیە ناودەهێنرا لە خەونی گەڕانەوەی بۆ سەرۆك وەزیرانی دەبێتە ژمارەیەكی بەهێز بۆ ئایندەی حكومەتی عێراقی، هەموو ئەوانە بوون بە ئەگەری لاواز و ئێستا یارییەكە گۆڕاوە.
موقتەدا سەدر ئیتر ئەو رێبەرە نییە شەقام دژی حكومەت بجوڵێنێ و هەڵكوتێتە سەر بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و خۆنیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام بدات، ئیتر گوتاری ئەم پیاوە دینیە دەچێتە چوارچێوەی حكومڕانی و لە ئەگەر پەراوێزخستنی لە كابینەی نوێیش ئەوا گوتارە توندەكانی دەباتەوە سەردەمی سەرەتاكانی ئازادكردنی عێراق كە دژی ئەمریكیەكان هێزە چەكدارەكانی بەردەوام دژ بە سەربازە ئەمریكیەكان لە جەنگدا بوون، ئەمجارە بەغدا دەكات بە ئاگر، رێگە نادات ئەم سەركەوتنەی لێوەربگرنەوە، ئەو پیاوە ئاینیە سەردەمێكی زۆرە ململانێیەكانی لەگەڵ قوم بەهێز كردوە و دەیەوێ نەجەف بكات بە دیل و مەڵبەندی ناوەندی بڕیاردانی شیعەی عێراقی. ئەمەشی لە سیاسەتەكانیدا رەنگی داوەتەوە، بۆیە ئێستا دیاریكەری پاشای ئایندەی عێراق لەو پەڕی ناوئومێدیدایە و ناتوانێ ماڵە ئاڵۆزەكەی شیعە كۆبكاتەوە.
گەورەترین قازانجی شیعەكان ئەوەیە سووننەكان ئەو هێزەیان نەماوە لە 2010 و 2014 هەیان بوو، یاخود كورد بەهۆی چارەسەر نەبوونی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا ئەو گرووتینەیان نەماوە بۆ بەغدا. ئەوە گەورەترین قازانجە شیعەكان سودی لێوەر دەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رایەڵە زۆر ماندوو دەكەن كە كابینەكە دادەنێت و سەرۆك وەزیرانێكی هاوسەنگی شیعەیی دیاری دەكات.
مانۆڕەكانی ئێستای نێو ماڵی شیعە شەڕێكی قورسە، بەڵام بەبێ دەنگی، بێدەنگیەك ئەوەی تێدا بەدی دەكرێت نە ئەمریكا و نە ئێران و نە وڵأتانی دیكەی ناو هاوكێشە ئاڵۆزەكەی عێراق نازانن چۆن پاشاكە دیاری بكەن، بیدەن بەدەستی كێیەوە؟ واتا بوونەتە خەمخۆرێكی جدی نێوماڵی شیعەكان، راستە سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان تائێستا بێدەنگە، بەڵام مانای ئەوەش نییە لە دەرەوەی ئەو مشتومڕ و مانۆڕەیە، كە موقتەدا كەمتر ئیتلتزامی پێوە دەكات، ئەمەش وای كردوە دیاریكەرەكانی پادشا(ئەمریكا و ئێران) بكەونە ناو ململانێیەكی سەخت و هەر یەكەیان هەوڵی دروستكردنی بەرەیەك دەدەن، كە بتوانێ لە نێوان سائیرون و نەسر و فەتح چارەسەرێك بدۆزنەوە هەم هاوسەنگی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینی پێرابگرن، هەم بێتە مایەی یەكخستنەوەی نێو ماڵی شیعەكان.
راستە بارودۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و ناوخۆی عێراق، دوای شەڕی داعش و 12ی ئایاری 2018 جیاوازە، بەڵام تاڕادەیەك ئەو تارمایەی نەڕەواندۆەتەوە كە عێراق دەباتە قۆناغێكی دیكە، چونكە ئەوە هەر شیعەكانن حكوم دەكەن، ئەوە سوننە و كورد و پێكهاتەكانی دیكەن لە ناو حكومەتێكی بێ شەراكەت و پڕ لە پێشێلكاری دەستوری و یاسایدا دەژین و كێشە كەڵەكە بووەكان زێدەتر دەبن.
هیچ گەشبینیەك بەدیناكرێت لەوەی پاشاكەی چوار ساڵی ئایندەی عێراق لە نێو ئەو ململانێیە سەختەی نێوماڵی شیعە و ئەو ناڕەزایەتیە زۆرەی پێكهاتەكانی دیكە تەجاوزی ئەو بارودۆخە جیاوازە بكات كە تەواوی ناوچەكە بەدوای خۆیدا هێناویەتی، بەڵكو ئەو پاشایە درێژە بە هەمان سیاسەتەكانی پێشتری خۆیان دەدەن و كێشەكانیش دەستاودەتسكردن دەكات. بەڵگەش رێژەی كەمی بەشداربووان بوو كە نەگەیشتە 50%ی و ئەو بێئومێدییەی لە شەقام هەبوو لە سندوقەكانی دەنگدان رەنگیدایەوە.
بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی پێداچوونەوە و هەژماركردنی دەنگە ئیلیكترۆنیەكان بە دەست، تەنیا كات كوشتنێكە بۆ دەرفەت دان بە رێككەوتنێكی سیاسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و ناوخۆیی تا پاشاكەی عێراق بە تەوافوقێكی هەمەلایەنە بخەنە سەر كورسیەكەی سەرۆك وەزیران، ئەم دۆخەش بەبێ ململانێ سەخت تێپەڕ نابێت، بۆیە مێژووی عێراق قۆناغێكی دیكەی نوسیوە ئەوەیش هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار و كابینەی حكوومەتی دوای ئەم هەڵبژاردنەیە.