دوا ئەنجام و پەیام
May 2, 2018
وتار و بیروڕا
كورد پەیامی خۆی پێش هەڵبژاردنی خولی چوارەم راگەیاندوە، شەڕی نەتەوەیی دەكات و بەدوای دەسكەوتی زیاترەوەیە، دەیەوێ بە زمانی دیالۆگێك و ئاشتیانە بابەتی سەربەخۆیی بچەسپێنێ، هەر هێزێكی كوردستانی بانگەشەی چوونەوەی هەمیشەیی لە عێراق بكات، بێگومان راستگۆ نییە و باجەكەیشی دەدات.
ئەو گەرم و گوڕییەی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكان بەدی دەكرێ بۆ پارێزگارییە لە رێژەی دەنگەكان، هیچ كاتێك بۆ گۆڕینی وێنە راستەقینەكە نییە، ئەو وێنەی كە بەردەوام عێراقی وەك وڵاتێكی مەترسیدار هێشتۆتەوە، وڵاتێك بونیادەكەی مەزهەبی بێت و ناسەقامگیر و بێ ئیرادە بەرامبەر بە چارەسەری كێشەكان و چارەسەری دەستووری نەبووتە مۆدێلێكی هیوابەخش.
دوا ئەنجام ئەوەیە كورد بەو پەرتەوازییەوە دەچێتەوە ناو پەرلەمانی عێراقی، پەیامەكەیشی جارێكی دیكەی بە هۆی ناكۆكی و ململانێیەوە پەیامێكی پەرتەوازە دەبێ و كەمتر رەنگدانەوەی رای شەقامی كوردستانی پێوە دیار دەبێ، چونكە 25ی ئەیلولی 2017 پەیامی راستەقینەی خەڵكی كوردستان بووە، ئەم پەیامەیش پێویستی بەوە هەیە هێزەكان لە ئەجێنداری خۆیاندا جێی بكەنەوە و كاری جدی لەسەر بكەن و بەپەراوێزخراوی نەمێنێتەوە.
ئەگەر بڕیار بێت، بۆ دەسكەوتی حزبی و پۆست هێزە كوردستانیەكان بڕۆنەوە ژێر چەتری دەوڵەتێكی مەزهەبی و تەماشاكەر بن چۆن دەستورەكە كارپێنەكراوەكەی عێراق پێشێل دەكرێت و پشت لە رای خەڵكی كوردستانیش بكەن، ئەوا هەڵەیەكی گەورەی مێژووییە و سزای میللەتیش سەختر دەبێ، چونكە هەڵبژاردنی دیكە و بەتایبەتی پەرلەمانی كوردستان لە پێشەوەیە.
هەر هێزێكیش بە متمانەی 25ی ئەیلولی 2017ەوە شەڕ لەپێناو چەسپاندنی رای میللەتەكەی بكات بۆ سەربەخۆیی، ئەوا ئەنجام و پەیامە گرنگەكەی بەردەكەوێ و لە بەرامبەر میللەتەكەی رووسور دەمێنێتەوە.