سایکۆلۆژیای ئەنفالی زمانی کوردی

سایکۆلۆژیای ئەنفالی زمانی کوردی
یەکێک لەو ئەفسەرە بەناوکوردانەی کە ھەر ئەمڕۆ لە کەرکووکی برینداری لە پشتەوە خەنجەر لێدراو، لە کەناڵێکی چەواشەکار بە ھزار سوێند خواردن بانگەشەی خەڵکی ئاوارەی کەرکووکی دەکرد بگەڕێنەوە شاری خۆیان. جگە لەوەی کە لە بیری کردبوو کە ئەو و ئەوانی وەک ئەو بە ھاوکاری و دەستکێشی ڕێگەی داگیرکردنی شارەکەیان خۆش کردووە، سوێندی دەخوارد شار ئارامە و ئاسوودەیی ھەیە و مافەکانیان پارێزراوە. لە کاتێکدا ھەمان ئەو کەسە بەر لە چەند دەمژمێرێک لەو قسەیە لە کەناڵێکی ھاوشێوە و چەندین کەناڵی دیکە و ڕاستەوخۆ بینرا کە چۆن کاتێک دەیویست لەبەردەم مایکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن چەند وشەیەک، و بێگۆمان وشەی درۆینی ھاوشێوەی درۆیەکانی ئەمرۆ، بۆ گەوجاندنی خەڵکی بکاتن، لە لایەن کەسێکی سەربازی ( لیوا عەلی) ناوێک، کە لە تەنیشت و سەرووی خۆی بوو، و سەر بە سووپای داگیرکاری بەغدا بوو، وێرای چەندا جار پاڕانەوە و داواکاری، نەک تەنھا دەرفەتی قسەکردن بە کوردی پێ نەدرا، بەڵکۆ زۆر بە بێ شەرمنانە و دوور لە بنەماکانی مرۆڤی و کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندن و لەشکەری و لەبەر چاوی ئەو ھەموو کەناڵەی ڕاگەیاندن نەچاری کرد تەنیا و تەنیا بە عەرەبی قسە بکاتن.
ڕیسوایی لەو ڕووڕەشانەتر دەبێ چی بێ؟ ئێمە بڕوا بە کامیان بکەین و ھەر دوو یان ڕاستەوخۆ بینران: سیناریۆی سوێندخواردنەکە یان ئەوەکی دیکە کە دەبێ ناوی لێ بنرێتن ئەنفالی زمانی پیرۆز و ڕەسەنی کوردی؟ ئەو زمانەی کە ئەو ئەفسەرە پاش چاوساغی ھێنانی داگیرکەران بۆ کەرکووک نەک وەک پاداشت بۆ ئەو شەرمەزارییە نەک ھیچ ڕێزی لێنەگیرا، بەڵکۆ وەک یاساکانی دەستووری و لەشکەریش ھەمان بەھای پێدرا.
بەڵی ھەموو جۆرەکانی ئەنفالەکانی پێشتر بەس نەبوون ئەنفالی زمانی کوردیشی ھاتە سەر. نەتەوەیەکی خۆپەرست، کە نیازی بێ زمانی قسەکردنی نەتەوەیەک، کە بەرھەمی کەلتوور و فەرھەنگ و پەروەردەی چەندین ھزار ساڵەی کوردستانیان بێ و بە بڕوای دەروونناسان بەشێکە لە پێکھاتەی سایکۆلۆژی ھەر مرۆڤێک لە ھەر نەتەوە و نەژاد و کۆمەڵگایەک، لە جەستەی ئەو مرۆڤە جیا بکاتەوە و دەرفەتی قسەکردنی پێنەداتن، چۆن دڵی نایێ سەری ئەو کەسەش لە جەستەی جیا بکاتەوە؟
بێگۆمان وادەکاتن، چونکە ئەو نەتەوە و وڵات و دەولەتە داگیرکەرە لەوانەیە کەسانی نەزانی زۆر تیایدا بێ بەڵام نەزانینییان ئەوەندە نیە کە گەمژە بن و نەتوانن باش و خراپ لە یەکتر جیا بکەنەوە، و نەزانن کە کەسێک بۆ باب و برا و خوشک و نەتەوەکەی وەفای نەبێ بێگۆمان بۆ ئەوانیش وەفای نیە، و لە ئەنجامدا ئەو ڕوودەداتن کە لە ئاییندەیەکی نزیک دا ھەموومان دەیبینین و یان دەیبیستین. تەنھا ڕیسوایی و ڕووڕەشیەکەی ئەم جیھان و جیھانەکەی تر پاداشتی ئەو کەسانەیە نەک ھیچ پاداشتێکی شایستەتر. ئەوە یاسای سروشتە. *پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ

Top