میللەتی كورد، جارێكی تر عێراقچێتی و ژێر دەستی قبوڵ ناكات ..
November 20, 2017
وتار و بیروڕا
بۆیە، لە هەنگاوێكی زۆر دیموكراسیدا گەلی كورد ، بە دەنگێكی زوڵاڵ ، بریاری لە سەر سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراقی تاوانبار و دیكتاتۆر دا . بۆیە دوژمنان نەك چاویان بەو مافەرەوایە و مافە زەوتكراوەكانی تر هەڵنەهات ،بەڵكو پێشتر بەرنامەی داگیركردن و سرٍینەوەی ئەزموونی كوردستانیان دارٍشتبوو ، لەگەڵ وڵاتانی تری داگیركەر بە سەرپەرشتی راستەوخۆیی رژێمی ئێران . لەگەڵ ئەوەی رژێمی ئێران چەندین ساڵە نەخشەی هیلالی شیعی لە سەر ناوچەكە دارٍشتووە و دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران و دامەزرانی حكومەتی شیعە، كۆماریی ئیسلامیی ئێران دوو مەبەستی سەرەكی هەبووە، یەكەم: فراوانكردن و هەناردەكردنی ولایەتی فەقیهی مەزهەبی شیعە. بێبایەخكردنی هەستی نەتەوەیی بەتایبەت لە ناوخۆی ئێران. لە پێناوی ئامانجی یەكەم ئەوەتا دەستێوەردانەكانی ئێران لە سووریا، لوبنان، یەمەن، بەحرەین و . هتد بەردەوامە و ئیرادەی سیاسی لە عێراق ئیفلیج كردووە و بە تەواوی دەستی بەسەردا گرتووەو لە هەموو بڕیارێكی سیاسی و تەنانەت سەربازیدا رۆڵی سەرەكی هەیە. هۆی سەرەكیی كارەساتی 16ی ئوكتۆبەری ٢٠١٧كە داگیركردنەوەی بەشێكی زۆری خاكی كوردستانی لێكەوتەوە، لە لایەك رق و قینی شەخسی و لە لایەكی دیكەوە ئێران بۆ دروستكردنی هیلالی شیعە لە سلێمانی تا شنگال و سووریا لە هەوڵدایە، پێویستی بە رێگایەكی ئەمنی زەمینی و كۆنتڕۆڵكراو هەیە، كە پێیوایە لەو رێگایەوە و بە لێدان لە ئیسرائیل دەتوانێت ئیمپراتۆریی مەزهەبگەرای خۆی بسەپێنێت، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەشی دوای جێگیركردنی هێزەكانی لە سووریا و دروستكردنی دەیان میلیشیا لە عێراق، هاوكات ئێران ویستی شكۆی پێشمەرگە و سنبولەكانی كورد بشكێنێ و ئاكامی ریفراندۆم و ئاواتی سەدان ساڵەی كورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لە بار ببات، بەڵام پێشمەرگە بە ئیرادەی پۆڵایینەوە رووبەڕووی دەبێتەوە. پارتی دیموكراتی كورستان و شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی لە ئێستادا ئاڵاهەڵگری پرسی كورد و سەربەخۆیی كورستانن، ئێرانیش ئەوە بە كۆسپێكی گەورە لەبەردەم خۆیدا دەبینێت كە لەگەڵ بزاڤە مەزهەبگەراكەیدا ناتەبایی هەیه، بۆیە بە تەواوی هەوڵ دەدات، ئەگەر خۆیشی پێی نەكرێ، بە شەڕی ناوخۆیی لەو ئامانجە نەتەوەییە دووریان بخاتەوە و بەڵام خۆراگریمان گشت ئەو پیلانانە فەشەڵ پێدێنێت ..
ئەو هێرش و پەلاماردانەی داگیركەران بۆ سەر خاكی كوردستان ، پیلانێكی پێشوەختە بوو بەمەبەستی سرٍینەوەی ئەزموونی كورد لە ناوچەكەدا كە لەماوەی 26 ساڵی رابردوو ، چەندین هەوڵی نێو خۆیی و دەرەكییان بۆ تێكدان و لەناوبردنی ئەنجامداوە ،بەڵام نەیانتوانیووە سەركەون .ئەگەر بەرگریی قارەمانەی هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەوخۆیی سەرۆك بارزانی نەكردایە ئێستا میلیشیایاكانی حەشدی شعیی و پاسداری رژێمی ئێرانی لە ناو هەولێری پایتەختیش دەستدرێژییان دەكردە سەر كورد و ئاڵای كوردستان. ێرشی حەشدی شیعەی عێراقی و سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر كوردستان چاوەڕواننەكراو بوو. ئاماژە بەوەش دەكات كە «ئەمریكا چەكی پێشكەوتووی بە عێراق دا، بەڵام سوپای بەزیوی عێراق لە موسڵ كە دووەم گەورە شاری عێراقە، هەمووی بۆ داعش بەجێ هێشت كە هەر بەو چەكانە دوو لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیر كردو هاوكات هێرشی كردە سەر كوردستان، بەڵام پێشمەرگە داعشی بەزاند و هاوكاری سوپای تێكشكاوی عێراقی كرد و ورەی بەو سوپایە و حەشدی شیعبی بەخشییەوە، كەچی لە بری دەستخۆشی پەلاماری كوردستانیان دا، بێدەنگبوونی ئەمریكاش وەك پێكردنی گڵۆپی سەوز سەیركراوە بۆ دەستتێوەردانی زیاتری ئێران لەو دۆخە، كە لە راستیدا بوونە ستوون پێنجی ئێران و هەموو كارئاسانییەكیان بۆ بەدەستەودانی ناوچە كوردستانییە كانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كرد، ئەوەش زیاتر لەوەی بە شكستی بزانین، بازرگانییەكی سیاسی و ئابووری بوو كە لە هەموو بنەمایەكی ئەخلاقی و ئینسانی و دیپلۆماتیكی بەدوور بوو. هەر كەس وا بیر بكاتەوە كە ریفراندۆم هۆكاری رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەر بووە، زۆر بە هەڵەدا چووە. لە بەر ئەوەی تەنیا شەڕی داعش پیلانی داگیركردنەوەی كەركووكی دواخستبوو، ئێران و عێراق هەرگیز قبووڵی ناكەن كە كوردستان گەورەترین زەخیرەی نەوتی ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكات. هەروەها رژێمی ئێران ئۆپۆزسیۆنی خۆی لە عێراقدا دەكاتە ئامانج، هاوكات نایەوێ كورد رێگەی وشكایی عێراق و سووریا كۆنتڕۆڵ بكات. ئەمریكا لە ئێستادا كەوتووەتە نێو پیلان و داوی ئێرانەوە و پێكەوە وەكو دوو لێوی مەقەستێك كورد دەبڕن، بەڵام ئەوە شتێكی كاتییە و ئەمریكا و جیهانی ئازاد لە مەترسییەكانی رژێمی ئێران بۆ ناسەقامگیركردنی ناوچەكە تێگەیشتوون و گۆرانكارییەكانی بەرەو سوودی كورد وكوردستان هەنگاو دەنێن ..