پێشمەرگە، ئیرادەی میللەتی كورد ،لەگشت هەرٍەشە وپیلانەكان بەهێزترە
October 16, 2017
وتار و بیروڕا
كورتكردنەوەی كوردستان وكورد لە پێشمەرگەدا لە جێگەی خۆیدا نیە، بەڵام دەڵێم ئەم هاوكێشەیە بەرهەمی لۆژیكیانەی جیۆپۆلۆتیكی كوردستانە لە ناوچەكەدا كە بەستراوەتەوە بە پەیوەندیەكی لاسەنگی نێوان هێزەكانەوە كە ڕەنگدانەوەی واقیعە، ئەو واقیعەی كە كوردستان لەلایەن چەند دەوڵەتێكەوە داگیر كراوەو مافە مرۆیی و نیشتیمانیەكانی پێشێلكراوە . ئەو دەوڵەتانە تەنها بە لۆژیكی هێز مامەڵە لەگەڵ كورد و مافەكانیدا دەكەن، ئەو لۆژیكەش شەڕو كۆمەڵكوژی و وێرانكاری و جینۆسایدی لێ كەوتۆتەوە بەهەموو شێوەكانیەوە لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانیوە ئیرادەی كورد لەناو بەرن و لە كوردستان جیای بكەنەوەو دایببڕن . ئەو ئیرادەیە بەرەنگاریان بۆتەوەو داكۆكی كردوەو قوربانیداوە . ئەو ئیرادەیە پێشمەرگەیە كە لە مێژووی خەبات و بەرەنگاربوونەوەدا خۆی مێژووە و خاوەنی ڕوداوی مێژووییە كە مێژووی بزافی ڕزگاریخوازی كوردستانە، ڕۆڵ وهێزی خۆی هەیە و تایبەتمەندی خۆی لەناو سەنگی هێزەكاندا سەلماندوە كەڕەچاوكراو حساب بۆ كراوە . پێشمەرگە كە ئیرادەی كوردە لەپاراستنی كوردستان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی كورددا شەرعیەتی نەتەوەیی و مۆركی نیشتیمانی و سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتی هەیەو خاوەنی دیدگاو بیرو ڕەفتاری نەتەوەیی و نیشتیمانیە كەلە كوردایەتیدا بەرجەستەیە، بە خەسڵەتەكانی ڕاستگۆیی، بوێری، دەست و داوێن پاكی، متمانە، دڵسۆزی ولەخۆبوردەیی ناسراوە . پێشمەرگە هێزە، دەسەڵاتە، سەرمایەیە، سەروەریە، پێناسەو هەوێنی سەربەخۆی كوردستان و ئازادی كوردە .
ئەو سەنگەرانەی دێتە بەرچاو كە بە درێژایی ساڵانی خەبات خوێنی پێشمەرگەی تێدا رژاوە و، دیمەنی ئەو وڵاتەی دێتەوە بەرچاو كە گەلەكەی بە جیاوازیی ئایین و نەتەوەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی كوردو كوردستانی بوون، خاكەكەی سووتماك كراوەو گەلەكەی ئەنفال و كیمیاباران و ژینۆساید كراوەو مزگەوت و كەنیسەو پەرستگاكانی وەك یەك كاول كراون و لەگەڵ زەوی تەخت كراون، لەسەر وێنای ئەم دیمەنە تراژیدییانەوە بە دەنگێكی بەرز ئێمە رووبەڕووی پرسیارێكی ناخهەژێن دەكاتەوە و پێمان دەڵێت: ئەوە تەنیا پێشمەرگە نییە كە بۆتە قوربانی ئەم خاك و نیشتمانە، بەڵكو هەر تاكێك لەسەر ئەم خاكە ژیابێت، ئایین و نەتەوەكەی كورد بووبێت، یان نەتەوەیەكی دیكە بووبێت وەك توركمان و كلدوئاشووری، یان موسڵمان بووبێت ئەوجا سوننە بووبێت، یان شیعە، كریستیان بووبێت، یان ئێزیدی، یان هەر ئایینێكی دیكە، ئەوا لە چاوی رژێمە یەك لەدوا یەكەكانی عێراقدا وەك تاوانبار سەیر كراوە، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد و كوردستانی بووە، بۆیە هەتا ئێمە بەزۆر بەشێك بین لەو دەوڵەتەی پێی دەگوترێت (عێراق) ئەوا هەمیشە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ناسنامەی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان هەر دەمێنێت، لەم چوارچێوەیەدا گرنگە، كوردستانییان بە جیاوازیی ئایین و نەتەوەوە یەكدەست و یەكڕیز و یەكهەڵوێست، ئەم چەوسانەوەو زوڵم و غەدرە بە دەنگدانی بەڵێ و هەنگاوهەڵگرتن بۆ سەربەخۆیی كوردستان كۆتایی پێ بهێنن.