حکومەتی باوک لە روانگەی سەماحەتی سەدر

حکومەتی باوک لە روانگەی سەماحەتی سەدر
بە گەواھی مێژوو، لە قۆناغی دایکسالاری لە جیھاندا، کەمترین گرژی و جەنگی خوێناوی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بوونی ھەبووە، و لەم چەند ھزار ساڵەی دواییدا باوکسالاری سەرچاوەی ھزاران جەنگی بچووک و مەزن بووە لە ناوچە و جیھاندا.
حکومەتی باوک حکومەتێکە خۆسەپێنەر و چەوسێنەر و دیکتاتۆریانەیە، کە بەناوی جیاواز ھاتووتە نێو کەلتووری مرۆڤایەتیدا، و نەک رێز لە نەتەوە و گەلانی ناوچە و وڵاتان ناگرێت، بەڵکۆ ھیچ بڕواشی پێ نیە. حکومەتی سەردەمی رژێمە رووخاوەکەی بەعسیش لەو جۆرە حکومەتە بووە و زۆری دیکەش لاسایی دەکەن.
ئەگەر بیرکردنەوەی سەماحەتیان، لە چەرخی بیستەمدا وابێ دەبێ ئەوایتر و زۆرداران چۆن بن؟ دەبێ نەتەوەپەرێست و ناسینالیستەکان و سیسییەکان چی بڵێن و چی بکەن؟ بزاڤ و دروشمەکانی رەوتی سەدر لەم چەند ساڵەی دواییدا لەگەڵ ئەم قسە و بیرکردنەوە و فەلسەفە و جیھابینی و سیاسەتخوانییە ناگۆنجن و تێکناکەن. سەیرە.
حکومەتێکی باوکانەی باوکسالاری لەم وڵاتە نەک تەنھا دەرمانی برین و دەردە قووڵەکان نیە، بەڵکۆ ئاڵۆزتر کردنی زیاتری دۆخەکە و چەوساندنی زیاتری نەتەوەکانیەتی، و تووندوتیژی زیاتری لێدەکەوێ، و ناکۆکییەکان قووڵتر، نادادپەروەرییەکان و نەایەکسانی زیاتر دەکات، و دوا جار پەیدابوونی زیاتری گەندەڵی و سەدان رێکخراو و تاخمی چەکداری و تیرۆریستی لێدەکەوێتەوە. زۆرترینی ئەم زیانانەش بەر کورد و کوردستانیان دەکەوێ.
ئەگەر سەماحەتیان ئەوە فەلسەفەی بێ بۆ گێڕانی دەستھەڵات، دەبێ پرسیار بکرێت باشە چۆن ئەو ھەموو دەنگەی ھێناوە و چۆن رۆژئاواییەکان متمانەی پێدەکەن؟ ھەر دووی ئەم بابەتانە جێگەی گۆمانن، مەگەر یەکەم خەڵکی ئەم وڵاتە بەردەوامی گەندەڵییان پێ باشترە، و رۆژئاوایەکانیش ناکۆکی و ناتەبایی ئەم وڵاتە و نەتەوەکانی دەخوازن تا بەھۆیەوە پێگەیان بەھێزتر و بەردەوامی بوونیان لێرە مسگەرتر ببێ !!




Top