پارتی و کەرکوک، مەلای مەشهوور و رەواندنەوەی وڵاخی کاروانچیان

پارتی و کەرکوک، مەلای مەشهوور و رەواندنەوەی وڵاخی کاروانچیان
زۆر جاران گوێم لە بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان دەبێ و دەڵێن: بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگار لە دەست کورد نەچێ پێویستە پارتیش وەک باقی لایەنەکانی تر بگەڕێتەوە کەرکوک، هەر چەندە روانینی پارتی و ئەو دوو لایەنە بۆ کەرکوک و ئاڵای کوردستان و وەرگرتنی پۆستێک کە بە فەرمانی عەرەب بجووڵێ لێک جیاوازن، هەرچی (پارتی)یە کەرکوک و بەرز راگرتنی ئاڵای کوردستانی بە لاوە گرنگە و هەرچی ئەو دوو لایەنەشن پۆستێکی زەلیلانەی خێر پێکراو بە گرنگتر دەزانن، بەڵام پێویستە ئەو دوو لایەنە لە خۆیان بپرسن کە پارتی بۆچی ناگەڕێتەوە کەرکوک؟ هەر چەندە وەڵامی پرسیارەکە باش دەزانن، بەڵام بە هۆکاری سیاسی خۆیان لە وڵامدانەوەی دەدزنەوە، بۆیە من بە گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتەی مەلای مەشهوور وەڵامیان دەدەمەوە.
جارێکیان چەند کەسێک دەچنە لای مەلای مەشهوور و دەڵێن: مامۆستا عەزابی قەبری چۆنە؟ مەلاش دەڵێ: منیش هەر ئەوەندەی ئێوەی لێ دەزانم، بەڵام ئەگەر دەتانەوێ بزانن عەزابی قەبری چۆنە من خۆم دەکەم بە مردوو، وەرن بمنێژن و کونێک لە قەبرەکەم بێڵنەوە تا لێوەی بێمە دەرەوە، جا لەناو قبردا چیم بینی کە گەڕامەوە بۆتان دەگێڕمەوە.
مەلا خۆی دەمرێنێ و کفنی دەکەن و وەک خۆی دەڵێ دەینێژن و بەجێی دێڵن، سودفە قەبرستانەکە دەکەوێتە سەر رێی کاروانچیان، مەلا دوای چاوەڕوانیەکی زۆر و لە کاتی تاریکی شەودا لە کونی قەبرەکەوە دێتە دەرەوە، لە کاتی هاتنە دەرەوەی مەلادا کاروانێک بە رێگادا تێدەپەڕێ، کاتێ مەلا دەبین کاروانچیەکان زۆر دەترسن و وڵاخەکانیشیان دەڕەونەوە، دوایی کاروانچیەکان مەلا دەگرن و لێدانێکی زۆر باشی لێدەدەن، مەلاش بە لۆژەلۆژ خۆی دەگەیەنێتەوە ماڵەوە.
بۆ بەیانی خەڵک دەچنە لای مەلا، دەبینن مەلا هەموو سەر و گوێلاکی شکاوەو لە جێگادا کەوتووە، خەڵکەکە دەپرسن مامۆستا چیت دیوە و عەزابی قەبری چۆنە چیت وەک خۆی بۆمان بگێڕەوە، مەلا دەڵێ: ئەوەی لەسەر عەزابی قەبری دەیڵێن هیچی راست نییە، وەڵڵا وڵاخی کاروانچییان نەڕەوێنیەوە لە گوڵێت کاڵتر پێناڵێن، بەڵام وڵاخی کاروانچییان بڕەوێنیەوە، وەڵڵا بارت کوتەک دەکەن وەک دەبینن باری منیان کوتەک کردووە.
یەکێتی و گۆڕانیش کە پێداگری لەسەر گەڕانەوەی پارتی دەکەن و دەڵێن: کەرکوک ئارامە و پێویستە پارتی بگەڕێتەوە و پارێزگار هەڵبژێرین، راستە کەرکوک بۆ ئەوان ئارامە کە وڵاخی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیان نەڕەواندۆتەوە، بەڵام دەبێ ئەو راستییە بزانن کە پارتی وڵاخی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراقی رەواندۆتەوە و ناتوانێ وەک ئەوان لە ژێر سێبەری حەشدی شەعبیدا بژی، کە لەو ماڵوێرانیەی لەو سنوورە بەسەر کورد هاتووە بێ دڵێ حەشدی شەعبیان نەکردووە و وڵاخی حکومەتی عیراقیشیان نەڕەواندۆتەوە.
Top