یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی تر

یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی تر
ئه‌مساڵ ته‌مه‌نی 65 یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین گۆڕانكاری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی..هتد و هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش وا ده‌خوازن گونجاندنێكی سه‌ره‌ده‌میانه‌ی له‌گه‌ڵدا پیاده‌ بكرێت، به‌تایبه‌تی له‌ كاری رێكخراوه‌یی و به‌تایبه‌تر له‌ بواری پرسی ئافره‌تان. چونكه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م رێكخراوه‌(یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان) بریتی نییه‌ له‌ ئامانجی هه‌ندێك رێكخراوی تایبه‌ت به‌ ئافره‌تان، ئه‌گه‌ر ئه‌و رێكخراوانه‌ی بۆ پرسێكی تایبه‌ت دروست كرابن، ئه‌وا یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان ئه‌رك و تایبه‌تمه‌ندی جیاوازی هه‌یه‌ و به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌م رێكخراوه‌ یه‌كده‌گرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی حزبێكی وه‌ك(پارتی دیموكراتی كوردستان). به‌ره‌چاوكردنی كاری رێكخراوه‌یی.
مێژووی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان به‌شێكی په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌باتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان كه‌ له‌سه‌رده‌می شاخدا ئه‌م رێكخراو و زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌م رێكخراوه‌ هاوشانی برا پێشمه‌رگه‌كان خزمه‌تیان به‌ میلله‌ته‌كه‌یان كردوه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌ركی ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ شاره‌، له‌ ژینگه‌یه‌كی دیكه‌یه‌، كۆمه‌ڵگا له‌به‌رده‌م ته‌حددی زۆره‌ و ره‌وشی سیاسی و ئابوری كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنیه‌كانی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا ورده‌ ورده‌ ده‌رده‌كه‌وێ، هه‌ندێك حزب و دامه‌زراوه‌ی میدیایی هه‌ن، زۆر نابه‌رپرسانه‌ و بۆ ئامانجی حزبی به‌بێ گوێدانه‌ لێكه‌وته‌ نه‌رینیه‌كان كار بۆ تێكدانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن. هه‌ندێكجاریش له‌ بێئاگایدا رووده‌دات و هه‌ندێكجاریش هه‌ست ده‌كرێت به‌ ئامانج ئه‌و كارانه‌ ده‌كرێت.
كه‌م رێكخراو له‌بواری ئافره‌تان هه‌ن به‌ توێژینه‌وه‌ی ورد كار له‌سه‌ر كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكات و رێگه‌چاره‌سه‌رییه‌كان بدۆزنه‌وه‌، به‌شێكی زۆری ئه‌و رێكخراوانه‌ بوونه‌ته‌ بارگرانی و ئاڕاسته‌ی كاری رێكخراوه‌ییان ئاڵۆز كردووه‌.
بۆیه‌ ئه‌ركی رێكخراوێكی وه‌ك یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستانه‌ بتوانێ به‌ گۆڕینێكی به‌رچاو له‌ كاری رێكخراوه‌یی كاریگه‌رییه‌كانی زێده‌تر بكات و به‌ بوێریتر په‌نجه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ و گرفته‌كان دابنێ و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ری به‌پێی كاری رێكخراوه‌یی و ئیمكانیه‌تی خۆی بدۆزیێته‌وه‌ ویاخود بیخاته‌ڕوو تا لایه‌نه‌ په‌یوه‌سته‌كانی حكومه‌ت كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.
هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌و راییه‌ی رێكخراوه‌كانی بواری ئافره‌تان پێویستن، هاوڕایشین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌دایان له‌ ئێستادا لاوازه‌ و هه‌نگاوی جیدی ده‌یه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا كاریگه‌ری ئه‌وتۆیان هه‌بێ.
ئه‌م قۆناغه‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی گرنگ ده‌خاته‌ سه‌ر شانی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، چونكه‌ لایه‌ك پێویستی به‌ به‌رده‌وامی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌یه‌" لایه‌كیتر ئه‌وه‌یه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی كه‌ پرسی ئافره‌ت و كۆمه‌ڵگایه‌ به‌رنامه‌كانی چڕتر بكاته‌وه‌ و كار بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست بكات و ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ كاڵ بكاته‌وه‌ بوونه‌ته‌ هۆی گرفت. وه‌ك پرسی خێزان و هۆشیاری و دۆزینه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی زۆربوونی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان به‌شێوازێكی نوێتر و دوور له‌و پرۆگرامانه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو رێكخراوه‌كانی دیكه‌ ئه‌نجامیانداوه‌ و هیچ كاریگه‌ری ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌.
بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش پێویسته‌ یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌پاڵ كارنامه‌ و ستراتیژیه‌تی كاركردنی خۆی و به‌خێرایی كار له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ بكات كه‌ ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌م دۆخه‌ نوێییه‌ و له‌ رێگه‌ی چه‌ند كۆنفرانسێكی به‌ناوه‌ڕۆك، نه‌ك كۆنفرانس و كات كوشتن و بێده‌رئه‌نجام. ده‌ستنیشانی هه‌نگاوی نوێی بكات و كێشه و چاره‌سه‌رییه‌كان پۆلێن بكات و به‌پێی به‌رنامه‌یه‌ك كه‌ له‌ توانای خۆی و حزبه‌كه‌یدا بێت كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ بكات.
Top