فراكسیۆنی كوردی دژە كوردستان
October 17, 2017
وتار و بیروڕا
كاری پەرلەمانی تائیفیی عێراق بۆتە دژایەتیكردنی كوردستان، لە مەشیاندا سوودی لەو كەلێنەی نێوان حزبەكانی كوردستان وەرگرتووە، چونكە لە خولی 2014 – 2018 ی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد كەوتنە دژایەتیكردنی كوردستان، ئەوەی ئەوانە دەرهەق كوردستان گوتیان و كردیان، رێگەی بۆ پەرلەمانی بەغدا خۆشكرد، بە هیچ شێوەیەك گوێ بە مافی خەڵكی كوردستان نەدات، ئەو پەرلەمانتارانە لەلایەن تایفەگەرییەكانەوە بە عێراقیی دڵسۆز لە قەڵەم دران، لە دوای 2003 ـەوە ئەگەر حزبەكانی كوردستان ناكۆكیش بووبن، لە بەغدا یەكگرتوو بوون، بەڵام لەم خولەی پەرلەماندا زۆرترین بڕیار دژی كوردستان دەركراون، كەچی هەندێ پەرلەمانتاری كورد، یەكدەنگییان لەگەڵ ئەوانەی دژی كورد و كوردستانن وەك دەسكەوتێك پیشان داوە.
دوای 25 ی ئەیلوول و دەنگی نزیكەی 93 % ی دەنگدەرانی كوردستان بە سەربەخۆیی، كەچی ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی یەكڕیزیی كوردیان لە بەغدا تێكدا، هەوڵیاندا هیچ حیسابێك بۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان نەكەن، تەنانەت ئەو رێورەسمەی بۆ پێشوازی لە تەرمی مام جەلال كرا و هەموو خەڵك و لایەنە سیاسییەكان هیوایان خواست ببێتە هەوێنی یەكگوتاریی لایەنەكان، كەچی ئەو پەرلەمانتارانە دەیانگوت لە بەغدا شكایەت دەكەین، چۆن دەبێ تەرمی مام جەلال بە ئاڵای كوردستان بپێچرێت؟ بەغدا تەنیا قسەی ئەو جۆرە پەرلەمانتارانەی وەرگرت، چونكە بوونە بەشێك لە شكاندنی شكۆی خەڵكی كوردستان، بەڵام ئەو جۆرە پەرلەمانتارانە لە خۆڕا ئەو سەنگەرەیان هەڵنەبژاردووە، ئەگەر گڵۆپی سەوزیان لە لایەن حزبەوە بۆ هەڵنەكرابێت، كاری ئەوانە لە بەغدا و هەوڵی حزبەكانیان لە كوردستان، لە شەوی 23 ی ئەیلوول بۆ رێگری لە ریفڕاندۆم و شەوی 12 ی تشرینی یەکەمی 2017 لە رێی چەند بەیاننامەیەكەوە بۆ تەسلیمكردنەوەی كەركووك بە هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەركەوت.
لە پەرلەمانی عێراق جگە لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان، فراكسیۆنێكی رانەگەیەندراویش هەیە كە بریتین لەو كوردانەی بەناوی نوێنەرایەتی خەڵكەوە كەوتوونەتە دژایەتی كوردستان، هەقە پێیان بگوترێت فراكسیۆنی كوردی دژە كوردستان، ئەو بەرنامە لەمێژییە، بەوە گەیشت حەشدی شەعبی لە كەركووك نزیك بێتەوە و چاوەڕێی فەرموویەك لەوانە بكات كە كار بۆ تێكشكاندنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەكەن، بەڵام كەركووكییەكان وەك مەرد لێیان هاتنە دەست و شەقامەكانی ئەو شارەیان پڕ لە خۆبەخش كرد، پێشمەرگەش كەوتە ئامادەباشی، ئاخر كەركووكییەكان ساڵی رابردوو دەیان شەهیدیان دا لێنەگەڕان كەركووك بكەوێتە دەستی داعش، چۆن لێدەگەڕێن بكەوێتە دەستی حەشدی تایفی، ئەرێ پێم ناڵێن جیاوازی داعش و حەشد لە چیدایە؟!