روونکردنەوەیەکی پێوێست و پێشنیارێک

روونکردنەوەیەکی پێوێست و پێشنیارێک
گومان لەوەدا نییە کە کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و فرە جەمسەرترن کە بەشێک لە سیاسی و سەرکردەکان کورد وەک کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا شرۆڤە و لێکدانەوەی بۆ دەکەن، یان هەندێ حزب و لایەن ریفراندۆم دەکەنە پاساو و بە سەرچاوەی سەرهەڵدانی کێشە و قەیرانەکانی نێوان هەولێر و بەغدای دەزانن، ئەگەر لەو چەند خاڵەی خوارەوەشدا خوێندنەوەیەکی سیاسی و مێژوویی و ئەقڵانی بۆ کۆی جەمسەربەندیەکانی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە بکەین، ئەوا راستییەکان وەک هەن دەردەکەون.
١ــ کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئامانجی زیاتر فراوانکردنی دەسەڵاتی قەڵەمڕەی خۆی و خوازیاری زیندوو کردنەوەی ئیمپراتۆری سەفەوی، لە بەرگی پیرۆزی و سەروەر کردنی مەزهەبێکی دیاریکراو دەستی خستۆتە ناو زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و زۆر کێشەی سیاسی و سەربازی لە نێوان پێکهاتەی ئەو وڵاتانە درووست کردوون، ئەگەر تا دوێنێش ئێران هەوڵەکانی بۆ ئەو مەبەستە و گەیشتنەوە بە خەونی ئیمپراتۆری سەفەوی بە شاراوەیی و لە رێگای دەزگا هەواڵگری و تایبەتیەکانی بووبن، ئەوا ئەمڕۆ دەستوەردانەکانی نایشارێتەوە و ئەو خواستەی بە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش راگەیاندووە.
٢ــ مەترسیەکانی ئەو ئامانجەی ئێران لەسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و لە ناویشیاندا وڵاتی ئیسرائیل بە زەقی دەرکەوتوون، مەترسییەکان بە جۆرێکن کە ئیسرائیل لە رابردوودا وەک چاودێر بەسەر رووداوەکانەوە خۆی دەرخستووە، بەڵام لە ئێستا روون و ئاشکرا هاتۆتە ناو رووداوەکان و بە دنیای راگەیاندووە کە ناتوانێ لە ئاست هەوڵکانی ئێران بێدەنگ بێ.
٣ــ ئەمەریکاش لەلای خۆیەوە سوپای پاسدارانی خستۆتە لیستی تیرۆر و رێککەوتنی ئەتۆمی خستۆتە ژێرپرسیار و هەوڵەکانی لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ دژ بە ئێران خستوونە گەڕ.
٤ــ جگە لە نیگەرانیەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەڵوێست و دەستوەردانەکانی ئێران، روسیاش کە لە رووداوەکانی سوریاوە بە سەنگ و قورسایی سیاسی و سەربازی حەساب لەسەر کراو گەڕاوەتەوە ناو ململانێ نێودەوڵەتیەکان، هەمان نیگەرانی و مەترسی لە دەستوەردان و پەل هاویشتنی ئێران هەیە.
هەموو ئەو رووداوانە و زۆر رووداوی تریش بەڵگەی ئەوەن کە نەک هەر گۆڕانکاری گرنگ و چاوەڕوانکراو لە ناوچەکەدا بەڕێوەن، بەڵکو یۆ پێشگرتن بەو فراوانخوازیەی ئێران شەڕ و ئاشووبێکی کاولکاریش لە ناوچەکە چاوەڕوان دەکرێ، ئەوەش لە کۆی حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەخوازێ لە ئێستادا حزبایەتی تووڕ هەڵدەن و بە هەڵوێستی نەتەوەیی و کۆدەنگیەوە چاودێری رووداو و گۆڕانکاریەکان بکەن، چونکە ئەگەر کێشە و قەیرانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وەک بەغداش دەیەوێ چارەسەر ببن، شەڕ و ئاشووبی ناوچەکە هەر روودەدات و گۆڕنکاری گەورەش لە نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا بە دوای خۆیدا دێنێ و گۆڕانکاریەکانیش راستەوخۆ کاریگەریان لەسەر دۆزی کورد بە گشتی دەبێ، بۆیە پێویستە چ ئەو لایەنانەی لەگەڵ ریفرادۆم بوون دەستبەرداری ئامانجەکانی ریفراندۆم نەبن و چ ئەوانەش کە دژی بوون پێیان وانەبێ بە داگیر کردنەوەی کەرکوک ئیتر ئامانجی ریفرادۆم و سەربەخۆیی کوردستان کۆتایی هاتووە، چونکە ئامانجی سەربەخۆیی خواستی نەتەوەیەکە کە سەدان ساڵە لە پێناویدا رەنج و قوربانی دەدا و خوێنی بۆ دەبەخشێ.
Top