هێرشە مووشەكییەكان و ستراتیژیەتی پەیوەست بە سووریا

هێرشە مووشەكییەكان و ستراتیژیەتی پەیوەست بە سووریا
چەند كاتژمێرێك پاش ئەوەی زیاتر لە 100 مووشەكی كرۆزی ئەمریكی و فەڕەنسی و بەریتانی چەند پێگەیەكی سووریایان كردە ئامانج- كە گریمانەی ئەوە دەكرێت شوێنی دروستكردنی چەكی كیمیایی بن- سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ لە تویتێكدا رایگەیاند: «گورزێك كە بە باشی جێبەجێكرا. نەدەكرا دەرئەنجامی باشتری لەوەش بەدەست بهێنایە. ئەركەكە بەجێهێنرا.»
ئەو ئەركەی كە «بەجێگەیەنرا» بریتی بوو لە ناردنی ئەو پەیامەی كە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بێ باج تێناپەڕێت بەسەر ئەو كەسانەدا كە بەرپرسیارن لە بەكارهێنانی. لە باری میسالیدا، گورزی تۆڵەسەندنەوە وەك ئەو گورزانەی ئەم جارە دەبێتەهۆی سڵ پێ كردنەوەی حكومەتی سووریا، یان هەر حكومەتێكی دیكە لەوەی جارێكی دیكە چەكی كیمیایی بەكار بهێنێت و رێككەوتنی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی پێشێل بكات.
بەڵام روون نییە ئایا ترەمپ توانیویەتی ئەم كاریگەرییە بەدەست بهێنێت و رژێمی سووریا سڵ پێ بكاتەوە لە بەكارهێنانی ئەم چەكە. چەند گورزێكی بچووكتر لە ساڵی رابردوودا نەبوونە هۆی گۆڕینی رەفتاری رژێمی سووریا و ئەگەری ئەوەش نییە هێرشەكانی ئەم دواییە ئەم دەرئەنجامە بەدەست بهێنن. كەواتە ئەوەی حكومەتی بەشار ئەسەد بەدەستی هێنا لە رێی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییەوە- وەك گرتنەوەی دوما و غوتەی رۆژهەڵات كە پێشتر بەدەستی یاخیبووەكانەوە بوو- زیاترە لەو باجەی دای لەبەرامبەریدا. هەروەها خەریكە بڵێین تەواو دڵنیاین كە حكومەتی سووریا هێشتا چەكی كیمیایی هەیە و توانای ئەوەی هەیە -چەكی كیمیایی-زیاتریش بەرهەم بهێنێت، بە بێ ئەوەی ئاشكرا ببێت.
ئەنجامدانی كردەوەی سەربازی بۆ سەپاندنی رێسای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر بەكارهێنانی چەكی كیمیاییدا كارێكی رەوا و پێشوازی لێ كراوە، بە چەشنی بڕیاری هەماهەنگیكردن لەگەڵ هاوپەیمانەكاندا بۆ گرتنەبەری كاردانەوە و بۆ هەڕەشەكردن بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر ئەگەر هاتوو جارێكی دیكە چەكی كیمیایی بەكار هات. كە گرنگە بەرهەڵستییەكی قووڵ و بەرفراوان پیشان بدرێت بۆ بەكارهێنانی هەر چەكێكی كۆمەڵكوژ.
لە هەمان كاتدا، پێدەچێت ئەمریكا كارێكی زۆری كردبێت بۆ خۆلادان لە بە ئامانجگرتنی هێزەكانی رووسیا و ئێران. ئەمەش بووە هۆی كەمكردنەوەی هەڵكشانەكە، بەڵام لە هەمان كاتدا بۆتەهۆی كەمبوونەوەی ئەو ئامانجانەی دەكرێت هێرش بكرێتەسەریان، لە دەرئەنجامدا حكومەتی سووریاش باجێكی كەمتر دەدات لەبەرامبەر ئەو كارانەی ئەنجامی داون.
لەبەر ئەم هۆكارە و چەند هۆكارێكی دیكە، نابێت زیادەڕەوی بكەین لەو دەرئەنجامانەی كە هێرشە مووشەكییەكانی بەدەستیان هێناوە.
حكومەتی سووریا دەتوانێت سیاسەتی ئەمریكا بەم شێوەیە لێكبداتەوە: «ئێمە تەماشاكار دەبین و هیچ شتێك ناكەین لە كاتێكدا كە تۆ خەریكی ترساندن، یان كوشتنی خەڵكەكەتی ئەگەر بێت و چەكی كیمیایی بەكار نەهێنێت.» لە راستیدا ئەمە حاڵەتەكە بووە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، كە نزیكەی نیو ملیۆن سووری كوژراون و زیاتر لە دە ملیۆن ناچاركراون ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن. سیاسەتی ترەمپ سیاسەتێكی ناموراڵی نییە، هێندەی ئەوەی سیاسەتێكە پەیوەست نییە بە موراڵەوە.
لێرەدا ئەوەی شایستەی جەختكردنەوەیە ئەوەیە كە ئامانجی هێرشە مووشەكییەكان لاوازكردنی مانەوەی رژێمی ئەسەد نەبووە لە مەودای دووردا.
ئێستاش بەهۆی پشتیوانیی رووسیا و ئێرانەوە خانەوادەی ئەسەد جڵەوی كۆنتڕۆڵی بەدەستەوەیە و ئەگەری ئەوەش هەیە تا ئایندەیەكی نزیك بەم شێوەیە بمێنێتەوە. ئەمە راستییەكی تاڵە بەلای زۆر كەسەوە، بەڵام واقیعەكەیە.
