ماتەمی نیشتمانی

ماتەمی نیشتمانی
ئەوەی لە ١٦ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە شاری کەرکووک ڕوویدا، مێژووێکی ڕەشە بۆ ھەندێ کەس، ناحەزان توانیان لە پێناو چەند دەسکەوتێکی ماددی و مەعنەوی درزێک بخەنە نێو ڕێزەکانی گەلەکەمان، ھەر بە ھەماھەنگی ئەم تاقمە دەیانەوێت جارێکی دیکە شەری براکوژی و کوردکوژی بەرپا بکەنەوە.
کوردستان زۆر ھەوراز و نشێوی بینیوە، ڕۆژگاری زۆر لەمە سەختتری بڕیوە، بۆ ھەڵگێرانەوەی پیلانەکان بەسەر دارێژەران و ھاوکارەکانیان، لەم قۆناغەدا، پشوو درێژی، ئومێد، کۆکردنەوەی ھێز، وزە و توانای خەڵکانی دڵسۆزی دەوێت بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە ئامانجە ھەرە مەزنەکە بگات.
ئەم موئامەرەیەی کە ڕوویدا دەستێکی نێوخۆیی تێدا بوو، مەسەلە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکو بەبێ ڕیفراندۆمیش ئەوان زوو یان درەنگ ناوچە کوردستانیەکانیان ھەر داگیر دەکردەوە.
ئێران و ھاوپەیمانەکانی، دەیانویست لە شکۆی کورد بدەن و لەوە زیاتر کوردستان پێشنەکەوێت، دواجار ئەوەی ویستیان بە ھاوکاری لایەنێکی نێوخۆیی ئەنجامیاندا! ئەگەر ئەم ڕووداوە ڕووی نەدابوایە خەونی دەوڵەت دەھاتەدی، بەڵام نەیانھێشت، ھەر بۆیە ھەموو خۆشییەک لە دڵ و دەروونمان پووکایەوە، ئێستا لە ماتەمێکی نیشتمانین، جارێکی دیکە جەستەی کوردستان بریندار کرا.
گەلی کوردستان ھەمیشە لە ڕوانگەی چارەسەری ئاشتیانەدا ھەنگاوی ناوە و ھیچ کاتێک شەڕمان نەویستووە، بەڵکو شەڕمان بەسەردا سەپێندراوە و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ چارەسەری ئاشتیانە داوە بۆ مانەوەمان و گەییشتنمان بە ئامانجەکانمان، ئامانجی سەرەکیشمان دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بووە، مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، لە ڕۆژی ١٧ـی ١٠ـی ٢٠١٧دا فەرمووی: " گەلی کوردستان بە ھیمەتی ھێز و ڕۆڵە قارەمانەکانی زوو یان درەنگ ھەر دەگاتە ئامانجە ڕەوا و پیرۆزەکانی، ئیمڕۆ ڕۆژی باوەڕ بوونە بە ھێز و یەکڕیزیی گەلەکەمان." لەم قۆناغەدا، پێویستمان بە شۆڕشێکە کە بڕوابەخۆبوون و ئیرادە لە ناخی ھەموو تاکێکی کوردستانیدا دروست بکات، بە دڵنییایەوە، سەرکردایەتی کورد بە حیکمەتی خۆی میللەتی کورد لەم میحنەتەش دەرباز دەکات.
Top