چەند ڕۆژی ڕابردو کوردستانیان بۆ کۆچی دوایی بەڕێز جەلال تاڵەبانی خەمباربوون و جگە لە ئاستە کۆمەڵایەتیەکە،لە ئاستی کەسایەتییە سیاسیە نێوخۆیی و هەرێمیەکانیش بۆ ئەو پرسە هاوخەمی دەربڕا،لە نێو ئەو پەیامانەدا ئەوەی جیاواز و جێگای سەرنج بوو ووتاری نێچیڕڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو،ئەو سەرکردە بە تەمەن گەنج و بە ئەزمون دەوڵەمەندەی کە جگە گێڕانەوەی چەند سەربوردەیەکی پڕ وانە هاوکات تیشکی خستە سەر چەند لایەنێکی ژیانی مام جەلال و باسی لە پەیوەندی و متمانەی نێوانیان کردەوە.نێچیرڤان دوور لە نەفەسی کورتی حزبایەتی نەیشاردەوە کە مام جەلال وەک سەرکردەیەکی کورد خاوەنی کۆمەڵێک خەسڵەت بووە کە بۆ ئەو جێگای گرنگی و بایەخ بووە.نێچیرڤان بارزانی کە کاری دوورمەوداو ستراتیژی کردۆتە ئەولەویاتی کارەکانی ئەوە وای کردبوو زۆرجار دوای دیدارەکانی لەگەڵ مام جەلال لە چوارچێوەی کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی،مام پێی دەوت (کاک نێچیرڤان ئاگات لە پیاوی فەقیر بێت) گەرچی چەندین جار وەک دوو کاراکتەری سیاسی ئەو ڕستەیان بەرامبەر یەکتر بەکارهێناوە بەڵام متمانەی مام بە کاک نێچیرڤان وایکرد تەنانەت دوو ساڵ پۆستی سەرۆکی حکومەت بداتەوە پێی.دواترو لەکاتی هەناردە کردنی نەوتی کوردستان کە ئەندازیارەکەی نێچیرڤان بارزانی بوو،مام لەگەڵ سەرۆک بارزانی پێکەوە یەکەم هەنگاوی هەناردە کردنی نەوتیان نا،ئەوە خۆی لە خۆیدا ئاماژەی بەهێزی نێچیرڤان بارزانی و سەنگی قورسی بوو لای مام جەلال و جەنابی سەرۆک.دواجارپەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی تەنها هاوخەمیەک نەبوو بەڵکو وانەیەک بوو بۆ هەمووان تا لێیەوە فێربین ڕێز لە پیاوە گەورەکانی بگرێت ئەگەر لە حزبێکی تریش بێت،هاوکات تەئکیدکردنەوە بوو لە پاراستنی یەکڕیزی و وەبەرهێنانەوەی خەبات و ماندوبونی ئەوانەی دوێنێیان کردە تیشک بۆ ڕوناک کردنەوەی ئەمڕۆ.