جیهانێكی بێ ویژدان

جیهانێكی بێ ویژدان
مرۆڤ ته‌ماشای پره‌نسیپه‌ گشتیه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی زلهێزی وه‌ك ئه‌مریكا و ئه‌وروپا ده‌كات، دڵنیا ده‌بێت له‌وه‌ی ته‌واوی ماف و ئازادی و دیموكراسی و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان پارێزراوه‌، زێده‌تریش له‌و پره‌نسیپانه‌دا مافی ئاژه‌ڵ و ژینگه‌..هتد له‌ خانه‌ گرنگه‌كانی به‌رنامه‌ و سیاسه‌تی ئه‌وانه‌. به‌ڵام له‌واقیعی حاڵدا ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵه‌ پره‌نسیپێكن یاخود كۆمه‌ڵه‌ یاسایه‌كن نه‌كرده‌یین و نه‌ شایه‌نی پشتپێبه‌ستنن.
هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراق له‌چه‌ند ره‌نگێكی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ئاینی پێكهاتووه‌، كه‌ هه‌موویان به‌ رێژه‌ی جیاوازتر له‌و وڵاته‌ خاوه‌ن قوربانین له‌پێناو مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كانیان خه‌باتێكی درێژ و چه‌شتنی زوڵم و زۆرداری زۆریان چه‌شتووه‌، ته‌واوی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ دژ به‌ پره‌نسیپه‌ نێوده‌وڵه‌تی و یاساییه‌كانه‌، له‌ كیمیابارن و ئه‌نفال و كوشتن و راگواستن و ته‌عریبكردن و لێسه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی كه‌ ئاماژه‌ن بۆ كه‌رامه‌تی مرۆڤ.
سه‌رباری ئه‌م هه‌موو مێژووه‌ پڕ له‌ زوڵمه‌، كورد ده‌ستی له‌و فه‌رهه‌نگ و كلتوره‌ هه‌ڵنه‌گرت كه‌ پارێزگاری له‌ پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری و ئاشتی و هێمنی و ره‌خساندنی ژینگه‌ی دیموكراسی ده‌كات. خه‌باتی له‌پێناو چه‌سپاندنی مافه‌كانی كرد، رێگاكانی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی كرده‌ بنه‌مای هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كی ناوخۆیی عێراق و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی. نه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی نه‌ عێراق و دراوسێیه‌كان رێزیان گرت له‌م فه‌رهه‌نگ و كلتوره‌ پڕ له‌ لێبورده‌یی و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه‌، له‌وانه‌ش خراپتر بووه‌ هۆكارێكیتری زوڵم لێكردن له‌ كورد و به‌رده‌وامیدان به‌ سیاسه‌تی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ وه‌ك بڕینی بودجه‌ و موچه‌ و رووبه‌ڕووكردنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ گروپێكی تیرۆریستی دڕنده‌ و پڕچه‌كی وه‌ك داعش، سه‌ربه‌رزانه‌ توانی به‌رگری له‌ مانه‌وه‌ی خۆی بكات و له‌پێناو ئاشتی و ئارامی و پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ و كه‌رامه‌تی مرۆڤ له‌ جیاتی هه‌موو جیهان به‌چه‌كی ئیراده‌ی خۆی شه‌ڕ بكات.
كورد له‌به‌رامبه‌ری پارێزگاریكردن له‌ به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی هه‌رگیز ئه‌و پاداشته‌ی نه‌ویستووه‌ كه‌ ملكه‌چی بكات بۆ ژێرده‌سته‌ییه‌كی تر، به‌ڵكو تاكه‌ شتێك پێداگیری لێكردوه‌ رێزگرتن بووه‌ له‌ ئیراده‌ و بڕیاری خه‌ڵكی كوردستان كه‌ یه‌كده‌گرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پره‌نسیپ و یاسایانه‌ی ماف ده‌به‌خشێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و میلله‌تێك، ئاخۆ ئه‌مه‌ تاوان بوو كه‌ جیهان بێ ویژدانانه‌ رێزیان له‌م بڕیار و ئیراده‌ی كورد نه‌گرت؟
ئه‌نجامی زیاتر له‌92%ی ده‌نگی به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌لایه‌ن پێكهاته‌كانی كوردستانه‌وه‌ له‌پێشبینی و چاوه‌ڕوانی گه‌لی كوردستان بوو دونیا رێز له‌م ئیراده‌یه‌ بگرێ، به‌ده‌نگ بێن و پشتیوانی ده‌رببڕن بۆ ئیراده‌یه‌ك كه‌ به‌ ئاشتیانه‌ نیشاندراوه‌ و به‌ رێكاری یاسایی گشتپرسی بۆ كراوه‌، ئاخۆ ویژدانی هه‌موو جیهان كوێر و كه‌ڕ نین؟ كه‌ بێده‌نگن به‌رامبه‌ر به‌و هێزانه‌ی خۆیان له‌ لیستی تێرۆر ناویان تۆمار كردوون و خه‌ریكی قڕكردنی میلله‌تێكی وه‌ك كوردن و به‌شاهیدی خۆیان میلله‌تێكه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا جێپێه‌كی گرنگی پره‌نسپیه‌كانی مافی مرۆڤ و ئاشتی و دیموكراسی و ئازادی و پێكه‌وه‌ژیانه‌. نموونه‌یه‌كه‌ له‌ رێزگرتن له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و چه‌تری پارێزگارییه‌ له‌ كه‌مینه‌كان، باوه‌شی میهره‌بانی و مرۆڤدۆستیه‌ بۆ ئاواره‌كان كردۆه‌ته‌وه‌.
ئه‌ی ویژدان له‌ كوێیه‌ گه‌لی كوردستان‌ بكه‌وێته‌ به‌رده‌م چه‌ته‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ خوێنڕێژ و وێرانه‌كه‌رییه‌كه‌ی به‌غدا؟ ئاخۆ تاكه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتگیری له‌ ده‌وڵه‌تێكی تائیفی وه‌ك عێراق ده‌كات؟ ئاخۆ كه‌ی دان به‌وه‌ده‌نێن هیچ ده‌رفه‌تێك نه‌ماوه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیان له‌وڵاتێكی به‌ زۆر دروست كراو؟
جیهان ده‌بێت راستی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بێت، چۆن له‌ رابردوو شه‌رمه‌زاری گه‌لی كوردستان بووه‌، كه‌ بێده‌نگ بوو به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی له‌ناوبردنی له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانی عێراق، له‌م قۆناغه‌شدا هه‌مان شه‌رمه‌زاری و مێژووی بێده‌نگ بوونی و پشتگیریكردن له‌ زوڵم و پشتكردن له‌ به‌های مرۆڤایه‌تی تۆمار ده‌كات و بێ ویژدانی له‌ هه‌ڵبژارد و رۆژێك دێت نه‌وه‌یه‌كی زیندووی گه‌لی كوردستان ئه‌م مێژووه‌تان به‌ناوچاوانه‌وه‌ بداته‌وه‌ و شه‌رمه‌زارترتان بكات.
Top