دوای 27 ساڵ ره‌تكردنه‌وه‌ی ژێرده‌سته‌یی

دوای 27 ساڵ ره‌تكردنه‌وه‌ی ژێرده‌سته‌یی
ئه‌مساڵ یادی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی به‌هاری ساڵی 1991 رێك دووباره‌ بوونه‌وه‌یه‌كی مێژوویی گرنگی ره‌تكردنه‌وه‌ی ژێرده‌سته‌ییه‌، ئه‌و رۆژانه‌ی كورد به‌یه‌كده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست ره‌تیان كرده‌وه‌ له‌ سایه‌ی حوكمڕانیه‌كی به‌عسیانه‌ و شۆڤینیانه‌ی عه‌ره‌بی بژین، ئه‌وا ئه‌مڕۆ دوای 27 ساڵ هه‌مان مێژوو پێمان ده‌ڵێ" میلله‌تی كورد" ناتوانێ له‌گه‌ڵ عێراقێكدا بێت به‌م سیاسه‌ته‌ كه‌ ملكه‌چكردن بێت بژێت، ئه‌نجامی ریفراندۆمی سه‌ركه‌وتووانه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان شاهیده‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌مێژووی زوڵم و زۆرداری بڵێن" ده‌مرین له‌پێناو سه‌ربه‌ستی و ره‌تكردنه‌وه‌ی ژێرده‌سته‌یی.
27ساڵ پێش ئێستا مێژووه‌یه‌كی هێنده‌ دوور نییه‌ دیمه‌نه‌كانی راپه‌ڕین پێشچاو نه‌خه‌ین و سه‌ركه‌وتنه‌كان نه‌زانین هۆكاری چی بووه‌، شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ داینه‌مۆی ئه‌م راپه‌ڕینه‌ بوو، به‌ڵام كاتێك میلله‌ت هاوشانی ئه‌و داینه‌مۆیه‌ وه‌ستایه‌وه‌ و شانی دایه‌ به‌ر قوربانی به‌خشین هاوشێوه‌ی پێشمه‌رگه‌ بینیمان هێزی عێراقی چۆن راماڵێندرا و خۆیان راده‌ست ده‌كرد" ئه‌وه‌ ئه‌نجامی متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نێوان میلله‌ت و هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ بوو" كه‌ ئێستا ده‌بێ وانه‌ی 27 ساڵ پێش ئێستا دووباره‌ بكرێته‌وه‌" ده‌نگی یه‌كده‌نگی كورد بگه‌یه‌ندرێته‌ دوژمنان كه‌ سه‌رشۆڕشكردن له‌ كلتور و فه‌رهه‌نگی كوریدا نییه‌" ئه‌گه‌ر لایه‌نێك و كه‌سانێك و گرووپگه‌لێك ئه‌مه‌یان قبوڵ بێت مانای نییه‌ كورد ژێرده‌سته‌یی قبوڵه‌.
مێژووی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد وه‌رچه‌رخانی گرنگی تێدایه‌ به‌ڵام راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 وانه‌ی گرنگتریشی له‌خۆی گرت و ئه‌نجامه‌كه‌یشی هێنا كایه‌ی حوكمڕانیه‌كی كوردی بوو، راسته‌ مێژوو ناتوانێ چاو له‌و هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕ و شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ بپۆشێ" به‌ڵام ناشتوانێ نه‌ڵێت: یه‌كئیراده‌یی سه‌ركه‌وتنی كورد له‌وه‌دا بوو هێزه‌ سیاسیه‌كان و جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌یه‌ك ده‌نگ و بازوو رووبه‌ڕووی هێزی داگیركه‌ری بوونه‌وه‌ و كوردستانیان خاوێن كرده‌وه‌ و میلله‌تیش به‌ متمانه‌وه‌ هاوشێوه‌ی رۆژی 25ی9/2017 ده‌نگی به‌رزكرده‌وه‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ژێرده‌سته‌یی.
وانه‌ی راپه‌ڕین بۆ هێزه‌كانی كوردستان پێداچوونه‌وه‌یه‌" رێگه‌ی دروستی" به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵكه‌" بۆیه‌ ئه‌م یاده‌ به‌ مه‌راسیم و وتار به‌ڕێ نه‌كرێت" به‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی و متمانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی به‌ڕێ بكرێت.
Top