پێش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا

پێش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا
بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، تاڕاده‌یه‌ك دروشمه‌كان نابنه‌ ئه‌ساسی سیاسه‌تی ئه‌و هێزانه‌ی به‌شداریان له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد(12/5/2018)، به‌تایبه‌تی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، چونكه‌ قورسایی هه‌ندێك حزب له‌گه‌ڵ دروشمه‌كه‌یدا یه‌كناگرێته‌وه‌، یاخود هه‌ندێك لایه‌ن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد هێزی حزبه‌كان به‌م رێژه‌ به‌راییه‌ی ئێستا راگه‌یه‌نراوه‌ بێت، هه‌ر لایه‌نێك روئیایه‌كی سیاسی و جۆری په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا و پێداگیری له‌سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌یی یاخود هاوڵاتی..هتد خسته‌ڕوو، به‌ڵام ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ مایه‌ی زیاد و كه‌مه‌، یاخود بگوترێ قابیلی گۆڕانكارییه‌.
به‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و سێ پرۆسه‌كه‌ی پێشتریشی كورد دروشمه‌كانی له‌پێناوی یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاری و یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی له‌ كرده‌وه‌كانیان زیاترن، كه‌م جار بووه‌ هێزی كوردستانی له‌ به‌غدا یه‌ك ره‌نگ(نه‌ته‌وه‌یی) به‌رگری بكه‌ن له‌ مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، په‌رته‌وازه‌یی و ده‌سكه‌وتی حزبی و كه‌سێتی رێگری گه‌وره‌ بوونه‌ له‌به‌رده‌م كورد له‌ به‌غدا، مێژوو شاهیدی گه‌وره‌ ده‌دات، كه‌ به‌شی زۆری هێزه‌ كوردستانیه‌كان له‌ به‌غدا له‌ ئاست ئه‌و دروشمانه‌ نه‌بوونه‌ كه‌ ده‌نگده‌ری كوردیان پێ ئاڕاسته‌كرد و متمانه‌یان لێان وه‌رگرت.
پێگه‌ی كورد له‌ به‌غدا، په‌یوه‌ندی به‌ زۆری و كه‌می كورسیه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك نییه‌، راسته‌ هێزه‌ عێراقیه‌ شیعیه‌كان پێداگیری له‌سه‌ر حكومه‌تی زۆرینه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی ئه‌مه‌ی پێ قبوڵ نییه‌، كوردیش و سوننه‌ش ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام بۆ هاوپه‌یمانێتی و رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكوومه‌ت تائێستا روئیایه‌كی روون نییه‌، ئاخۆ به‌ره‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در یا به‌ره‌كه‌ی مالیكی و عه‌بادی عێراق ده‌گرنه‌ ده‌ست، بۆ كورد گرنگه‌ یه‌ك په‌كێجی دانوستان و كاری هاوبه‌شی هه‌بێت، نه‌ك بۆ دابه‌شكردنی ته‌نیا پۆسته‌كان، به‌ڵكو بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتی زیاتر و مامه‌ڵه‌یه‌كی دروستتر له‌ جاران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی ئێستا چه‌كێكی به‌هێزی وه‌ك ئه‌نجامی(ریفراندۆم)ی له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌ وه‌ك كارتێكی به‌هێز ده‌توانێ رۆڵ بگێڕێ له‌ به‌غدا، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی نكۆڵی له‌و پرۆسه‌ی سه‌ركه‌وتووه‌ی كورد ده‌كه‌ن، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ هێزی ئه‌وه‌ی نییه‌ به‌غدا ملكه‌چی هه‌ندێك شت نه‌كات به‌تایبه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
پێش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، هێزه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی كورد ده‌بێ به‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كی به‌هێزه‌وه‌ بچێته‌ دانوستاندن، هه‌ر كه‌لێن دروستكردنێك له‌ نێوان هێزه‌ كوردستانیه‌كان گورزوه‌شاندنێكی گه‌روه‌یه‌ له‌ پرسی كورد له‌ عێراق و به‌ڕای زۆری خه‌ڵكی كوردستانیش هه‌ر هێزێك ئه‌نجامی سه‌ركه‌وتووانه‌ی ریفراندۆمی 25ـی ئه‌یلولی 2017 نه‌كاته‌ پێوه‌ری مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، جۆرێكی دیكه‌ ده‌بێت له‌ خۆته‌سلیم كردن و بچووككردنه‌وه‌ی پرسی كورد. بۆیه‌ ئه‌ركێكی گرنگی هێزی یه‌كه‌می كوردستانه‌(پارتی دیموكراتی كوردستان) مه‌رجی هاوپه‌یمانێتی كوردستانی به‌پێی ئه‌نجامی ریفراندۆم و به‌رگری كردن له‌ رای ئازادیخوازی كوردستانیان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردستانیه‌كان بكات و شێوه‌ میساقێكی نه‌ته‌وه‌یی دایبڕێژێ و بیكات به‌ به‌رنامه‌ی كاركردنێكی جدیانه‌ و بێ سازشكردن له‌سه‌ری. ئه‌و كاتیش له‌ پێگه‌ی به‌هێزی كوردستانه‌وه‌ هێزه‌كانی عێراقی تاڕاده‌یه‌ك ناچار به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی هاوسه‌نگتر بێنه‌ پێشه‌وه‌.
Top