شیعه‌كان به‌ره‌و په‌رتبوون

شیعه‌كان به‌ره‌و په‌رتبوون
ئه‌گه‌ر ئایاری ئه‌م ساڵ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌كان له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ بچێت" دوور نابینرێت كۆمه‌ڵێك هاوكێشه‌ی نوێ له‌و وڵاته‌ دروست بێت" به‌تایبه‌تی نێوماڵی شیعه‌كان كه‌ به‌ره‌و په‌رتبوون ده‌چێت و ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی ناوی هاوپه‌یمانێتی(شیعه‌) به‌م پێكهاته‌وه‌ نامێنێ و مه‌رامی گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئاینده‌ ده‌بێته‌ ململانێیه‌كی سه‌ختی ئه‌حزابی شیعه‌.
یارییه‌كه‌ به‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌ میلیشیاییه‌كانی شیعه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ خۆیان به‌ پاڵه‌وان و رزگه‌ركه‌ری عێراق وه‌سف ده‌كه‌ن و پۆستی باڵای وڵأت به‌ شایسته‌ی خۆیان و هێزه‌كانیان ده‌زانن. به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌سته‌ی گشتی به‌ڕێوه‌بردنی میلیشیای حه‌شدی شه‌عبین، وه‌ك هادی عامری و مه‌هدی موهه‌ندس و چه‌ندانیتر. كه‌ له‌ئێستاوه‌ زه‌مینه‌یان بۆ ئه‌وه‌ ره‌خساندوه‌ جگه‌ له‌ نوری مالیكی و حه‌یده‌ر عه‌بادی و ئیبراهیم جه‌عفه‌ری كاره‌كته‌ری تر هه‌ن ببن به‌ ده‌سه‌ڵاتدار، پشتیان به‌وه‌ش به‌ستووه‌، هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ كه‌مێك به‌ره‌و لاواز بوون ببه‌ن، بۆ نموونه‌ سه‌درییه‌كان پێش هه‌موو لایه‌ك باڵێكی دیكه‌یان كرده‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی پیشه‌ییان پێداوه‌ كه‌ مه‌به‌ستیان له‌و حزبه‌ یاخود كاندیده‌كانیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ عێراق به‌ره‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ببه‌ن" واتا به‌دیله‌كانیان هێنایته‌وه‌ تاكو له‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێكدا ئه‌وان رای شه‌قامی عێراقی بۆخۆیان رابكێشن، چ له‌رووی سه‌ربازی یاخود ئابوری و ئاوه‌دانی و لایه‌كه‌ی دیكه‌یش مه‌زهه‌بیه‌كه‌ گره‌نیتیه‌.
وه‌ك ئه‌و ئاماژانه‌ی هه‌ن. تائێستا لایه‌نی شیعه‌ به‌ 5 لیستی گه‌وره‌ به‌شداری ده‌كه‌ن" هه‌ریه‌كه‌ له‌وانه‌ش له‌ هه‌وڵی راكێشانی لایه‌نه‌كانی سوننه‌ و كوردو توركمانه‌كانن تاكو بتوانن زۆرینه‌یه‌ك دروست بكه‌ن، كه‌ دواجار بۆ قازانجی مأڵی شیعه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. به‌ڵام رای هه‌مووان كۆكه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی عێراقی دوای داعش، واتا سه‌خت بوونی ململانێی نێوماڵی شیعه‌" كه‌ ئێرانیش ناتوانێ به‌م په‌رته‌وازییه‌وه‌ كۆنترۆڵیان بكات" بۆیه‌ ده‌نگۆی دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژادن هێنده‌ له‌ میدیای ئێرانه‌وه‌ ده‌بیسترێ هێند لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عێراقی باسی ناكه‌ن" چونكه‌ ئێران ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ په‌رته‌وازه‌یی هاوپه‌یمانێتیه‌ مه‌زهه‌بیه‌كه‌ی(شیعه‌) ببێته‌ هۆی لاواز بوونی خۆی له‌ عێراقدا نه‌ك لاواز بوونی ئه‌و حزبانه‌ی ئه‌و پشتیوانیان لێ ده‌كات.
شیعه‌كان نایشارنه‌وه‌" هاوپه‌یمانێیته‌كه‌یان" به‌هۆی ململانێی و ره‌گی ته‌واو مه‌زهه‌بیانه‌وه‌" هێزی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه‌" وه‌ك به‌ره‌یه‌كی به‌هێز بمێنێته‌وه‌" بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان به‌ په‌رته‌وازه‌یی ده‌درێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لاوازی ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌وه‌ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات لای خۆیان بمێنێته‌وه‌" به‌ڵام له‌وه‌یاندا بۆ كێیه‌ و كێ ده‌چێته‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ سه‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كان" كه‌ سه‌درییه‌كان خوازیاری ئه‌وه‌ن ده‌عوه‌ و پاشكۆكانی ده‌عوه‌ نه‌گه‌نه‌وه‌ ده‌سه‌ڵأت، هه‌رچی سونه‌ و كورده‌ هیچ روئیایه‌كی دیاریان تائێستا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقیعی هاوپه‌یمانێتی شیعه‌ بكه‌ن چوونكه‌ ئه‌وانیش ده‌زانن سه‌خترین قۆناغی نێو ماڵی شیعه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه‌" كه‌ ئاخۆ باڵه‌ میلیشیاییه‌كان سه‌رده‌كه‌ون یاخود شكست ده‌هێنن و ئه‌زموونی مالیكی و عه‌بادی دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.
به‌هه‌ر جۆرێك بێت" په‌رته‌وازه‌ییه‌كه‌یان" كاریگه‌ری له‌سه‌ر ستراتیژییه‌ مه‌زهه‌بیه‌كه‌ نابێت، به‌ڵأم كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاندیده‌ نادیاره‌كه‌ ده‌بێ" بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاخۆ سه‌ركرده‌ میلیشیاكان ده‌بنه‌ باڵا ده‌ستی سیاسی و حكوومڕانی" یاخود سه‌ركرده‌ مه‌زهه‌بیه‌ سیاسیه‌كان ده‌بنه‌ سه‌رۆك وه‌زیران.
Top