لەگەڵ درووست بوونی حەشدی شەعبی گوتم:ــ دوای داعشی سوننە نۆرەی حەشدی شەعبی شیعەیە

لەگەڵ درووست بوونی حەشدی شەعبی گوتم:ــ دوای داعشی سوننە نۆرەی حەشدی شەعبی شیعەیە
بە هەموو پێوەرە سیاسی و مێژووییەکان کورد لەدوای شەڕی داعشی سوننە مەزهەب شەڕێکی تری لە پێشە و ئەویش شەڕی حەشدی شەعبی شیعە مەزهەبە، هۆکاری هەموو ئەو شەڕانەش کە کورد لەگەڵ رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و ئێستا لەگەڵ داعشی سوونە و سبەینێ لەگەڵ حەشدی شەعبی شیعە دەیکات، سووربوونی کوردە لەسەر بەدەستهێنانی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان و لەولاشەوە زەوتکاری و سیاسەتی نەگۆڕی ئەوانی عەرەبە بۆ لەناوبردنی کورد بە هەر ناوێک و لەژێر هەر بەرگێکدا خۆیان دەرخەن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجەو پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێ، کورد لە سیاسەتی دوژمنناسیدا ناگەڕێتەوە بۆ مێژوو، ئەوە لە کاتێکدایە بەردەوام و بە چەندین شێوەی جیاواز عەرەب سیاسەتی لەناوبردنی لەسەر تاقیدەکاتەوە.
هەرچەندە کورد لە شەڕی داعشدا زیانێکی زۆری بەرکەوت، بەڵام ئەو شەڕە لەگەڵ هەموو زیانەکانیشی سوودێکی زۆریشی بە جووڵانەوەی کوردایەتی گەیاندووە، سەرکەوتنە سیاسی و سەربازیەکان نەک هەر پرسی کوردیان چەند قۆناغێک بردە پێش، بەڵکو دەرگا داخراوەکانی بە رووی کورددا کردنەوە و ئاراستەی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکانیشی گۆڕین، بۆ سەلماندنی ئەو راستییەش هەوڵدەدەین سوودە سیاسی و سەربازییەکانی کورد لە شەڕی داعشدا لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چڕ بکەینەوە.
1ــ جارێکیتر ئەو راستییە بۆ هەموو لایەک دەرکەوتەوە کە عەرەب بە هەر ناوێک و لەژێر هەر بەرگێک دابێ هەر عەرەبەو ئامانجیشی لەناوبردنی کوردە، بۆیە ناکرێ چیتر کورد لە چاوەڕوانی بانگەشەی برایەتی عەرەبدا خۆی بە گورگان خواردوو بدات.
2ــ کورد تا شەڕی داعش بە گومانەوە لە دۆستایەتی و پشتیوانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەڕوانی، ئەوەش گومان و دڵەڕاوکێی لای سەرکردایەتی سیاسی کورد و شەقامیش درووست کردبوو، بەڵام شەڕی داعش و پشتیوانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەو گومانەیان رەواندەوە.
3ــ رووداوەکانی شەڕ و هەڵوێستی دژە کوردانەی داعش دەریانخست کە عەرەب چ شیعە یان سوننە دژی ئەو رەوتە دیموکراسیەن کە گەلان لە سایەیدا دەتوانن بە ئازادی بژین و بڕیار لەسەر مافی چارەنووسی خۆیان بدەن.
4ــ بەرگریەکانی پێشمەرگە و سیاسەتی سەرکەوتووانەی سەرۆک بارزانی پرسی کوردیان وەک پرسێکی نەتەوەیی بردە ناو بڕیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوەش بە شێوەیەک پێگەی کوردی بەهێز کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەرخەت و لە رووی مرۆیی و سەربازییەوە راستەوخۆ کۆمەک و هاوکاری کورد و ئەزموونە دیموکراسییەکەی بکەن.
Top