شه‌ڕی ڕاسته‌وخۆی دوای داعش
February 5, 2018
وتار و بیروڕا
پێشبینی ده‌كرا، ئاماژه‌ی روونیش هه‌بوون له سه‌رزاری به‌رپرسه باڵاكانی هاوپه‌یمانێتی دژ به داعش، به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا كه كۆتاییه‌كانی داعش واتای كۆتایی شه‌ڕ نییه، سه‌قامگیری ناگه‌ڕێته‌وه دۆخی جارانی خۆی، چونكه ململانێیه‌كان زیاتر ده‌بن، ده‌كرێ ئه‌و بۆچوونه راست بێت، كه داعش شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تی كردووه، واتا ئامانجه‌كه‌ی ئه‌و ململانێ و ناكۆكیه هه‌رێمایه‌تیه بێت كه توركیا و ئێران و سعودییه و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌یان خستۆته بارێكی ناسه‌قامگیره‌وه.
سوریا و ئۆپه‌راسیۆنی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان(عه‌فرین) سه‌ره‌تایی ئه‌و ململانێیه تائیفیه كه ناوچه‌كه ده‌گوازێته‌وه بۆ شه‌ڕی راسته‌وخۆ، شه‌ڕی ئێرانیش به‌مانشێوه‌یه، له رێگای هێزه ده‌ره‌كیه‌كانی خۆیه‌وه، وه‌ك میلیشاكان ده‌یه‌وێ درێژه به‌و ناكۆكیانه بدات، واتا شه‌ڕی عوسمانی و سه‌فه‌وی، شه‌ڕی میراتی كۆن و ده‌ستگرتنه‌وه به‌سه‌ر ناوچه‌كه، كه ئه‌مریكا رێگه‌خۆشكه‌ری یه‌كه‌می ئه‌م دۆخه‌یه بۆ دوو هێزه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ناوچه‌كه.
جێ ته‌واو گومانه، ئه‌مریكا به‌ناوی هاوپه‌یمانێتی شه‌ڕی دژ به تیرۆر، یارمه‌تی هێزه چه‌كداره‌كانی رۆژئاوا به‌تایبه‌تی(په‌یه‌ده) ده‌دات، له‌هێرشكردنه‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان و سوریایشدا به‌بێ ده‌نگبوونی یارمه‌تی توركیا ده‌دات، ئه‌مه خاڵی گرنگی ئه‌و بابه‌ته‌یه كه ئه‌مه‌ریكا خوازیاری ئه‌وه‌یه سوریا بكاته‌وه یاریگای خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و راسته‌وخۆ به‌گژیه‌كدا بچنه‌وه، كه تائێستا ئێران به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رم سه‌یری بابه‌ته‌كه ده‌كات و دڵینایی ئه‌وه‌ش نییه چۆن هێزی بۆ یارمه‌تی ئه‌سه‌د دروست كرد هه‌مان هێز به گژ توركیا بكاته‌وه، كه ئێستا له رێگه‌ی په‌یه‌ده‌وه هه‌مان یاری خۆی ده‌كات" به‌ڵأم هێشتا به‌شێوه‌ی فه‌رمیه‌كه هێزه میلیشیاكانی خۆی نه‌جوڵاندوه و ئه‌گه‌ری زۆریش هه‌یه، چه‌ند گروپێكی وه‌ك كه‌تیبه‌ی سه‌رایا خۆراسانی و چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی میلیشاكانی شیعه به سنوری موسڵ- سوریا به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه بكات كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت فراوانتر بێت.
ئاگری شه‌ڕی مه‌زهه‌بی به‌م بێده‌نگیه ناوه‌ستێ، ئیتر شه‌ڕی سونه و شیعه ده‌بێت قۆناغێكی نوێی تۆمار بكات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان به‌م ڕاده‌یه پارێزراو نابێت ئه‌گه‌ر ئاگری شه‌ڕه‌كه فراوانتر نه‌كه‌ن و گۆڕه‌پانه‌كه نه‌كه‌ن به یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان، كه خودی ئه‌مریكایش ئه‌مه‌ی خواستووه و كاریش بۆ په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری ئه‌و ناسه‌قامگیرییه ده‌كات.