عەبادی فەرمان دەردەکات یا جێبەجێ دەکات؟

عەبادی فەرمان دەردەکات یا جێبەجێ دەکات؟
ھەڵەی گەورە ئەوەیە پێتوابێ، حەیدەر عەباد سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەسەڵاتەکانی بەئیرادەی خۆی و بڕیاری خۆی و لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەت جێبەجێ دەکات، لەوەش ھەڵەتر ئەوەیە وا ھەست بکەین، سەرۆکوەزیرانێکی وەک حەیدەر عەبادی ھێندە باڵا دەستە دەتوانێ تەجاوزی ئەو دۆخە بکات کە عێراق دوای ٢٠٠٣ەوە تێکەوتووە، ئەوەیش باڵادەستی وڵاتێکی وەک ئێرانە، نەک باڵادەستی پێکھاتەکانی عێراقی.
ساڵی ٢٠١٤ ھاوپەیمانی نیشتمانی(شیعەکان) کە لەژێر سێبەری بەناوی دیموکراسی کە زۆرینەن لە ھەڵبژاردنەکان، ئەرکی پێکھێنانی حکوومتیان پێدەسپێدرێ، ئەوکات کورد و ھاوپەیمانێتیەکەی شیعە، دژی مالیکی بوون بۆ سێھەم جاری سەرۆکوەزیرانی، مانۆڕی سیاسی و ململانێی نێوماڵی شیعە، چانسی گەورەی بەخشیە کەسایەتیەکی لاوازی وەک حەیدەر عەبادی کە ببێتە سەرۆکوەزیران، لەگەڵ دەستپێکردنی کابینەکەی کارنامە و دروشمەکانی لەسەرووی کەسایەتی و توانا و پشتیوانیەکانی خۆی بوو، دۆخی شەڕی داعش ھاتەپێش، میلیشیایات دەسەڵاتەکانی فراوانتر بوو، مەرجەعیەت راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ فەرمانیان دەردەکرد و عەبادیش دەبوو بە ناچاری قبوڵی بکات.
لێدوانەکانی ئەمدوایەی حەیدەر عەبادی، لەبارەی ھەرێمی کوردستان و پرسی ریفراندۆم و داگیرکردنی کەرکوک جۆرێک لە غروریەتی پێوەیە، بەڵام ئەم غرور بوونە تەنیا دەرخستنێکی میدیاییە چوونکە خۆی لە ناخی خۆیدا دەزانێ، ئەو نەپاڵەوانە و نە براوەی شەڕە، نە دەسەڵاتدارە و نەبڕیاردەرە، تەنیا بڕیاری سەرووی خۆی و ھێزە میلیشیا و مەرجەعیەکان جێبەجێ دەکات.
بەپێی مامەڵەی نێودەوڵەتی، لەگەڵ حکومەتی عێراقی، وا نیشاندرا، کەسایەتی عەبادی کەسایەتیەکی جیاوازترە لە نێو شیعەکان، یاخود بگوترێ، ئومێدبەخشە بۆ ئەوەی عێراق لەڕووی بڕیاردان و حوکمڕانی ببێتە خاوەن خۆی و ئیرادەی خۆی، ھەندێک مانۆڕی دیپلۆماسی بۆ سعودییە و چەند وڵاتێکی سووننەیی دژ بە ئێرانی بۆ رێکخرا، بەڵام ھیچ لە ناوەڕۆکی کەسایەتی لاوازی عەبادی نەگۆڕی و دیسانەوە کەوتەوە ژێر بڕیارەکانی ئێران و مەرجەعیەت و میلیشیاکان.
سیاسیەکانی عێراق و غیرە عێراقیش ئەو بۆچوونانەیان لەبارەی عەبادییەوە ھەیە کە کەسێکە سیفەتی سەرکردایەتی کردنی تێدا نییە و توانای رووبەڕبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی لەکەسایەتیدا ھەڵنەکەوتووە و بەردەوام لاوازییەکانی خۆی دەشارێتەوە.
عەبادی چاوی لە خولی دووەمی سەرۆکوزیرانییە، بەڵام پێناچێت، ئەو چانسەی پێبدرێتەوە، چونکە وڵڕتانی رۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمریکا لەوە دڵنیا بوون، عەبادی کەسایەتیەکەی ھێندە بەھێز نییە تەجاوزی دەستێوەردانی ھەرێمایەتی بکات و عێراق بکات بە وڵاتی عێراقیەکان.
یەکێک لەو ھەڵانەی تووشی عەبادی بوو، ھاوسەنگی لە حوکمرانیەکەیدا بەھۆی لاوازی کەسایەتیەکەوە نەما، ویستی بە رووکەشیش بێ، ببێتە کەسایەتیەک کە ئینیتیمای مەزھەبی کاریگەری لەسەر نابێ و سوونە و کورد و تورکمان و پێکھاتەکانی تری عێراق وەک سەرۆکوەزیرانێکی سەرکەوتوو تەماشای دەکەن، بەڵام پێچەوانەوە، گەورەترین کەلێنی بۆ دەستێوەردانی ئێران دروست کرد، بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش، بۆیە ھیچ ئومێدێک لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی خولی ئایندەی لەبەردەمدا نەماوە، بەتایبەتی ھاتنەپێشەوەی سەرکردەی میلیشیاکانی شیعە دوای شەڕی داعش و نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنە ‌گشتیەکانی عێراق.




Top