8ی مارسی ئافره‌تانی كوردستان

8ی مارسی ئافره‌تانی كوردستان
جه‌وهه‌ری رۆژی هه‌شتی مارس بۆ ده‌ستنیشان كردنی مافه‌كانی ئافره‌تان و كاڵكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌ ره‌گه‌زییه‌كان له‌ پێگه‌ و كاركردندا له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی جیاوازه‌وه‌ سه‌ریكێشاوه‌ بۆ چه‌ند وڵاتێك، به‌تایبه‌تی بۆ ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ و تایبه‌تریش بۆ كوردستان. هه‌ڵدانه‌وه‌ی مێژووی 1856 و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خۆنیشاندانه‌كانی نیۆرك و دواتر چه‌ند وڵاتێكیتر بۆ ئێمه‌ی كورد هیچ بایه‌خێكی ئه‌وتۆ نییه‌، ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكن كه‌ گوزارشت له‌ خه‌می ئافره‌ت ده‌كات، ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان گرنگه‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌و رێتمه‌ی كه‌ ئافره‌ت له‌ كایه‌كانی ئیداری و سیاسی و رۆشنبیری و..... هتد له‌ رۆڵێكی بچووككراوه‌ بگوزارێته‌وه‌ بۆ رۆڵ پێدانێكی ئاسایانه‌ له‌پێناو ده‌خستنی توانسته‌كان نه‌ك به‌خشینی رۆڵێك له‌پێناو پڕكردنه‌وه و ناولێنانی پێگه‌ی ئافره‌ت.
له‌ 27 ساڵی رابردوودا، كه‌ خاوه‌ن ئه‌زموونێكی كوردستانین و كه‌متر له‌ژێركاریگه‌رییه‌كانی حكومه‌تی عێراقی بووینه‌(مه‌به‌ستم حكومی عه‌ره‌بی به‌ لایه‌نه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یه‌وه‌ و لایه‌نه‌ مه‌زهه‌بی و دینیه‌كه‌یه‌وه‌) كه‌ هیچیان یه‌كناگرنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و كلتوری نه‌ته‌وه‌یی كورد، كه‌چی هێشتا له‌ كوردستان پرسی ئافره‌ت وه‌ك زوڵم لێكراو سه‌یر ده‌كرێت، له‌ كاتێكدا وانییه‌، زوڵم نییه‌ به‌ڵكو خۆبه‌ستنه‌وه‌یه‌كی گشتیه‌ له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگا و دامه‌زراوه‌ و یاساكانه‌وه‌ تا ئیداره‌ و سیاسه‌ت و حزب به‌ كلتور و فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌به‌وه‌.
8ی مارس وه‌ك رۆژێك بۆ ئافره‌تانی جیهان كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌رگایه‌ به‌ڕووی توێژینه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ی پرسه‌كانی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ به‌گشتی و په‌روه‌رده‌یی و ژینگه‌یی ئافره‌تان له‌ جیهان، كه‌ چۆن بتوانن له‌و بوارانه‌دا دیسانه‌وه‌ وه‌ك پیاوان رۆڵه‌كانیان ببیننه‌وه‌ یاخود داهێنانێكیتر پێشكه‌ش بكه‌ن یاخود كێبڕكێ له‌سه‌ر باشترین توانست بكه‌ن، له‌ كوردستانیش پێویست بوو ئه‌م رێتمه‌ بگۆڕدرێت له‌ دیاریكردنی رۆژێك بۆ مه‌راسیم و پێداهه‌ڵگوتن و به‌یاننامه‌ و ...هتد. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئافره‌تی كوردستان هۆشیارتر ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ ژیانی خۆی و رۆڵ و كاریگه‌ری له‌ كۆمه‌ڵگا مه‌راسیم نییه‌" به‌خشینی پۆست و پله‌ نییه‌ به‌ چه‌ند ئافره‌تێك له‌سه‌ر چه‌ند پێوه‌رێك" به‌ڵكو پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ په‌روه‌رده‌ و چاكسازی له‌ گوتاری ئاینی و كۆمه‌ڵاتیه‌تی و ئابوری و سیاسی و حزبایه‌تی.
به‌داخه‌وه‌ هه‌موو ساڵێك هه‌م رێكخراوه‌كان و هه‌م ئافره‌تانی چالاك، خواست و خۆزگه‌ی گه‌وره‌ ده‌خوازن بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تی كوردیش بتوانێ له‌یادێكی وادا سه‌ربه‌رزانه‌ بڵێت جێده‌ستمان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه‌ دیاره‌" به‌ڵكو هه‌موو ساڵێك به‌هه‌مان شوێن پێه‌كانه‌وه‌ ده‌چینه‌وه‌ و ده‌نووسین و دروشم ده‌ڵێنه‌وه‌ و پۆسته‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ و مه‌راسیم ئه‌نجام ده‌درێ كه‌ هیچ مانایه‌ك نابه‌خشێ جگه‌ له‌ هێشتانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌ و جێگه‌ی گله‌یی و پێداچوونه‌وه‌یه‌.
Top