كۆ كردنەوەی پشتیوانی بۆ هەرێمی كوردستان و دەریچەكانی ئۆمێد

كۆ كردنەوەی پشتیوانی بۆ هەرێمی كوردستان و دەریچەكانی ئۆمێد
چەند ساڵێكی زۆر سەخت و دژوارمان بەرێكرد و، چ حكومەتی بەغدا و چ وڵاتە دراوسێكانی هەرێم، ساڵ بە ساڵ هەوڵی گرتنی دەریچەكانی ئۆمێد دەدەن، لێ‌ سەركردایەتی سیاسی و ئیداری كوردستان بە هۆشیارانە چەندین دەرگا و دەریچەی دیكەیان بە ڕووی ئۆمێد كردوویانەتەوە. تەنگ كردنی بەردەستی كورد و بەهانە هێنانەوە ئەژنووی كورد ناچەمێنێتەوە، بەلكوو ئەم تەنگهەلچنینانە و بەهانە هێنانەوە و لاواز زانینی كورد، وایكردووە نەك هەر ئەژنۆكانی كورد نەلەرزێ‌، رێك پێچەوانەوە وای كردووە كورد زیاتر پشت بەخۆی ببەستن و هاووڵاتیی كوردستان زیاتر لە سەر مافە رەواكانی رژد ببێت. تا حكومەتی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە دژی كورد بوەستنەوە و هەوڵی لاواز كردنیان بدەن، دەبینین كونتاكتی وڵاتانی زڵهێزی دونیا بە گشتی و رۆژئاواییەكان بە تایبەتی لە گەڵ كورد زیاتر دەبێت و خۆدی كوردیش زیاتر خۆی دەناسێت و دەتوانێ‌ هزرێك لە حالی خۆی بكاتەوە بۆ دەرباز بوون لەو گەفە بەردەوامانەی سەدان ساڵە دەوڵەتانی ئیقلیم لە كورد دەكەن.
لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا هاوپەیمانان بە گشتی و وڵاتانی ئەورۆپی و زڵهێزەكانی ناوچەكە بە تایبەتی پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پشتیوانی كردن لە عێراقێكی یەكگرتوو كە تێیدا بە پێی دەستوور مافەكانی كورد دەستەبەر بكرێن و، ئەو ولاتانە راستەوخۆ چاودێری دۆخەكە دەكەن و لەم ماوەیەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان توانی گەشتێكی سەركەوتووی دیپلۆماسی بكات و گەورە بەرپرسانی ئەورۆپی ببێنێت.
پێشوازییە گەرمەكەی ئیمانۆیل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، ئەنگێلا مێرگڵ راوێژكاری ئەلمانیا، پاولۆ جینتیلۆنی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا، فێدریكا مۆگیرینی رێكخەری سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین و پەیوەندییە تێلەفوونییەكانی ئەنتۆنیۆ گۆتەرێز سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پەیوەندییە بەردەوامەكانی حكومەتی هەرێم و وڵاتی توركیا، جیگەی ئۆمێد و پشت پێ‌ بەستنن بۆ ئەوەی ئایندەیەكی گەش چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ هاتنە دی ئەم ئۆمێد و هیوایانەش، كورد چاوی بڕیوەتە دەستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان. تاكوو ئەم ئان و ساتە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بووە لە كارەكانی و هەولی یەكخستنی نێو ماڵی كوردی. بۆیەشە ئۆمێدێك هەیە بۆ چارەسەری كێشە هەلواسراوەكان و دەرباز بوون لەو قەیرانە ئابوورییەی بۆ هەرێمی كوردستان دروستكراوە.
Top