ئەگەر ویستت پاشەڕۆژی میللەتێک بزانی، ئەوا بڕۆ پۆلەکانی قوتابخانە بزانە چی دەخوێنن و چۆن فێردەبن

ئەگەر ویستت پاشەڕۆژی میللەتێک بزانی، ئەوا بڕۆ پۆلەکانی قوتابخانە بزانە چی دەخوێنن و چۆن فێردەبن
ھەروەکودەلێن "ھیچ بەختەوەریەک ھاوسەنگی ویژدان ئاسودەیی نییە" ھەروەھا دەلێن ئەگەر ویستت پاشەڕۆژی میللەتێک بزانی ، ئەوا بڕۆ پۆلەکانی قوتابخانە بزانە چی دەخوێنن و چۆن فێر دەبن.
بۆیە پڕۆگرامەکان یانی پاشەرۆژی میللەت و ھەر لە رێگای پڕۆگرامەکانیشە کەسایەتی تاکەکان بنیات دەنرێت و چۆن بتوانرێ کەسێکی تێگەیشتوو پێگەیشتوو ئامادە بکەین دەرئەنجام کۆمەڵگا و میللەتێکی ووشیار و زیندوو دێتە بەرھەم، بۆیە گرنگە پڕۆگرامەکانی خوێندن گوزارشت لە درووست کردنی تاکێکی بوێر و متمانە پێکراو بکات ، کەسێک پەروەردە بکەن کە خۆشەویستی خاک و نیشتیمانی لە ناخەوە چەکەرەی کردبێ کەسێکی ڕاستگۆ و خاوەن متمانە پەروەردە بکرێ کە ھەرگیز سازش لە سەر مافە نەگۆڕ و ئەرکە جێگیرەکان نەکات بەردەوام خۆی بە بەرپرسیار بزانێ.
پەروەردە جگە لەوەی کە مامۆستا و قوتابی و قوتابخانە ئەستوندە جێگیرەکانی پرۆسەکەن، بەڵام پڕۆگرامیش ھاوشانی ئەوان گرنگی و تایبەتی تەواوی ھەیە لەسەر پەروەردە کردنی تاکەکان کە بەرپرسیاریەتی گەورەن لە سەر شانی ھەموو ئەوانەی لە پرۆسەی پەروەردە کاردەکەن، جگە لەوەی بەرپرسیاریەتی و ئەرکێکی رۆژانەیە لە ھەمان کاتیش پەیوەندی بە ویژدان و ژینگەی پەروەردەکردنی ھەر یەکێکمانەوەیە و بۆیە ناکرێ لە پەروەردە رۆژ بەرێ بکرێ و خەوشەکان بە پینە و پەڕۆ بەرێوە ببرێن و خاڵ و ھێلە شەرمەزارییەکان چاوپۆشییان لێ بکرێ ئەوکات ووڵات وێران دەبێ، چونکە پەروەردە داینەمۆی پێشکەوتنی ناساندنی ھەر میللەتێکە بۆیە ھەرگیز نابێ لە پەروەردە بێ ئاگا بین لە ھەموو کایەکانی پەروەردە بە گشتی، ئەگەر بە کورتی تەماشای پڕۆگرامەکانی ھەر ووڵاتێک بکەین دەبینین پڕۆگرامەکانی بنچینەی پەروەردە و فێرکردنن لە بابەتەکانی بیرکاری و زانستەکان بگرە تادەگاتە میوزیک و وەرزش ھەر ھەمووی گرنگن بۆ قوتابی لە ھەموو قۆناخەکان پیچویستە قوتابی بیانخوێنی و ئاشنایان ببێت.
ھەر بۆنموونە لە ووڵاتی ژاپۆن بابەتی (ڕێگای ڕەوشت) لە پۆڵی یەکەمی بنەڕەتی دەخوێندرێ تا پۆلی شەشەمی بنەڕەتی کە قوتابی فێری ڕەفتار و کردارە گرنگەکانی ناو خێزان و کۆمەڵگا دەکات ئەو بابەتە زیاتر لە سەد ووڵاتی جیھان دەخوێندرێ ھەریەکە و بە جۆرێک گرنگە، ئێمەش لە کوردستان بابەتێکی ھاوشێوە بکرێتە پڕۆگرامی خوێندنی قۆناخەکانی بنەڕەتی لە پۆلی (١-٩)ی بنەڕەتی لەلایەن کەسانی پسپۆر و شارەزا دابرێژرێ کە قوتابی فێری نەرم و نیانی و ڕاستگۆیی و گۆێ ڕایەلی و خاوەن قسەو کەسایەتی خۆی بکات، پڕۆگرامێک قوتابی کورد فێری نیشتیمان پەروەری بکات و سازش لە سەر مافە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکان ، قوتابی فێر بکات چۆن لە کۆمەڵگا ڕەفتار دەکان کردارەکانی لە ناو خێزان و لە قوتابخانە و لەگەڵ ھاورێیەکان و لە شوێنە گشتییەکان چۆن بێت، پڕۆگرامێک کەوا لە قوتابی بکات کە کەسێکی بەھێز و بوێر و کۆڵنەدەر درووست بکات، کەسێکی ڕاستگۆ و دڵ پاک و ڕاشکاو و بەھێز دوور لە ڕق و کینە و لاوازی بەڵکو کەسایەتی بەھێز درووست بکات خەڵکی خۆش بوێت حەز بە بەختەوەری و سەرکەوتنی کەسانی تر بکات و دوور بکەوێتەوە لە درووستکردنی کێشەو گرفت بەڵکو کەسێکی گەشبین و خاوەن ئیرادە بە مانای ووشە پەروەردەیی و خاوەن بەرپرسیاریەتی و بزانێ چۆن لە کاتی بەرپرسیاریەتی و ئاسایدا چۆن ڕەفتار بکات، ویژدان ئاسودە و زیندوو بێت چونکە ھەزار شاھێد ناکاتە ویژدان ئاسودەییەک ، پەروەردەش ویژدان ئاسودەییە.

بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top