ماف هەرگیز نافەوتێت

ماف هەرگیز نافەوتێت
هەر مافێك كه‌ به‌ زۆرداری له‌ گه‌لێكی ئەو جیهانە زه‌وت بكرێت دلنیابن ڕۆژێك ئەگه‌ر به‌ خۆشی و به‌ ئاشتیش نه‌بێت هه‌ر به‌ زۆر ده‌سه‌ندرێته‌وه‌ ، ئێمه‌ی گه‌لی كورد له‌و عێڕاقه‌ ده‌سكرده‌ هه‌میشە ماف زه‌وتكراو و ماف پێشێلكراو بووین، هه‌ر بۆیه‌ خه‌باتی چه‌كداری و سیاسی بۆ وه‌رگرتنی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانمان بۆ ساڵانێكی دورو درێژ پێكه‌وه‌ له‌ ئه‌جیندای خه‌باتی ڕزگاریخوازی پارته‌ كوردییه‌كان بوو له‌ عێڕاق.
هه‌رچه‌نده‌ له‌و خه‌باته‌دا قوربانی زۆریش دراوە به‌ڵام بێ به‌رهه‌م نه‌بووه‌، له‌م دوایه‌شدا ڕیفراندۆمی گه‌لی كوردستان خه‌باتێكی سیاسی مۆدێرنی مه‌ده‌نی و دیموكراسی بوو، ئه‌و خه‌باته‌ش بێ قوربانی نه‌بوو به‌ڵام بێ به‌رهه‌میش نابێت.
سه‌ربه‌خۆیخوازی نه‌ك ویست و داواكارییه‌كی نوێی گه‌لی كوردستان و هاووڵاتیانی ئێستا و سه‌رۆك بارزانی بێت و گه‌ر دوژمنان و نه‌یاران وا بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ نابێت ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ بینین، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن ئه‌و ماف و داخوازییه‌ هه‌ر ده‌مێنێت وهه‌ر ده‌هێته‌ دی.
ئێمه‌ له‌ سه‌ر حه‌قین ئەگه‌ر له‌و دونیایه‌ كه‌سیشمان له‌گه‌ڵ نه‌بێت ته‌نیا گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كتر و بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان له‌گه‌ڵ یه‌ك ڕو ڕاست بین دڵنیام خوامان له‌گه‌ڵه‌ و هه‌ر سه‌رده‌كه‌وین، هه‌ر ده‌وڵه‌ت و كه‌سێكیش كه‌ غه‌در له‌ گه‌لی ئێمه‌ بكات نه‌ك ته‌نیا له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كانی دانابێت، باجه‌كه‌ی هه‌رده‌دات ئایه‌نده‌یه‌كی باشی نابێت و هه‌ر ڕوبه‌ڕوی تۆڵەی پەروەردگاریش ده‌بێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه‌ نین بۆ سه‌ر هیچ وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌ك و مافمان خوراوه‌ و مافی كه‌سمان نه‌خواردووه‌، مافیش هه‌رگیز نافه‌وتێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ با زیاتر به‌ یه‌كتر شكاندن و له‌ جیاتی نه‌یاران بیانوو هێنانه‌وه‌ خۆمان لاواز و كه‌م نرخ نه‌كه‌ین ، بینیمان چۆن سه‌رباز و حه‌شده‌كانی شه‌عبی ئاڵای پیرۆزی كوردستانیان له‌ كه‌ركوك له‌ ژێر پۆستالی خۆیان دانابوو، چۆن دوێنێ له‌ كه‌ركوك نه‌یان هێشت فه‌رمانده‌یه‌كی پۆلیس له‌ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی به‌ كوردی قسه‌ بكات ، گه‌ر ئه‌وان بتوانن كه‌له‌ی سه‌ری هه‌ر كوردێك ده‌خه‌نه‌ ژێر پۆستالیان و ڕێگه‌ ناده‌ن تا دونیا هەیە كه‌س به‌ كوردی بدوێت...
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ نابێت بێ هیوا بین و ئیراده‌مان لاواز بێت ، چونكه‌ شه‌ڕی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی به‌ر له‌ هه‌موو شتێك شه‌ڕی ئیراده‌یه‌، به‌ڵام پێداچونه‌وه‌ به‌ كاری سیاسی هه‌م له‌ ڕوی تیوری و هه‌م له‌ ڕوی كرداره‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پێویستیه‌كه‌ كه‌ ڕۆشه‌نبیران و سیاسه‌تكاران ده‌بێت كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و ئه‌و زانست و پیشه‌یه‌ ده‌بێت بۆ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان بێت نه‌ك به‌ خراب به‌كار بهێندرێت، پێویسته‌ سیاسه‌تمه‌داران و سیاسه‌ت بازان له‌یه‌كتر جیا بكرێنه‌وه‌.
جێگای داخه‌ له‌ كوردستان وزه‌ و هێزێكی زۆری عه‌قڵی و نوسین و قسه‌ كردن له‌ جیاتی خزمه‌تكردن به‌ ئامانجی نیشتمانی و بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پته‌وه‌ كردنی یه‌كرگرتوویی نێو خۆیی، به‌ زانا بوون یان نه‌زانی له‌ خزمه‌تی نه‌یاران و دوژمنانماندایه‌. هه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نێو خۆییه‌ ده‌ژه‌كانی خۆمان بوو كه‌ زیاترین زیانی له‌و ماوه‌یه‌دا وه‌كو هه‌میشه‌ به‌ ئێمه‌ گه‌یاند و نه‌یاران و دوژمنانی بێباك كرد.
Top