واز لە دەستبەتاڵەکانی فەیسبووک بێنن تا وەک وڵاتانی بەھاری عەرەبیمان لێنەھاتووە !

واز لە دەستبەتاڵەکانی فەیسبووک بێنن تا وەک وڵاتانی بەھاری عەرەبیمان لێنەھاتووە !

من وا لە سیاسەت و سیاسەتکردن تێگەیشتووم کە وەک چوونە سەر تاوەرێکی بەرزوایە، لەوێوە تەنھا بەردەمی خۆت نابینی، بەڵکو ھەموو گۆشەکان و دووری و نزیکی و تەواوی چواردەورەکەی خۆتت لێدیارە، بۆیە ئەوانەی بەرپرسیارێتی حزبێکی سیاسیان گرتۆتە ئەستۆ، نابێ وەک ھاووڵاتییەکی پیادەی ئاسیی ببینن کە تەنھا بەردەمی خۆی و چەند مەترێکی دەورووبەری خۆی دەرک پێدەکا، لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتکردن لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ بینا دەکرێ کە کۆمەڵێک کەسی دەستەبژێر بە میکانیزمی جۆراوجۆر ئیدارەی ئەم پرەنسیاپانە دەکەن و ئەوان خوارخۆیان بەرێوە دەبەنو رێگەکانیان نیشان دەدەن.
یەکێک لەو ھەڵە کوشندانەی کە ھەموو ھێزە سیاسییەکان ھەریەکیکَیان بە میکانیزمی جۆراوجۆر لە رابردوودا کردوویانەو باجیشیان لەسەرداوە لادانیان بووە لەو پرەنسیپانەی کە لەبنەڕەتدا بۆی دامەزراون، جا ھەندێکیان عەقڵی نوخبەی سیاسی حزبەکەشیان بەتەواویڕادەستی پیادەڕۆیەکان کردووەو بەتەواویش لەنوقتەی بورجەکەوە ھاتوونەتە خوارەوە !
حیزبایەتی و سیاسەستکردن و بەڕێوەبردنی وڵات بە کاریگەری و شەڕەدەنووکی دەستبەتاڵەکانی فەیسبووک ناکرێ، ئاییندەی میللەتێک کە لەھەموو لایەکانەوە لەلایەن وڵات و نەتەوە گورگئاساکان دەورەدراوە باڵاترە لەو تیرۆرە فیکرییەی کە لایەنگرانی حزبەکان لە رێگەی فەیسبووکەوەیەکتریان رووبەرووی کوشتنی مەعنەوی کردۆتەوە، کە لەراستیدا زۆرینەی ھەڵمەتەکانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە لەناو بازنەی خەڵکی پیادەڕۆو دەستبەتاڵ و کورتبیندا کۆدەبێتەوە،یان روونتر بڵێم "ھەڵمەتی ئیستفزازین" کە لایەنگرانی پارتە سیاسییە نەیارەکان لەبەرامبەریەکتریدابەکاریدەھێنن، زۆرینەی جارانیش ئەم دەنگانە دەنگی لۆژیک و بەرھەمی بیرکردنەوە نین، بەڵکو ھەڵچوونی دەروونین، تەنھا ئامانجیش لێی ناشیرینکردنی سەرکردەییەکتریی و بڕیاری سەرکردایەتییەکان و ئینجاش پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکان و بەرھەمی دەستبەتاڵییە ئەم تیرۆرە فیکرییەی لێکەوتۆتەوە.
بۆنموونە، لەسەرووبەندی ھەڵمەتەکانی پرۆسەی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستاندا، زۆرینەی ئەوانەی نەیاری بڕیارەکەی بارزانی بوون بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێیانوابوو کە ریفراندۆم موزایەدەی سیاسییەو تەنھا بۆ بەدەستھێنانی پۆست و ئیمتیازاتە لە بەغدا، دەنا لەبنەڕەتدا نایانەوێ ریفراندۆم بکرێ، کە زانرا بڕیارەکە بڕیارێکی جدییە ئیدی ھەمان دەنگ مەوجیڕەخەنەکەیان گۆڕی و وتیان ئەم بڕیارە بڕیارێکی کوشندەیەو وڵاتەکەمان رووبەرووی جەنگێکی خوێناوی دەکاتەوەو خەڵک توشی قات و قڕی دەبێ، ئەرێ بەڕاست ئەگەر رۆژێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بارزانی بڕیاری لەسەر دواخستنی ریفراندۆم دابا بەپاساوی ھەبوونی مەترسی و ھەڕەشەی ھەرێمی، ھەر ئەم دەنگانە چ ھاورێکیان لێھەڵدەستا؟! من یەقینم ھەر ئەو دەنگانە ئەوکات ھەڵمەتێکی میدیایی و سوشیال میدیاییان دەنکرد و دەیانفەرمووئێمە لەسەرەتاوە وتمان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی نییەو بەڵکو فشارێکی جەماوەرییە لەبەرامبەر بەغدا بارزانی بەکاری دەھێنێ!
ھەر کاریگەری و چونە ژێر باری ئەم فەیسبووکەش بوو بەھاری عەرەبی دروست کردوو جگە لە تونس ھەموو ئەو وڵاتانەی شۆڕشیان تێداکرا، لەبری خۆشگوزەرانی ، وڵاتەکانیان رووبەرووی جەنگ و ناسەقامگیرییەکی سیاسی تیکچرژاو کردەوە!

Top