ڕووی شاراوەی سۆڤینیەت ( سایکۆلۆژیای پەروەردەیی-مێژوویی-ئایینی)

ڕووی شاراوەی سۆڤینیەت ( سایکۆلۆژیای پەروەردەیی-مێژوویی-ئایینی)
ڕەفتارە نەشرینەکەی ئەفسەرێکی سوپایەکی داگیرکەری شۆڤینیەت لە کەرکووکی بریندار و پایتەختی کوردستان بەرامبەر بە زمانی پیرۆزی کوردی، ئەو زمانەی کە بەر لە زیاتر لە (٤٠٠٠) ساڵ یەکێک لە سەرچاوەکانی وەرچەرخان و پێشکەوتنی زانستی و ئایینی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتی جیھان پێی نوسراوە و بریتیە لە ئاڤێستای زەردەشتیانی ئاریایی، ئەو پەڕی بێ ڕێزی لە کورد و کوردستان و مرۆڤایەتی و شارستانیەت و بەھا ڕەسەنەکانیان بوو.
ئەو حکومەتەی بە پاڵپشتی داگیرکەرانی شیعەی سەفەوی، کەرکووکیان بریندار و داگیرکرد، لە یەکەم چرکە ساتەکان، بە پێچەوانەی دەستوور و بەڵێن و دروشمە درۆینە بریقەدارەکانیان کە دەیانگۆت دێین تا مافەکانی کورد و نەتەوەکانی کوردستان بپارێزین و بدەین، لە یەکەم ڕەفتاری دوور لە ڕەوشتی سەربازی و مرۆڤی دا، جگە لە تاڵانکردنی گۆند و شارەکان، و کۆشتن و سەربڕینی خەڵک، و دواتر قەدەغەکردنی یەکێک لە بنەمایانەی لە کورد و کەسایەتی و کەلتوور و ستراکتوور و فەرھەنگەکەی جیا نابێتەوە و زمانیەتی، پیشانیان دا و سەلماندیان کە ھێشتان بە مەوالی زانینی خەڵک و نەتەوەکان لە مێنتالیتەی عەرەبیزمی شۆڤینی داگیرکەرانی ھەموو مێژوو دا ماوە و نەسڕاوەتەوە و دروشمە بریقەدارەکانیان لە بارەی دیمۆکراسی تەنھا خۆڵ لە چاوکردنی خەڵک و جیھانە.
دەبێ پرسیار بکەین: کۆا ھەڵوێستی زانایانی ئایینی و زمان و وێژەی کوردی؟ ئەو نەتەوەیەی بە درێژایی ھزار و چوار سەد ساڵی ڕابردوو نەک تەنھا لە لایەن کوردەوە فێری زمانی دەبوو، بەڵکۆ بە گەواھی مێژوو ئێمەی کورد عەرەبەکانیشمان فێری زمانی عەرەبیەکەی خۆیانمان کردووە، دەبێ چۆن بیر لە کورد و خەڵک و نەتەوەکانیتر دەکاتن؟
بە پێی بیروباوەرەکانی گەورە زانای جوولەکە، سیگمۆند فرۆید، ئەو شێوازە دەربڕینە لەخۆڕا نیە، و ڕابردوویەکی سایکۆلۆژی و ھزری ناوازە و دەمارگیرانە و شەپرزە و پڕ لە قینی بەرامبەر بە کوردی تیایدا شاراوەیە و ھێزێکی ئەھریمەنی وەھای لە پشتەوەیەتی.
ئەو ئەفسەرە تەنھا یەکێکە لە مەلیۆنەھا عەرەبی ناسیۆنالیستی شۆڤینی خۆبەزل زانی دەمارگیر کە لە ھەلومەرج و ھەڵوێستێکی تایبەت دا دەربڕینی لێوە کرد، بەڵام ئەوانیتر لە ژێر سیبەری پەردەی ڕەشی سیاسەت و ئایین و زانست و کەلتوور و ... ھتد، شاردوویانەتەوە و تەنھا جار جار دەری دەبڕن. نابێ ئەم ھەڵوێستە بە ھەند وەرنەگیرێتن و بێ وڵام بھێڵین بەتایبەت زانایانی زمانەوانی و مافی مرۆڤ و ئەوانیتریش. (کوردستان/ کاتژمێر ٣ و نیوی شەوی ١٧/١٠/٢٠١٧).


*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top