کام جەنگەیان پێش بخرێ؟

کام جەنگەیان پێش بخرێ؟
کورد بە گشتی و خەمخۆرانی وڵات و رەوتی سەربەخۆخوازی لە کوردستان بە تایبەتی دوو جەنگیان لە پێشە، یەکەمیان جەنگی گەندەڵکارو موزایەدەچی و وڵاتفرۆەشانە، دووەمیشیان جەنگی داگیرکارانی کوردستانە، ئەو دوو جەنگە حەتمین و لە سەروبەندی پرۆسەی رزگاری وڵاتان و تا گەیشتن بە سەربەخۆیی، بەرۆکی هەموو گەلانی سەر رووی ئەم زەمینەیان گرتووە، لێرەدا دەپرسین: گەندەڵکارو موزایەدەچی و وڵاتفرۆشەکان زیاتر ئاستەنگیان بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی درووست کردووە، یان دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان؟
هیچ گومان لەوەدا نییە کە گەندەڵکارو موزایەدەچیەکان ناراستەوخۆ و وڵاتفرۆشانیش راستەوخۆ جێەبەجێکاری پیلان و ئەجێندای داگیرکارانی کوردستان بوون، رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکوک و خورماتووش ئەو راستییەیان سەلماند، ئەگەر گەندەڵکارو موزایەدەچی و وڵاتفرۆشان نەبوونایە، دوژمنان بە خەونیش نەدەگەیشتنە ئەو رۆژەی وا بە ئاسانی و چەپڵەڕێزان کەرکوک داگیر بکەنەوە و خورماتووش وێران بکەن و دانیشتوانەکەشی کۆمەڵکوژ بکەن، ئەوەش ئەو پرسیارە بە دوای خۆیدا دێنێ، لەو دوو جەنگە کامیان پێش بخرێ و کامیان دوا بخرێ؟ ئەگەر جەنگی گەندەڵکارو موزایەدەچی و وڵاتفرۆشان پێش بخرێ، چ کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی لەسەر جەنگی داگیرکارانی کوردستان دەبێ؟ ئەی ئەگەر جەنگی داگیرکارانی کوردستان پێش بخرێ، چ کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی لەسەر جەنگی گەندەڵکارو موزایەدەچی و وڵاتفرۆشان دەبێ؟
بە رای من ئەوە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە و پێویستی بە خوێندنەوەیەکی ورد هەیە، چونکە ئەو دوو جەنگە پەیوەندییەکی مێژووییان بە یەکەوە هەیە و لە زۆر قۆناغی هەستیاردا کاراکتەرەکانیان چوونەتە پاڵ یەکتری، بەڵام گومان لەوەدا نییە ئەگەر جەنگی داگیرکارانی کوردستان پێش جەنگی گەندەڵکارو موزایەدەچی و وڵاتفرۆشان بخرێ، ئەوا زەمیەنەی گەندەڵی بۆ گەندەڵکاران و موزایەدە بۆ موزایەدەچیان خۆش دەکا و بازاڕی وڵاتفرۆشیش بۆ وڵاتفرۆشان گەمتر دەکات، ئەوە سروشتی جەنگە لە هەموو دنیادا، چونکە وڵاتپارێزان و سەربەخۆخوازان لە کاتی جەنگدا زیاتر چاویان لەسەر ئەو هێزەیە کە چاوی بڕیوەتە داگیرکردنی وڵاتەکەیان، ئەوەش وادەکات گەندەڵکارو موزایەدەچی و وڵاتفرۆشان سەرقاڵی و خەریک بوونی خەمخۆرانی وڵات و سەربەخۆخوازان بە رزگارکردنی وڵات بکەنە گۆڕەپانی چنینەوەى بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان.
بە پێچەوانەوە ئەگەر جەنگی گەندەڵکارو موزایەدەچی و وڵاتفرۆشان پێش جەنگی داگیرکاران بخرێ و لە بەین بچن، کەس نییە وڵات بفرۆشێ تا داگیرکاران بتوانن وڵاتیان لێ بکڕن، گەندەڵکارو موزایەدەچیش دوو توێژی خۆبوێر و ترسنۆکن و لە ژینگەی کێشە و قەیراندا دەردەکەون و گەشە دەکەن، بۆیە پێویستە جەنگی گەندەڵکارو موزایەدەچی و وڵاتفرۆشان پێش جەنگی داگیرکاران بخرێ، بە تایبەتیش لە وڵاتێکی وڵاتێکی وەک عێرقدا کە لە کێشەدا نەغرۆ بووە، ئەوەش لە خەمخۆرانی وڵات و سەربەخۆخوازان دەخوازێ جیوازی حزبی بەلاوە بنێن و لە کارنامەیەکی نەتەوەیی و رزگاری نیشتیمانیدا یەکبگرن و رووبەڕووی مەترسییەکانی گەندەڵکارو موزایەدەچی و وڵاتفرۆشان ببنەوە.
Top