رەمەزانی پیرۆز مانگی قووڵكردنەوەی لێبووردەیی و پێكەوە ژیانە لە كوردستاندا
June 4, 2018
وتار و بیروڕا
ئایینی پیرۆزی ئیسلام بایەخێكی زۆری بە لێبووردەیی و پێكەوەژیان داوە و دەكرێت بڵێین لێبووردەیی و پێكەوەژیان یەكێكە لە كۆڵەگەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، هەر بۆیە كە بە مێژووی ئیسلامدا دەچینەوە، دەبینین پێغەمبەر (د.خ) لەسەر بنەمای لێبووردەیی و پێكەوەژیان كۆمەڵگەیەكی تازەی لە مەدینە دامەزراند، لەم كۆمەڵگە نوێیەدا موسڵمان و جوولەكە و تا رادەیەكیش كریستیان كە كۆمەڵگەیەكی فرەئایینی و نەتەوەیی وێنا دەكرد، توانییان بە بێ كێشە لەگەڵ یەكتری بژین. كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت: ئایینی پیرۆزی ئیسلام هانی بڕوادارانی خۆی دەدات پەرە بە پێكەوەژیان و لێبووردەیی بدەن و پێڕەوی بكەن.
ئاشكرایە لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا لە هەموو مانگەكانی ساڵدا سیمای پێكەوەژیان و لێبووردەیی، سیمایەكی كۆمەڵگەی ئێمە بووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان رەنگدانەوەیەكی تایبەتیتری دەبێت، لە كوردستاندا كە وڵاتێكی فرەئایین و نەتەوەیە، گەلی كورد بە حوكمی ئەوەی زۆرینەی زۆری موسڵمانە و ئەركی ئایینی بەجێ دەگەیەنێت، دەبینین ئەو خەڵكانەی كە لە پێڕەوانی ئایینی دیكەن و ئەم ئەركەیان لەسەرشان نییە، یان ئەوانەشی كە لەبەر هەر هۆیەك بێت، بەڕۆژوو نابن، هەوڵدەدەن رێز لە هەست و نەستی بەرامبەرەكەیان بگرن كە لەم مانگەدا بەڕۆژوو دەبن، ئەمەش واتە بە موسڵمان و ئەوانەشی پێڕەوانی ئایینی دیكەن زۆر بە رێكوپێكی هەوڵیانداوە ئەم دیاردە جوانەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی پیادە بكەن.
دیاردەیەكی دیكەی جوانی كۆمەڵگەی كوردستان هەر لە مانگی رەمەزاندا، ئەوەیە كە چین و توێژەكان لە ناو خۆیاندا هاریكاری یەكتری دەكەن، لە ناو دامودەزگاكانی حكومەت هاوكاری یەكتری دەكەن، تەنانەت ئێمە زانیاریمان لەبەر دەستە كە خانەوادەی موسڵمان هەیە دراوسێیەكەی كریستیانە، یان ئێزیدییە، لەم مانگی رەمەزاندا شیویان بۆ بەربانگ بۆ دراوسێ موسڵمانەكەیان بردووە، یان لە زۆر شوێنی دیكە خوانی بەربانگ لەلایەن كریستیانەكانەوە ئامادە كراوە و بانگهێشتی موسڵمانەكانیان كردووە، بۆیە ئەم دیاردەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە مانگی رەمەزان دیاردەی لێبووردەیی و پێكەوەژیان لە كۆمەڵگەی كوردستاندا زیاتر قووڵ دەكاتەوە و جارێكی دیكە دەبێتەوە بۆ هەوێنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی لەنێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكاندا پتەوی دەكاتەوە.
هەر بۆیە ئەگەر خەڵكانێك لە هەموو مانگەكانی ساڵ بەگشتی و بەتایبەتی لەمانگی رەمەزاندا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، ئەوا هەست دەكات كە لەم كۆمەڵگەیەدا تا ئەو پەڕی پێكهاتە جیاوازەكان رێز لە یەكتری دەگرن و بە گیانی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و خۆشەویستییەوە ژیان لەگەڵ یەكتری بەسەر دەبەن.
هەر لەسەر بنەمای ئەم لێبووردەیی و پێكەوە ژیانە، دەبینین لە شارەكانی كوردستان بەگشتی و لە هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، شەوانی مانگی رەمەزان وەك كەرنەڤاڵ و جەژن دێتەبەرچاو، هەم مزگەوتەكان قەرەبالغن و خەڵكی كوردستان بە كۆمەڵ روویان تێدەكەن، هەمیش دووكان و بازاڕەكان تا نوێژی بەیانی كراوەن و خەڵكەكە بە تەواوەتی لەگەڵ خۆشی و بەرەكەتی مانگی رەمەزان تێكەڵ دەبن.
گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە ئەو خۆشی و كەرەنەڤاڵەی لە مانگی رەمەزاندا دەیبینین، بەرهەمی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەیە كە لە هەرێمی كوردستان بەرقەرارە و هاووڵاتی كە شەوانە دێتە دەرەوە، هەست بە دڵنیایی دەكات، هەروەها بەشێكی دیكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە سەركردە مێژووییەكانمان بەگشتی و لەسەردەمی مەلا مستەفا بارزانی توانراوە رۆڵێكی گەورە لە پێگەیاندنی نەوە لە دوای نەوە بگێڕن بۆ ئەوەی بڕوایان بە پێكەوەژیان و لێبووردەیی هەبێت، ئەمەش وایكردووە هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە كوردستاندا هەست بە دڵنیایی و ئارامی بكەن.
ئەم سیمای پێكەوەژیان و لێبووردەیی و رێزگرتنەی لە كوردستاندا بوونی هەیە، لە عێراق و سەرتاسەری ناوچەكە رەنگدانەوەی هەبووە و هەمووان دەزانن لە كوردستان ئەم دیاردەیە بوونی هەیە، هەر بۆیە دەبینین كریستیانێك لە ناوەڕاست و باشووری عێراق غەدری لێ دەكرێت، پەنا دێنێتە كوردستان و لێرە رێزی لێدەگیرێت و باوەشی بۆ دەكرێتەوە، یان عەرەبێكی سوننە، یان شیعە لە ناوەڕاست و باشومری عێراق كە غەدری لێ دەكرێت، دیسان ئەویش پەنا دێنێتە بەر كوردستان و لێرە باوەشی بۆ دەكرێتەوە و رێزی لێ دەگیرێت. ئەوەشی لەمە گرنگتر بە جێگەی شانازیی خەڵكی كوردستان دادەنرێت، ئەم پێكەوەژیان و لێبووردەییەیە تەنانەت لەو كاتانەشی كە پرسی سیاسی تێكەڵاو دەبێت، لە كوردستان رێزی لێ دەگیرێت و ئەم پرسە تیكەڵی سیاسەت ناكرێت. لێرەدا ئەگەر وەك نموونە باسی بارودۆخی دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری كۆتایی ساڵی رابردوو بكەین، ئەوا بینیمان چ كارەساتێك و غەدرێك لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەگشتی و لە كەركووك و دووزخورماتوو بەتایبەتی بە دەستی حەشدی شەعبی بەسەر كورد هات و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆی دەكرا و كوژرا، بەڵام لەبەر ئەوەی گەلی كوردستان بەو شێوەیە پەروەردە كراوە كە بڕوای بە لێبووردەیی و پێكەوەژیان هەبێت، ئەو هەموو عەرەبانەی شیعە و سوننە كە لە كوردستان بوون، رێزیان گرتوون و نە بیریان لە تۆڵەسەندنەوە كردەوە، نە كاردانەوەیەكی خراپیشیان بەرامبەر ئەو خەڵكە عەرەبە پیشاندا كە لە كوردستان نیشتەجێ بوون، ئەمە بەرهەمی ئەو لۆژیك و سیاسەتەی جەنابی مستەفا بارزانی-یە كە لە شۆڕشی ئەیلوولدا پیادەی كردووە و هەموو كات جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە كێشەی ئێمە لەگەڵ رژێمەكانی عێراقە، نەك گەلی عەرەب لە عێراقدا و هەمیشە پارێزگاری لە دۆستایەتی و برایەتی نێوان كورد و عەرەب كردۆتەوە، هەر بۆیە ئەم لۆژیكەیە كە لە كوردستان بوونی هەیە و ئێستا بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ پێكەوەژیان و لێبووردەیی دەكرێت، هەر بەرهەمی ئەم لێبووردەیی و پێكەوەژیانەش بوو كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دەنگی بە پارتی دیموكراتی كوردستان دا.
لە دوماهیدا جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، مانگی پیرۆزی رەمەزان مانگی خۆشەویستی و پێكەوەژیان و لێبووردەییە و دەبێت ئەم دیاردەیە بە تەواوەتی لە مانگەكانی دیكەی ساڵیش وەك مانگی رەمەزان پێڕەو بكەین بۆ ئەوەی بتوانین بە گیانی تەبایی و برایەتی و خۆشەویستی لەگەڵ یەكتر بژین.