كەواتە ئەمانە چ كاریگەرییەكیان دەبێت لەسەر سیاسەتی ئەمریكا و لەم رووەوە لەسەر سیاسەتی فەڕەنسا و بەریتانیا و حكومەتە عەرەبییەكانی دژ بە ئەسەد؟ ترەمپ پابەندە بە كۆتاییهێنان بە بوونی سەربازی ئەمریكاوە (كە لە ئێستادا نزیكەی 2000 سەربازە) لە سووریادا. ترەمپ ئەمەی زۆر بە روونی دەربڕی، كاتێك جاڕی ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەكانی دا: «ئەمریكا لە سایەی هیچ هەلومەرجێكدا نایەوێت بۆ كاتێكی نادیار لە سووریادا بمێنێتەوە»، هەروەها رایگەیاند: «لە كاتێكدا كە نەتەوەكانی دیكە بەشداری زیاتر دەكەن، ئەوا ئێمە چاومان لەوەیە رۆژێك بێت و جەنگاوەرەكانمان بگەڕێنینەوە بۆ وڵاتەكەمان.»
بەڵام ئەگەر ئامانجەكە ئەوە بێت خۆمان لە دۆخێك لابدەین، كە تێیدا داعش، یان گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكە بتوانن خۆیان رێكبخەنەوە، ئەوا ئەو رۆژە زۆر دوورە.
باس لەوە دەكرێت كە ئەمریكا هەوڵی ئەوە دەدات قەناعەت بە میسر، سعودیە و ئیمارات و ئەردەن بكات بۆ دروستكردنی هێزێكی سوننی كە هەوڵی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری بدەن لەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش رزگاركراون. بەڵام تەواو روون نییە كە ئایا ئەم هێزە دادەمەزرێت و تەنانەت لەوەش دڵنیانین كە ئەگەر بێت و دابمەزرێت، ئەوا بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەم وڵاتانە توانایەكی كەم و پابەندبوونێكی چڕیان هەیە. واتە لەو كاتەشدا پێویستمان بە بەشداری و بوونێكی گەورەی سەربازیی ئەمریكا دەبێت.
هەروەها بەردەوامبوونی بوونی سەربازیی ئەمریكا پێویستە بۆ درێژەدان بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ هێزە كوردییە سوورییەكاندا، كە زۆربەی شەڕەكەیان لە دژی داعش ئەنجام داوە. بەڵام رەنگە درێژەدان بە پشتیوانیكردنی كورد بە بێ دروستكردنی كێشەی زیاتر لەگەڵ توركیا- كە هێزێ هێناوە بۆ لاوازكردنی ئەو ناوچانەی لەلایەن كوردەوە كۆنتڕۆڵ كراون- كارێكی مەحاڵ بێت. واقیعەكە پێمان دەڵێت دەبێت سوپای ئەمریكا كەمتر پشت ببەستێت بە دەستڕاگەیشتن بە بنكەكانی توركیا.
ترەمپ هیچ شتێكی نەوتووە لەبارەی ئەو سوورییانەی لە ناوخۆدا ئاوارە بوون. ئەمریكا كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو 10،000 پەنابەری سووری وەرگرتووە، لە ئێستادا بواری وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی كەم كردۆتەوە و ژمارەیەكی كەمی وەرگرت لە ساڵی رابردوودا. ئێستا ئەو مەسەلانە بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە كە پەیوەستن بەوەی پێویستە كێ دارایی دەستەبەر بكات بۆ پەنابەرە سوورییەكان و دەبێت چەند دەستەبەر بكەن و ئەوانەی پەیوەستن بەو وڵاتە دراوسێیانەی كە وەریان گرتوون.
دوایین پرسیار پەیوەستە بە دیپلۆماسییەوە. ئومێدێكی واقیعبینانە نییە لەبارەی داڕشتنی قۆناغێكی راگوزەری سیاسی لە دیمەشقدا، بەڵام دەكرێت ئاگربەستی مەحەلی بهێنرێتەئاراوە و ئەو ناوچانە دروست بكرێن كە خەڵكی مەدەنی سووریا ( بەڵام نەك هێزەكانی حكومەت) بتوانن تێیدا سەلامەت بن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم رێوشوێنانە پێویستیان بە پشتیوانی و بەشداری رووسیا بێت بۆ ئەوەی حكومەتەكانی سووریا و ئێران بێنەسەر خەت. بەم دواییە رووسیا ناپەرپرسیارانە رەفتاری كرد، بەڵام هێشتا دەرفەتی ئەوە هەیە كە بتوانێت هاوكارییەكی سنووردار دەستەبەر بكات، ئەویش تەنیا ئەو كاتەی كە كارێك بكرێت باجی سیاسەتەكەی بدات لە سووریادا.
هەرچۆنێك بێت، هیچ یەكێك لەم هەنگاوانە نابنەهۆی هێنانەئارای چارەسەرێك، بەڵكو ئەگەری ئەوە هەیە سووریا وەك وڵاتێكی تێكشكاو تا چەند ساڵی داهاتوو بمێنێتەوە و خاوەنی حكومەتێكی ناشەرعی بێت و زۆربەی بەشی وڵاتەكەش –نەك هەمووی- كۆنتڕۆڵ بكات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ئەمریكا پەلە نەكات لە كشانەوە، ئەگەر حكومەتە سوننەكان بە سەرباز و دارایی بەشداری بكەن و ئەگەر بتوانرێت قەناعەت بە مۆسكۆ بكرێت بۆ ئەوەی رۆڵێكی تا راددەیەك بنیادنەر بگێڕێت، ئەوا دەكرێت توندوتیژی سنووردار بكرێت و دۆخی لانیكەمی هەندێ لە سوورییەكان باش بكرێت.













لە سایتی پرۆجێكت سیندیكەیت بڵاو كراوەتەوە.
Top