زۆر جاران دەکەوتمە گومان

زۆر جاران دەکەوتمە گومان
کاتێ هەڵسووڕاو و بانگخوازانی بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هەندێ رۆشنبیری کۆیلەخواز، خۆیان کردبووە هەڵگری خەمی خەڵک و باسی خۆشگوزەرانی و ئازادی بیروڕا و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسایان دەکرد، خۆم بە خۆمم دەگوت: دەکرێ ئەوانە زۆر راستییان لابن و ئەگەر ئەو جیهانەی ئەوان باسی دەکەن بێتەدی، ئەوا لەسەر دونیا بەهەشت دەبینین و بە جۆرێک شارەزای کوچە و کۆڵانەکانی بەهەشت دەبین کە لە رۆژی دوایی دەبینە چاوساغی خەڵکی تر.
بەڵام کاتێک لە پەلامارە وەحشی گەریەکانی حەشدی شەعبی و داگیر کردنی کەرکوک و ناوچەکانی تر بێدەنگ بوون و بەلای ئەوانیشدا شکانەوە، تێگەیشتم کە ئەوانە هەڵگری خەمی خەڵک نین و ئازادی بیروڕا و دیموکراسیش لە زاڵی دوژمنان و داگیرکردنەوەى کوردستاندا دەبینن.
کاتێک لە ئاست کۆشتوبڕی ژن و منداڵانی خورماتوو خۆیان کرد بە کەڕەی شەربەت فرۆش، تێگەیشتم کە ئەوانە هەرچی لەسەر مافی مرۆڤ گوتوویانەو ئەوەی لەمەولاش دەیڵێن نەک هەر درۆیە، بەڵکو چاوبەستنی خەڵکە لە ئاست بینینی هەر تاوانێک کە لە ئامانجە کەسی و حزبییەکانیان نزیک دەکاتەوە.
کاتێکیش باسی سەروەری یاسان دەکرد، تێگەیشتم کە مەبەستیان ئەو یاسایەیە کە بۆ پەلاماردانی خەڵکی سڤیل و داگیرکردنەوەی کوردستان، لە پەرلەمانە عەرەبیەکەی بەغدا پەرلەمانتارەکانیان حەشدی شەعبیان پێ بە یاسایی کرد.
Top