بێمتمانه‌یی له عێراق
June 4, 2018
وتار و بیروڕا
ورده‌كاری سیسته‌می سانت لیگۆ بۆ هه‌ڵبژاردنی 2018ی عێراق، ته‌نیا له زیانی حزب و كیانه بچووكه‌كان بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمان لێره باسی بكه‌ین، كه‌م بوونه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌شداریكردنه له هه‌ڵبژاردن، به‌تایبه‌تی له هه‌موو پارێزگاكان جگه له هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌راوردێك بكه‌ین له‌گه‌ڵ پێشتری رێژه‌ی به‌شداربووان له دوو هه‌ڵبژاردنی 2010 و 2014 ئه‌وا به روونی بێ متمانه‌یی نێوان هاوڵاتی و حكومڕانان گه‌یشتۆته ئاستێكی زۆر به‌رز، رێژه‌ی به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2010 به‌پێی ئاماری كۆمیسۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق گه‌یشتۆته 62%. راسته ده‌توانین ئه‌و رایه‌ش قبوڵ بكه‌ین كه تاڕاده‌یه‌ك دۆخی سیاسی و ئه‌منی عێراق له 2010 و 2018 جیاوازیان زۆره، به‌ڵام دابه‌زینی رێژه‌كه هه‌ڵوه‌سته‌ی زێده‌تر هه‌ڵده‌گرێ كه كه‌متر په‌یوه‌ندی به ناسه‌قامگیرییه‌وه هه‌یه. له ساڵی 2014 ئه‌و رێژه‌یه دیسان دابه‌زی بۆ 60% ، تاڕاده‌یه‌ك ئه‌م رێژه‌یه له‌گه‌ڵ 2010 نیشانه‌یه‌كی ئیجابیه بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانی له عێراقدا.
له 2018 كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به داتایه‌ك ئه‌وه‌ی راگه‌یاند، 24 ملیۆن هاوڵاتی مافی به‌شداریكردن و ده‌نگدانیان هه‌یه. هه‌مان ئاماری كۆمیسیۆن دوای هه‌ڵبژاردن ئاماژه به‌وه ده‌كات 13 ملیۆن به‌شداریان كردووه و رێژه‌ی به‌شداربووان له نێوان 2014 و 2018 جیاوازییه‌كی زۆری دروست كرد، كۆمیسیۆن و ئاماره فه‌رمیه‌كانی حكومه‌تیش ده‌ڵێن له 12ی ئایاری 2018 رێژه‌ی به‌شداربووان گه‌یشتۆته 44%.
شه‌ڕی داعش و ئاواره بوون و كۆمه‌ڵێك رووداوی دیكه‌ی وه‌ك له‌شكركێشی و خیانه‌ته‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 كاریگه‌ریان هه‌بووه له‌سه‌ر كه‌می ئه‌م ڕێژه‌یه، به‌ڵام به‌جۆرێكی دیكه‌یش سیاسه‌ته چه‌وته‌كانی به‌غدا چ به‌رامبه‌ر پێكهاته‌كانی عێراق و چ به‌رامبه‌ر به میلله‌ته‌كه‌ی خۆیان ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌و سزایه كه خه‌ڵك ده‌ستهه‌ڵگرێ له له ململانێیه‌كی دیموكراسیانه و ئاشتیانه كه ئه‌ویش بایكۆت كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه.
سوونه‌كان ده‌ڵێن: شاره‌كانمان وێران كراوه و ئاواره بووینه و له ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی هێزه میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و گروپی تیرۆریستی داعش بووینه له هه‌مانكاتیشدا بێباكی حكومه‌تی عێراقی و گه‌نده‌ڵی و فه‌شه‌لی سیاسی و حكومڕانی به‌غدا هۆكارێك بووه بۆ كه‌می ده‌نگی كیانه‌كانمان و كه‌می رێژه‌ی به‌شداربوونان، ئه‌مه دروسته و دۆخی سوونه‌كان گورزێكی كوشنده‌تر بوو له‌و هێزانه‌ی كه ده‌یانویست له عێراقدا درێژه به‌كاری سیاسی بده‌ن و ئه‌وه‌ی به شه‌ڕ له ده‌ستیان داوه به ئاشتی به‌ده‌ستبهێننه‌وه.
له كوردستانیش پێچه‌وانه‌وه رێژه‌كه زێده‌تر بوو، چونكه میلله‌تی كورد ویستیان ته‌حه‌دایه‌كی دیكه‌ی هه‌موو عێراقیه‌كان بكه‌ن كه له‌شكركێشی و داگیركردن و بڕینی موچه و بودجه‌ی كوردستان و فشار خستنه سه‌ر هاووڵاتی كورد هیچ له ئیراده‌ی مانه‌وه و به‌رگری كه‌م ناكاته‌وه.
به‌ڵام به‌گشتی بۆ عێراق زه‌نگێكی مه‌ترسیداره كه رێژه‌ی ده‌نگدان به‌و ئاسته دابه‌زێ بۆ 44% و خۆئه‌گه‌ریش هه‌مان عه‌قڵیه‌تی پێشتر حكومڕانی بكاته‌وه، بۆ بۆ چوار ساڵی ئاینده ئه‌م رێژه‌یه ئه‌گه‌ر دانه‌به‌زێ، ئه‌وه ئه‌و وتن و رایه‌ی كورد و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی بۆ هه‌موو دنیا ئاشكرا ده‌بێت، عێراق نابێت به وڵاتێك سه‌قامگیری تێدا جێگیر بێت تا كێشه‌ی پێكهاته‌كان به پێدانی مافی ره‌وای خۆیان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.