پێشمەرگە، هەڵگری پەیامی یان كوردستان یان نەمانە
October 15, 2017
وتار و بیروڕا
ئێمەی كورد وەكو نەتەوەیەك لە نێو كایەو بەهایەكی شارستانێتی ڕۆژهەڵاتیدا دەژین كە سنوورەكانی گەشە سەندنی سیاسی وئابووری وتەنانەت ڕۆشنبیری وكۆمەڵایەتیش دوا جار دەڕژێنە نێو كۆمەڵێك سنووری بیركردنەوەی دیاری كراوەوە، كە هەر لە سەرەتاوە بەرەو ڕووی هەنگاوەكانی گەشەسەندن دەبنەوە، لە دووتوێی نەك تەنها ئەو گەشە سەندنەدا بەڵكو لە گەشەسەندنی بیركردنەوەو خوڵقاندنی جیهانێكی نوێدا، كاركردن بۆ خەونی نەتەوەیی كورد لە نێو ئەو سنوورانەدا بۆ ماوەی سەد ساڵە هەوڵە یەك لە دوای یەكەكانی تەنها بۆ گەیشتن بووە بەو ئامانجەی كە مرۆڤی كورد خاوەنی بیركردنەوەو كەسایەتی وشوێن وژیانی خۆی بێت، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەو ڕاستیەی كە ئێمەی كورد هەمیشە لەو مێژووەدا بە دوای ئازادی وكەسایەتیی خۆماندا گەڕاوین وئێمە لە نێو دنیایەكی سەربەخۆو ئارام وبێ كێشەو خاوەن كەسایەتیدا.
كەسایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی لە بڕگە مێژووییە هەرە هەستیارەكانی نەتەوەی كورددا پێش وپاش بوونی بە سەرۆكی هەرێم كەسایەتیەك بووە لە زۆرینەی ڕووداوەكاندا، سەركێشیی نەتەوەیی كوردی نواندوە لەو بڕیارو ڕووداوو گۆڕانكاریە سیاسیانەی كە بە سەر كوردا هاتوونە و ویستراوە بسەپێندرێنە سەر كورد، ئەمەش مانای ئەوەنیە لەو مێژووەدا هەموو كارەكان وهەموو هەڵوێستەكان بە ڕاستە ڕێ وبێ هەڵەی سیاسی تێپەڕ بوونە،كە بەرچاوترین یان پێداگری لەگەڵ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوو لە پێناو رەتكردنەوەی ژێر دەستی و پاشكۆیی میللەتی كورد.
ساڵی 1988 لەو كاتەی ڕژێمی بەعس پلانێكی وای بە دەستەوە بوو كە گەل وخاكی كوردستان لە ڕەگەوە لە ناوببات، وكوردستان بكاتە زەویەكی بێ ژیان لە مرۆڤ وخاكەكەشی بكاتە خاكێكی سوتاو و خەریكی جێبە جێكردنی بوو لە هێرشە سوپاییەكانی ئەنفالدا و لە میدیاكاندا باسیان لەوە دەكرد مەسەلەیەك نەما لە عێراقدا بە ناوی مەسەلەی كوردەوە. شەڕی خواكوڕك ئەو شەڕە بوو كە تێكڕای هیواو خواستە رەش و شۆڤێنیەكانی بەعسی سەرەولێژ كردەوە، هیوایەك بوو لە خاكێكی تاریك وتنۆك،، ئەو هەڵوێستە ئەو ڕاستیەی سەلماندەوە كە تاقە كوردێك لە ژیاندا مابێت ئەوا مەسەلەی كورد لە ناو ناچێت، ئەو خەونە چەپەڵەی بەعسی لەناو برد كە دەیویست گەلی كوردستان لە خاكەكەی چۆڵ كات، ئەم هەڵوێستەی ئەو تازە نەبوو بەڵكو هەمان هەڵوێستە لە بڕگەیەكی تاریكی مێژووەكەماندا لە كۆچڕەوە ملیۆنیەكەی كوردا ساڵی 1991 وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریكا بۆ ئەوە دەچوون كە ئاوارەكانی كورد لە ژێر خێمەو لە چەند ناوچەیەكدا نیشتەجێ بكرێن، لە سەر سنوورەكانی عێراق ئەوە هەڵوێستی مسعود بارزانی بوو كە نوشوستیی بەم پلانە هێنا كاتێك گوتی یا هەموومان دەمرین یاخود دەگەڕێینەوە شارو گوندەكانمان.
گەلی كوردستان لە ژیان لە نێو هێلی 36 ەوە بووە خاوەن حكوومەتێكی فیدراڵ ونیمچە سەربەخۆ، لە وڵاتێكی ئابڵوقە دراوی ئابووریەوە بووە خاوەن داهاتێكی ئابووریی پتەو، پەیوەستەكانی لە پەیوەستی مرۆڤایەتی خوازانەو هاوكاریەوە گەیشتنە گۆڕینەوەو بازرگانیی ئابووریی هاوبەش، لە سیاسەتی مرۆڤایەتی وبەزەیی پێدا هاتنەوەوە گواسترایەوە بۆ قۆناغی گۆڕینەوەی كونسولخانەو نووسینگەی هاوبەش، وخاوەن فڕۆكە خانە، لە خەتێكی پاراستن و ناسەقامگیری پاراستنیەوە بووە خاوەن سوپایەكی بە هێز، لە خاوەن شاروگوندی وێران ودوا كەوتوەوە گەیشتە بنیات نانی گوندو شاری مۆدێرن، لە نەتەوەیەكی ئابڵوقە دراوی ڕۆشنبیریەوە بووە خاوەن دەیان تۆڕی زانستی وجیهانی، لە خاوەن ئاستێكی ئابووریی وێرانەوە گەیشتە پیشەسازیی دەرهێنان وڕەوانە كردنی نەوت، لە سەرجەمدا هێڵێكی بیانیی گەشە سەندنی مێژوویی هەیە كە وێڕای كەلەبەرو گرفت ولادانە نەویستراوەكان گەشە دەسەنێ وبەرەو سەرەوە دەچێ ئەمەیە مەسەلەی چارەنووسی كوردو دەركەوتنی دەوری كەسایەتییەك لەو گەشەسەندنانەدا. لەو باوەڕەدام ئەم چارەنووسەو بەرپرسیارێتیەكەی دەربڕین لەوە دەكات كە پرۆسەیەكی سیاسی ومێژوویی هەیە كە پێویستیی بەوەیە بەردەوام بێت كە پێویستیی بەوەیە گەشەی پێبدرێت، كە پێویستیی بەوەیە لەوە بگەین، كە لە توانای هەموو كەسایەتیەك نیە كە بتوانێت ئەم بارە قورسەی مێژووی كورد بخاتە سەر شانەكانی.
لە ئێستادا كە ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغی دەوڵەتبوون هەنگاویی ناوە و نەیارانی كورد،بە هەمان عەقڵییەتی رابردوو و شۆڤێنزمانە و خۆپەرەستانە رووبەرووی خواستی سەربەخۆیخوازی میللەتەكەمان بوونەتەوە ،سەرۆك بارزانی بە ئیرادەی لە بن نەهاتوویی میللەتەكەمان رووبەرووی هەرٍەشە نەیارانمان بوونەتەوە و سازش لە سەر بستێك خاك و پاشگەزبوونەوە لە سەربەخۆیی كوردستان ناكات ..