عێراقێکی بە میلیشیاکراو، دوور لە دەسەڵاتێکی دیموکراسی و پابەند بە بنەماکانی شەراکەت..

عێراقێکی بە میلیشیاکراو، دوور لە دەسەڵاتێکی دیموکراسی و پابەند بە بنەماکانی شەراکەت..
دەیان ساڵە ، میللەتی کورد راھاتووە لە سەر خیانەتی زوڵە کوردان و خۆفرۆشیان و بە کرێگرتووییان لە لایەن رژێمە یەک لە دوای یەکەکان .ھەروەھا راھاتووە لەوەی کە رژێمە یەک لەداوای یەکەکانی عێراق کاتێک لاواز بوونە دەست و داوێنی کورد بوونە و کورد پاڵپشتیانی کردووە بۆ گەرانەوەی کەسایەتییان .ئێستاکەش کە رەوشێکی ئیقلیمی و پاڵپشتییەک بۆ بەغدا لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان دژ بە مافەرەواکانی کورد دروستبۆتەوە ، ئەوا بە خەیاڵی خۆیان بەڵکو کورد بتوانن لە ئامانجە رەواکانیان پاشگە زبکەنەوە .
گەر ھەڵوەستەیەک لە سەر پاوانکردنی دەسەڵات لە لایەن رژێمی شیعی بەغدا و باوەر نەبوون بە مافەرەواکانی کورد و پەراوێزخستنی ھەموو ئەو پرەنسیپانەی کە رەنگدانەوەی شەراکەت، ھاوسەنگی و تەوافوقی نێوان پێکھاتە سەرەکییەکانی عێراق بووە. بێگومان ئەمە یەکێک لەو فاکتەرە ھەرە گرنگانە بووە کە وای کردووە ھەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر سەربەخۆیی و خۆجیاکردنەوە لە عێراق بکات.دوای رووخانی رژێمی بەعس، سەرکردایەتی کورد وای دەبینی کە بە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ و دیموکراسیدا، دەتوانێت دەستەبەری مافە نەتەوەییەکانی بکات، بەتایبەتیش لە بەھێزکردن و پاراستنی پێگەی سیاسی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەما و پرەنسیپی شەراکەتی راستەقینە لە دەسەڵات، دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان و رێگری لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی دەسەڵاتێکی تاکڕەو و خۆسەپێن لە بەغدا کە مەترسی لەسەر ئایندەی ھەرێم دروست بکات.

بەرپرسانی کورد لە روانگەی ئەم قەناعەتەوە، بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا کرد و رۆڵێکی سەرەکییان بینی لە داڕشتن و پەسەندکردنی دەستووری ھەمیشەییدا. بەڵام ھەر لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن پێکھاتەی شیعەوە، بە تایبەت لە سەردەمی نوری مالیکی، ئاماژەکانی پابەندنەبوون بە دەستوور کە خۆی دەبینییەوە لە چەسپاندنی پرەنسیپی شەراکەت، تەوافوق، پراکتیزەکردنی راستەقینەی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و دیموکراسی، بەدەرکەوتن. دەسەڵاتدارانی بەغدا بە شێوەیەکی سیستماتیک ھەموو ئەو پرەنسیپانەی وەک گەرەنتییەک لە دەستووردا دەقنووس کرابوون بۆ رێگرتن لە زاڵبوونی ھەژموونی تاکەکەس، تاکە پێکھاتە و تاکە نەتەوە، لەناویان برد و ھەوڵەکان چڕکرانەوە بۆ ئاراستەکردنی عێراق بەرەو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری، تایفەگەرا و بە پاشکۆکردنی ھەرێمی کوردستان.
ئەو ساتەی کە عبادی باس لە رابردووبوون و نەمانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی کرد ، ئەوا ئەو کاتەیە کە دیکتاتۆر مەزھەبی ل عێراق بە شێوەیەکی ترسناک دەستی پێکرد و کۆتایی بە دیموکراسی ھات .. خۆت و گشت شۆڤێنی و خامنەیی و قاسم سلێمانییەکان باش دەزانن کە ئیرادەی سەربەخۆیخوازی میللەتی کورد لە بەکارھێنانی چەک و جبەخانە و ئابڵوقەی و گەمارۆدانی میللەتی کورد لاواز نابێت .
ھزرو بیر و نێو خوێنی کورد ، پرە لە ھەستی ئازادیخوازی و سەربەخۆیخوازی ، مێژوو راستییەکانی سەڵماندووە کە میللەتی کورد و دڵسۆزانی نیشتمان ھیچ کات چۆکیان بۆ ھیچ کام لە رژێمە یەک لەدوای یەکەکان دانەناوە و بە ئەوەی ئێستاشەوە .گەر ئێستا رەوشێکی ھەستیار و تایبەت بە ھۆی ناپاکی زۆڵە کوردان و پیلانگێری وڵاتانی ئیقلیمی ھاتۆتە ئارٍاوە ، بەڵام مەحاڵەو ئاستەمە ھیچ دیکتاتۆرێک و داگیرکەرێک لەو ئامانجە پیرۆز و مافەرەوایەی کە دەیان ساڵە خەباتی بۆ دەکەین و تێدەکۆشین ساردمان بکەنەوە .

ناکرێت کورد چارەنووسی خۆی بە دەوڵەتێکەوە گرێبدات کە ھیچ ئایندەیەکی دیاری نییە. مانەوەی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی بە میلیشیاکراودا، دوور لە دەسەڵاتێکی دیموکراسی و پابەند بە بنەماکانی شەراکەت، مەزنترین ھەڕەشەیە لەسەر ئایندەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ئەگەر کورد بە شێوەیەکی خێرا ھەنگاو نەھاوێژێت بۆ دوورکەوتنەوە لە بەغدا، ھەموو دەستکەوتەکانی دەکەونە بەر ھەڕەشە و مەترسیی راستەقینە و دەرفەتێکی مەزنیش بۆ سەربەخۆیی لەدەست دەدات.
بۆیە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ، مافە ، ئێمەی کوردیش نەتەوەیەکی رٍەسەن و خاوەن خاکی کوردستانین و زمان و مێژووییەکی دێرینن کە گەر ئێوە بە زەبری جبەخانە و گەلەکۆمەی ئیقلیمی گوشار دروست دەکەن لە سەر میللەتی کورد ، بەڵام کورد دەستبەرداری مافی سەربەخۆیی نابێت و ئەمرٍۆ یا سبەی ئەو مافە بەدەست دێنێتەوە . دیکتاتۆر و کۆیلە و خۆفرۆشانیش دەچنە زبڵدانی مێژوو و ریسوا دەبن ..


Top